هاووڵاتی یاخود تاکەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگە لەسەرەتای ژیانییەوە دوای لەدایکبوون و تێپەڕبوون بە قۆناغەکانی منداڵی و گەورەبوون و کامڵبوون و پیری و تەنانەت قۆناغەکانی کۆتایی تەمەن و مردن، پێویستی بە شکۆیە.
شکۆ لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی هاووڵاتی لە سەرجەم ئاستەکانی ژیاندا بەتایبەت ژیان و گوزەرانی رۆژانە و لایەنی کۆمەڵایەتی و خوێندن و تەندروستی و خواردن و چاودێری خێزان و پێدانی مووچە و سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و نیشتەجێبوون پێکهێنانی خێزان و دەستکەوتنی ئیش و سەفەرکردن، سەرەتایترین مافن کە بۆ هاووڵاتی دابینبکرێت.
کورد زۆر دەمێکە خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و رزگاربوون لە زوڵمی ستەمکار و رژێمی دیکتاتۆری داگیرکەر، لەم پێناوەدا سەدان قوربانی جۆراو جۆری داوە و هەزاران گیانی پاکی رۆڵەی بەئەمەکی پێشکەشکردووە بۆ رزگارکردنی خاکی پیرۆزی نیشتمان و هاووڵاتییانی، خۆشبەختانە ئێستادا تاڕادەیەکی بەرچاو کێشەی نەبوونی ئازادی نەماوە و خەڵک ئازادە لە ژیان و بیرکردنەوە و هەڵبژاردن و دەربڕیندا، کێشەی پاکتاوی نەژادی نەماوە، كێشەی راوەدوونان و روخان و کاولکاری و راگواستنەوە و کوشتن و بڕین و بەزۆر بە عەرەب کردن نەماوە.
لە دوای بەدەستهێنانی ئازادی ئێستا گەورەترین کێشەی هاووڵاتی نەبوونی نان و خراپی ژیان و گوزەرانە، بە جۆرێک ئاستی ژیانکردن دابەزیوە تەنانەت هاووڵاتی شکۆی لەدەستداوە.
بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ هاووڵاتی پێویستمان بە هەوڵ و تێکۆشانی بێ ووچانی خەمخۆر و دڵسۆزەکانە چ وەک تاک لە کۆمەڵگەدا یاخود وەک حزب لە حکومەتدا.
ئێستا کاتی ئەوە نییە پەنجەی تاوان رابکێشین بۆ کەمتەرخەمان، چونکە هاووڵاتیان ژیرن و زۆر باشدەزانن کێ بەرپرسیارە لەم دۆخە.
ئێستا کاتی کارکردنی جدیە، کاتی دانیشتن و سەرزەنشت و گلەیکردن نییە، ئێستا کاتی ئەوەیە دڵسۆزەکانی خاک و نیشتمان، شۆڕشگێرەکانی رۆژە سەختەکان، خەمخۆرانی هاووڵاتی کورد ئەوانەی هەڵقوڵای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانن، خوێندکارەکانی سەرۆک مام جەلال، ئەو کەسانەی خەباتیان کرد بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، میللەتەکەیان لەژێردەستەیی و چەوساندنەوە رزگارکرد، ئەوان ئاوڕێک لە دۆخی ناهەمواری هاووڵاتیان بدەنەوە و بزانن کە بۆچی ئازادی هەیە و نان نییە، رزگاری هەیە و خزمەتگوزاریی پێویستی رۆژانە نییە.