کەنداوی فارسی یان کەنداوی عەرەبی؟

11:11 - 2025-05-12
د. نازەنین عوسمان حەسەن
95 خوێندراوەتەوە

وا بڕیارە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە 13 تا 16ی ئایاری 2025 سەردانی چەند وڵاتێکی دوورگەی عەرەبی بکات و بچێتە قەتەر، ئیمارات و سعودیە.

ئامانجی ترەمپ
 هەندێک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کەوا ترەمپ وا بەنیازە لەو سەردانەیدا ناوی کەنداوی فارسی بگۆڕێت بۆ کەنداوی عەرەبی، گەر ئەم بڕیارە بدات، دوو مەبەستی هەیە، کە یەکێکیان بۆ دڵخۆشکردنی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداوە، بەو بۆنەیەشەوە چەند ملیارێک دۆلاریان لێ رادەکێشێت و بە گیرفانی پڕەوە دەگەڕێتەوە، دووەمیشیان بۆ دژایەتی ئێرانە، بەو جۆرەش، بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێت. 
بەهۆی ئەو هەنگاوەی ترەمپەوە، هەر زوو سایتی گووگڵ ناوی (کەنداوی عەرەبی)ی بەکار هێنا، بەڵام لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەسەر نەخشەکانی ئەپڵ و لە میدیا گەورەکانی وەک ئەسۆشیەتد پرێس و سی ئای ئێن، تاوەکو ئێستا کەنداوی فارسی بەکار دەهێنرێت.

هەڵویستی ئێران
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە، ئێران زوو ناڕەزایی خۆی دەربڕی و عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی وتی: «ئەمە ئامانجی سیاسی و دوژمنایەتی لە پشتەوەیە بەرانبەر بە ئێران و گەلەکەی...»، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە گەر شتێکی واش بکرێت، هیچ کاریگەرییەکی یاسایی و جوگرافیی نابێت، تەنیا تووڕەکردنی ئێرانییەکان نەبێت.
ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر ئەو کەنداوە، بریتین لە: ئێران، عیراق، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و سعودیە. ئێران بە تەنیا 2440 کیلۆمەتر سنووری دەریایی هەیە لەسەر ئەم کەنداوە، وڵاتە عەرەبییەکانیش بە کۆی گشتی، 3490 کیلۆمەتر سنووری دەرییان هەیە، هەرچەندە کۆی گشتیی سنووری دەریایی وڵاتە عەرەبییەکان درێژترە، بەڵام ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە و یەکدەنگ نین.

هەردوولا بەڵگەیان هەیە
هەریەک لە ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان بەڵگەی خۆیان هەیە بۆ دروستیی بەکارهێنانی ناوی کەنداوی فارسی، یاخود کەنداوی عەرەبی، ئێران بەڵگەی مێژوویی دەهێنێتەوە، کە پێش 25 سەدە، لە کاتی ئیمپراتۆریەتی ئەخمینییەکاندا، شەس سەدە پێش زایین، ناوی کەنداوی فارسی بەکار هاتووە، کاتی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام و دەسەڵاتی عەرەب و هاتنی ئیسلامیش بۆ وڵاتی فارس، وشەی کەنداوی فارسی هەر بەردەوام بووە و لەو کاتەشدا گۆڕانکارییان نەکردووە. مێژوونووسانی ئیسلامی، لە سەدەی دەیەم، وەک ئیبن خوردازبە لە کتێبە جوگرافییەکەیدا «المسالک والممالک» و مەسعودی لە کتێبی «مروج الذهب و معادن الجوهر»، هەروەها یەعقوبی و ئەوانەی دوای ئەویش، بە دەریای فارس، کەنداوی فارسی و دەریای بەسرە، ناویان هێناوە و هەندێک جاریش بە کەمی ناوی کەنداوی عوممان، کەنداوی بەحرەین و کەنداو یان دەریای قوتەیف و دەریای عیراق بۆ ئەم کەنداوە بەکار هاتووە.
تاکوو ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش، کەنداوەکە هەر ناوی کەنداوی فارس بووە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یونسکۆش وشەی کەنداوی فارسی جێگیر کراوە.

