بێدەسەڵاتی وەرگیراو

09:40 - 2025-05-05
پ.د. سابیر بۆکانی
46 خوێندراوەتەوە

بێدەسەڵاتی یان لەدەستدانی باوەڕ و توانای رووبەڕووبوونەوە، وەک دیاردەیەكی سایكۆلۆجی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووە و لەئێستاشدا لای زۆربەمان بەدی دەکرێت. كاردانەوەی مرۆڤ سەبارەت بەبێدەسەڵاتی، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر و لە هەڵوێستێكەوە بۆ لەهەڵوێستێكی تر دەگۆڕێت. بێدەسەڵاتی وەرگیراو هەندێجار تایبەتە بە دۆخێكەوە‌و هەندێجاری تر بۆ تێكڕای هەڵوێستەكان، پەل دەكێشێت. 
بێدەسەڵاتی وەرگیراو شێوازێكی رەفتاركردنە، تاكەكەس لەدوای رووبەڕووبوونەوەی چەندبارە لەگەڵ هەڵوێستێكی نەخوازراودا ئەنجامی دەدات، ئەم دیاردەیە پەیوەستە بەئاستی باوەڕی تاك بەتوانای خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی‌ و كۆنترۆڵكردنی هەڵوێستەكانی بەردەمی. ئەگەر دەستەوەستان بێت‌ و هەوڵی هەڵاتن ‌و دووركەوتنەوە بدات، دەكرێت بوترێت: كەسەكە فێری بێدەسەڵاتی بووە یان بێدەسەڵاتی وەرگرتووە. 
مارتین سیلێگمان  یەكەم كەس بوو ساڵی 1967 لە چوارچێوەی گرنگیدانی بە خەمۆكی، لەم دیاردەیەشی كۆڵیوەتەوە. ئەو كەسەی لە بینینی رووداوەكاندا لێكدانەوەی رەشبینی هەیە‌ و هەمیشە بەشێوەیەكی نەرێنی بیانبینێت، رەنگە بەدەست خەمۆكی‌ و بێدەسەڵاتی وەرگیراوەوە بناڵێنێت، یاخود ئەو كەسانەی رووداوەكان وا دەبینن كە كۆنترۆڵكردنیان دژوار و مەحاڵە، ئەمانە هەندێك نیشانە بەدروستی دەروونی ‌و جەستەییانەوە دەردەكەوێت‌ و لەوانەیە بەدەست نائارامییەوە بناڵێنن ‌و تووشی شڵەژانی سۆزداریی ‌و شەڕەنگێزی ببن‌ و بەزەحمەت بتوانن كاری مەعریفی ئەنجام بدەن‌ و دەستەوەستانن لەگۆڕینی رەفتارە نا تەندروستەكانیان وەك كەمتەرخەمی لە سیستەمی خۆراك ‌و وەرزشكردن ‌و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی. زۆرجار لە پۆلی خوێندندا بێدەسەڵاتی وەرگیراو بەدی دەكرێت، ئەو فێرخوازەی شكست دەهێنێت ‌و دەرناچێت، بەو دەرئەنجامە دەگات كە چیتر ناتوانێت رەوشەكەی بەرەو باشتر ببات، هەر ئەمەیە رێی لێدەگرێت واز لە هەوڵەكانی بۆ سەركەوتن بهێنێت، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت ئەوا بێدەسەڵاتییەكەی زیاتر دەبێت‌ و بەردەوام شكست دەهێنێت ‌و رێزگرتنی خود لەدەست دەدات‌ و بەرەو هەڵدێر دەچێت. 
دەركەوتووە فەرامۆشكردن‌ و مامەڵەی خراپ لەگەڵ منداڵدا، دەبێتە یەكێك لە ڕواڵەتەكانی بێدەسەڵاتی وەرگیراو، بۆ نموونە: كاتێك دایك ‌و باوك پێیانوایە منداڵە گریاوەكەیان بۆ ژیر ناكرێتەوە، ئیدی زۆر بە ئاسانی واز لەهەوڵەكانیان دەهێنن‌ و هیچ شتێكی بۆ ناكەن، ئەم بێدەسەڵاتییە وەرگیراوەش نێگەتیڤانە كاردەكاتە سەر دایك‌ و باوك‌ و منداڵەكەش. كاتێك لە ژینگەیەكی ئەزموونیدا بێدەسەڵاتی وەرگیراو هانبدرێت‌ و كارا بكرێت، چەندین رێ‌ و شوێن هەیە بۆ كەمكردنەوەو نەهێشتی، هەندێجار بەتێپەڕبوونی كات خۆبەخۆ بێدەسەڵاتی وەرگیراو كۆتایی دێت، چارەسەریش بەهێزكردنی بەرگری مرۆڤە دژ بەو وێناكردنەی كە رووداوەكانی بۆ كۆنترۆڵ ناكرێن، لەڕێی زیادكردنی هۆشیارییەوە بە ئەزموونەكانی ڕابردووی خۆی كە پێشتر چۆن توانیویەتی ئەنجامی دڵخوازی خۆی بەدی بهێنێت. دەكرێت لەڕێی چارەسەری مەعریفییەوە كەسەكە بەو بڕوایە بگەیەنرێت كە كردەوەكانی دەتوانن گۆڕانكاری بهێننە ئاراوەو رێزگرتنی خودی لەلا بەهێز بكرێت. رەنگە لەسەرەتادا چارەسەرەكە قورس بێتە بەرچاو، بەڵام وردە وردەو لەگەڵ هاوكاریكردندا دۆخی ئەو كەسانەی لە بێدەسەڵاتی وەرگیراودان، بەرەو باشتر و باشتر دەچێت ‌و كۆتایی پێدێت.   

وتارەکانی نوسەر