رایخی سێیەم یەکێک بوو لە ئیمپایەرە هەرە گەورەکانی مێژووی نوێ.
ئەم ئیمپایەرە چەندەها وڵاتی لە خۆ گرتبوو. نوێترین چەکی ئەو سەردەمەی هەبوو، هاووڵاتیانی ئەوکاتی ئەڵمانیا بە ئایدۆلوجیەتێکی بەهێزەوە بۆ وڵاتەکەیان دەجەنگان.
خەونی هێتلەر دروستکردنی وڵاتێکی بەهێزی ئەڵمانی بوو لە هەمانکاتدا کۆڵۆنیاڵی چەندەها وڵات بێت. رەچەڵەکی ئاریا زاڵ بکات بەسەر هەموو رەچەڵەکەکانی تردا.
هێتلەر توانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تا باکووری ئەفریقا و بەشێکی زۆری خاکی روسیاش داگیربکات.
زۆرێک لەو بڕوایەدان کە هێتلەر کاتێک بەرەو روسیا بەڕێ کەوت، بەو رۆیشتنە روخانی ئێمپایەرەکەی خۆی واژۆ کرد، بەڵام لە راستیدا ئەگەر هێتلەر بیتوانیایە لە شەڕی نورماندی سەرکەوتووبێت هەرگیز و بەو خێراییە شکستی نەدەهێنا.
نورماندی دەروازەی روخانی هێتلەر
70 ساڵ بەر لە ئێستا گەورەترین شەڕ دەستیپێکرد کە مێژوو تا ئەوکاتە شەڕی وای بەخۆیەوە نەیبینیبوو.
ئەم رۆژە لە مێژوو دا بە D-Day ناودەهێنرێت.
لە 1944/6/ 6سەربازەکانی هاوپەیمانی ئەوکات، دژ بە رایخی سێیەم لە سەعات 4ی بەیانی لە کەناراوەکانی فەرەنسا لە نۆرماندی دەستیان بە هێرش کرد.
بەشێکی زۆری سەربازانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەوە بە پەڕەشووت خۆیان هەڵدایە خوارەوە. سەربازە ئەڵمانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئاسمان لەبەر پەڕەشووتی سەربازان رەشی کردۆتەوە.
لە لایەکی تریشەوە بە بەلەمی جەنگیی بچووک سەربازەکان لە کەشتییە سەربازییەکانەوە دەگوازرانەوە بۆ کەنار دەریا.
زیاتر لە 156 هەزار سەرباز لەو رۆژەدا گەیشتنە کەناراوەکانی نۆرماندی.
7000 کەشتی لەو هێرشەدا بەشدار بوو هەروەها 11هەزار و پێنج سەد فڕۆکە.
«OK, leat›s go» بەم رستەیە ئایزەنهاوێر «Eisenhower» سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا هێرشەکانی نۆرماندی دەستپێکرد.
سەربازە ئەڵمانییەکان لەناو سەنگەرەکاندا خۆیان حەشاردابوو، چەکی قورسیان پێ بوو بۆ روبەڕوبوونەوەی سەربازانی هاوپەیمان.
هاوپەیمانەکان کە لە ئاسمانەوە و لە دەریاوە دەگەیشتنە کەناری دەریا دەرفەتی خۆ حەشاردانیان نەبوو.
بەو جۆرەش رووبەڕووی چەکی ئەڵمانەکان دەبوونەوە.
ئەڵمانیا تازەترین جۆری زرێپۆشی هەبوو ئەم زرێپۆشانە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی هێتلەردا بوون.
لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکان فەرماندە ئەڵمانییەکان داوای روخسەتی بەکارهێنانی زرێپۆشەکانیان کرد. بۆ ئەو مەبەستەش چەندەها بروسکەیان کرد بۆ نووسینگەی هێتلەر.
خەونی گەورەی هێتلەر بە خەوی خۆی لەناو چوو
لە بروسکەکاندا داوای دەستبەجێ بەکارهێنانی زرێپۆشەکانیان دەکرد و لە ئەگەری بەکارنەهێنانیان مەترسی بە دۆڕانیان دەخستەڕوو.
بەڵام لەو کاتەدا کە بەرەبەیان بوو هێتلەر لەخەوێکی قووڵدا بوو.
هیچ کەسێک بوێری بەخەبەرهێنانەوەی هێتلەری نەدەکرد.
سیڤین ئیمبروز مامۆستا لە زانکۆی نیوئۆلنز لە بابەتێکیدا بە ناوی ساحلەکانی ئۆماها باس لەو خەوی هتلەر و گۆڕینی رێرەوەی مێژوو دەکات.
جیهانی ئەمڕۆ بە چ چەشنێک دەبوو گەر ئەڵمانیا جەنگی جیهانی دووەمی ببردایەتەوە. گەر یەکێک لە هاوکارەکانی هێتلەر بوێری لە خەو هەڵسەتاندنی هێتلەریان هەبوایایە.
گەر هێزی ئەڵمانیا زرێپۆشەکانی بەکار بهێنایە هاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی سەربازانیان لە سەنگەرەکانیانەوە ئەوا هەرگیز هێزی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و کەنەدا نەیدەتوانی پێ بخاتە سەر کەنارەکانی نۆرماندی.
ئەوە دەستپێکی شکستی سەربازی رایخی سێیەم بوو.
هەموو رووداوێکی مێژوویی وانەیە و دەبێت دەرس لێوەربگیرێت.
لەم باسە مێژووییەوە دەمەوێت وێنەی رووداوەکانی مێژوو بگوێزمەوە بۆ کوردستان و باسی لای خۆمان بکەم.
لەم هەرێمەی ئێمەدا زۆرێک لە سەرکردەکان لەناو کۆشکەکانیاندا خۆیان حەشار داوەو دابڕاون و بەئاگا نین لە کێشە و گوزەرانی خەڵک.
ئەوان لە خەوی غەفڵەتدان و کە بەخەبەریش دێن، دروشمی بێ عەمەل و کۆن دەفرۆشنەوە بە میللەت، ئەوان بێ ئاگان لەوەی ئاسۆی هاووڵاتیان بە سەدان قەیران تاریک بووە.
هاووڵاتیان لەتاو قەیران و نادادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان چیتر لە سەنگەری پاراستن دا نابن.
دروستکردنی دوژمنی وەهمی بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان، قەیرانەکان زیاترو زۆرتر دەکات.
کوردستان لە دۆخێکی قورس و سەختایە، دۆست بەدەست ئەزموونەکەوە نەما، چونکە دیموکراسی پاشەکشەی کرد و گەندەڵی زیاتر بوو، ژیانی هاووڵاتیان خراپتر بووە. هیوای گەنجەکان بە هەرێم زۆر دابەزیوە تا ئاستی نەمان.
بڕیار بەدەستانی کوردستان یان خەوتوون و یان خۆیان بێ خەبەر دەکەن لە بارودۆخی سیاسی ئەزموونی کوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.
یەکێکی بوێر و زەنگێکی بەهێز پێویستە کە سەرکردەکان لە خەو هەستێنێت پێش داڕمانی
تەواوەتی هەرێم.