کەنداوی عەرەبی 
لە هەندێک شوێن و لەسەر هەندێک نەخشە؛ کەنداوی عەرەبی لە مێژوودا بەکار هاتووە، بەڵام زیاتر مەبەست لە دەریای سوور بووە نەک کەنداوی فارسی. بەکارهێنانی ناوی کەنداوی عەرەبی بۆ ئەم کەنداوە، لەدوای ساڵانی 1950 دەستی پێ کردووە، دوای گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتیی عەرەب. هەریەکە لە عەبدولکەریم قاسم، جەمال عەبدولناسر و لەدواییشدا سەدام حسێن زۆر جەختیان لەسەر کردووەتەوە.
دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتی شیعە، بەرەی عەرەبی سوننەی سەر ئەو کەنداوە بەهێزتر بوو دژ بە ئێران، داوا کرا بکرێتە کەنداوی عەرەبی، ئێستا لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتە عەرەبییەکاندا ناوی کەنداوی عەرەبی بۆ بەکار دەهێنن.
بۆ بەکارهێنانی وشەی کەنداوی عەرەبی، ئەو بەڵگانە دەهێنەوە: 
- کەنارەکانی دەریای وڵاتە عەرەبییەکان لەسەر ئەم کەنداوە درێژترە لە چاو کەنارەکانی ئێران.
-زۆربەی ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر ئەو کەنداوە، وڵاتی عەرەبین.
-زۆربەی دانیشتوانی سەر ئەو کەنداوە عەرەبن و هەتا بەشێک لە دانیشتوانی کەنارەکانی ئێرانیش هەر عەرەبن، عەرەبەکانی ئەهوازن. 

 

هەریەک لە ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان بەڵگەی خۆیان هەیە بۆ دروستیی بەکارهێنانی ناوی کەنداوی فارسی، یاخود کەنداوی عەرەبی

 

ناسنامەی کەلتووری و سیاسی و مێژوویی
ئەو کێشەیە لە ئێستادا رەنگدانەوەی ناسنامەی کولتووری و سیاسی و مێژووییە، گرێدراوی گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکەکانی ئەم ناوچەیەیە، هەر بۆیە ئێستا هەندێک لایەن خۆی بەدوور دەگرێت لەو کێشەیە و تەنیا وشەی کەنداو بەکار دەهێنن، بۆ نموونە؛ لە کاتی شەڕی هاوپەیمانان و عیراقدا، چەمکی «جەنگی کەنداو»یان بەکار دەهێنا. 
بەکارهێنانی ناوی کەنداوی عەرەبی لە هەندێک شوێن، نیگەرانیی لای ئێرانییەکان دروست کردووە و لەو بارەیەوە ناڕەزاییان دەربڕیوە، وەکو:
-لە ساڵی 2023 کاتێک فیفا بۆ مۆندیالی تۆپی پێ، کەنداوی عەرەبی بەکار هێنا.
-هەندێک هێڵی فڕۆکەوانی لە 2010 وشەی کەنداوی عەرەبییان بەکارهێنا، ئێران رێگەی بەو هێڵانە نەدا بەسەر ئاسمانی ئێراندا تێپەڕن.
بە هەمان شێوە وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداویش ناڕەزاییان دەرخستووە لەسەر بەکارهێنانی وشەی کەنداوی فارسی، وەکو:
-لە ساڵی 2009 لە یارییەکانی هاوئاهەنگیی ئیسلامی کە لە تاران ئەنجام درا، لەسەر مەدالیاکان نووسرابوو (کەنداوی فارسی) و وڵاتە عەرەبەکانی کەنداو داوایان کرد وشەی فارسییەکە لاببرێت و تەنیا وشەی کەنداو بنووسرێت، بەڵام ئێران رازی نەبوو، لە بەرانبەردا یاریزانانی وڵاتانی کەنداو بایکۆتیان کرد و بەشدار نەبوون. 
-لە ساڵی 2016 لە کاتی یارییەکانی پارائۆلەمپیک لە بەرازیل، سعودیە و ئیمارات ناڕەزاییان دەربڕی کاتێک کە یاریزانانی ئێرانی لەگەڵ ئاڵای ئێران، نەخشەی کەنداوی فارسییان دانابوو.

