کۆمێنت

12:01 - 2022-06-23
شیرین. ک
312 خوێندراوەتەوە

(11)

تەپڵی تەنەكە

تەنیا دوو كتێبی نووسەری ئەڵمانی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی (گۆنتەر گراس)م خوێندۆتەوە، رۆمانی (تەپڵی تەنەكە) كتێبی (سەدەی من) كە یاداشتنامەیە، رۆمانی (تەپڵی تەنەكە) بە یەكێك لەو شاكارە جیهانیانە دادەنرێ كە بەناوازەترین شێواز گوزارشتی لەدووەم جەنگی جیهانی كردووە.
یەكەم كۆمێنتم لەبارەی رۆمانەكەوە (رۆماننووسەكان حیكایەتەكانی جەنگ تۆمار دەكەن و دەیگێڕنەوە لە دیدگا و لەسەر زاری سەربازەكان، شۆڕشگێڕان، جەللادەكان، تەنانەت شەهیدەكان، هەروەها ژنان، پیاوان، مناڵان، بەڵام گێڕانەوەی رووداوەكان لەسەر زاری مرۆڤێك كە وەكو جەستە و دەروونیش نەخۆش و سەقەتە، ئەمە ئاماژەیە بۆ زۆر شت یەكێك لەوانە شێواندنی ئەو نەوانەی لە سەردەمی جەنگەكاندا دەژین!!). 
(ئۆسكار-ی كاركتەری سەرەكی رۆمانەكە مناڵێكە گەورە بوون و گەیشتن بەجیهانی گەورەكان رەتدەكاتەوە، بۆ؟! چونكە لەسەردەم و جیهانێكی زۆر ناشیریندا لەدایك بووە كە سەردەمی جەنگە، باوكی و گەورەكان و دنیاكەیان رەتدەكاتەوە بەخۆیان و جەنگ و هەموو چاوچنۆكی و دزێویانەوە!!)
لە شوێنكی تردا نووسیوومە (گراس دوای تێپەڕینی دەیەیەك بەسەر كۆتاییهاتنی جەنگدا رۆمانەكەی نووسیوە، ژیانی هەرزەكاری و لاویی خۆی لەژێر سایەی رژێمی نازیدا بنەماو هێڵی سەرەكی رۆمانەكەیە، بێئەوەی رۆمانەكە ببێتە یاداشتنامە، توانیوێتی پارێزگاریی لەو هێڵە نەبینراوەی نێوان یاداشتنامەو رۆمان بكات).
گەلێك تێبینی و چەندین كۆمێنتم لەبارەی رۆمانەكەوە نووسیووە، بۆیە دواجار خوێندنەوەیەكم بۆ رۆمانەكە كردووە كە لە گۆڤاری (ئایندە)ی ساڵی 2001دا بڵاوكراوەتەوە،
 گۆنتەر گراس ساڵی 1999 خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا، دەبوو زۆر لەوە زووتر ئەو خەڵاتە وەرگرێت، هەموو رۆمان و شانۆنامە و نووسینەكانی ئاگاداركردنەوەی كۆمەڵگەكەی خۆی و هەموو جیهانە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو جەنگەی روویدا، لەمبارەیەوە لە یاداشتنامەكەیدا دەڵێت: (دڵخۆشم بەوەی ئەوكاتە نۆبڵم وەرنەگرت، چونكە ئەگەر نووسەر بە گەنجی ئەو خەڵاتە وەرگرێت، دەبێ بە بارێكی گران بەسەر شانییەوە، چونكە لەو تەمەنەدا دەبێت بەردەوام بێ لەسەر نووسین..).

وتارەکانی نوسەر