کەنداوی فارسی یان عەرەبی
کەنداوی فارسی یان کەنداوی عەرەبی، کێشە تەنیا لەسەر بەکارهێنانی ناوەکەی نییە، بەڵکو کێشە لەسەر رووبەرە ئاوییەکەشی هەیە. 
دابەشکردنی دەسەڵاتی وڵاتەکان بەسەر ئاوی کەنداوەکە، بە یاسای نێودەوڵەتیی ساڵی 1982ی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کە تایبەتە بە دابەشکردنی ئاوی دەریاکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کێشە هەر هەیە لەسەر دانانی هەندێک خاڵی سنووریی دەریایی نێوان وڵاتانی سەر ئەو کەنداوە، وەکو:
-کێشەی ئێران لەگەڵ ئیمارات لەسەر دوورگەی تەنبی گەورە، تەنبی بچووک و ئەبو موسا.
-کێشەی دیاریکردنی هێڵی دەریایی نێوان ئێران و سعودیە، بەتایبەتی ناوچە نەوتییەکانی کێڵگەی دورە/ ئاراش. 
-کێشەی هێڵی دەریایی لە نێوان عیراق و کوەیت لەسەر رێڕەوی ئاویی خۆر عەبدوڵڵا، هەرچەندە لە 2013 رێککەوتن کرا لەنێوانیاندا، بەڵام کێشەکە لە ساڵی 2023 تازە بووەتەوە و پەرلەمانی عیراق دەڵێت: ئەم رێککەوتنە لەسەر حسابی عیراقە و عیراق بەشخوراوە و رێڕەوی ئاویی عیراقی تەسک کردووەتەوە بۆ 58 کیلۆمەتر، ئەوەش مەترسیی بۆ تێپەڕبوونی پاپۆڕی بارهەڵگر هەیە، بەتایبەتی عیراق کە خەریکی دروستکردنی بەندەری فاوی گەورەیە لەو ناوچەیەدا.
-کێشەی نێوان ئێران و کوەیت لەسەر ناوچەی کێڵگەی دورە/ ئارش کە ناوچەیەکی تێکەڵە لەگەڵ سنووری کوێت و سعودیە و ئێران.

قوربانیی کێشەی کەنداو
ئێمەی کورد هەرچەندە دوورین لەو کەنداوەوە، بەڵام بووین بە قوربانیی کێشەی کەنداو، عیراق لە ساڵی 1975 دا کۆنترۆڵی تەواو و بێ رکابەری بەسەر هاتوچۆی شەتولعەرەبدا هەبوو، کە لە رێککەوتنی ساڵی 1937 لەگەڵ ئێران بەدەستی هێنابوو، زۆر دەمێک بوو ئێران داوای دەکرد بەشدار بێت لە بەکارهێنانیدا و نیوەی بۆ ئەوان بێت، بەڵام رێکنەدەکەوتن. لە رێککەوتنی جەزائیر، لە 6ی ئازاری 1975، عیراق نیوەی دەسەڵاتی ئاوەکەی دا بە ئێران تا خاڵی تالوک، کە قووڵترین خاڵی هێڵیی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە لە نێو کەنداودا، بەرانبەر بەوە، ئێران یارمەتی شۆڕشی کورد نەدات، بەو رێککەوتنە، نسکۆ بەسەر شۆڕشی کورددا هات. لە ساڵی 1980 عیراق تاکلایەنە لەو رێککەوتنە پەشیمان بووەوە و شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران هەڵگیرساند، کە لەو شەڕەدا یەک ملیۆن کەس بوون بە قوربانیی و ئابووریی هەردوو وڵات داڕما، ئەمە جگە لەو هەموو کێشە و گۆڕانکارییە گەورانەی بەدوای خۆیدا هێنای.

وتارەکانی نوسەر