مایک مەخەنە بەردەم هەموو کەس

09:56 - 2025-05-13
هیوا محەمەد
147 خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دەرکەوتن لە شاشەی تیڤییەک، یان کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کارێکی ئاسانە بەهۆی زۆر و بۆریی دەزگا میدیاییەکان، جاران کەسانی بەهرەدار و شایستە دەردەکەوتن، چونکە هەموو کەس نەیدەتوانی لێدوان بدات و لەگەڵیشیدا دەزگاکان رێگەیان نەدەدا بە کەم تواناکان تا خۆیان نمایش بکەن.
زۆریی مۆبایلە زیرەکەکان لای تاکەکانی کۆمەڵگە، وایکردووە لەگەڵ هەر رووداوێکدا، خێرا بیری بۆ لای مۆبایلەکە دەچێت و دەریدێنێت و ڤیدیۆ تۆمار دەکات.
لە هۆڵەندا ئەگەر کەسێک لە سەر شەقام بکەوێت بەهۆی رووداوێکەوە، کەسانی تر ناتوانن بچن هەڵی بگرنەوە، دەبێت شوێنی فریاکەوتن ئاگاداربکەنەوە، چونکە دەڵێن رەنگە شوێنێکی شکا بێت و بەو هەڵگرتنە خراپتر ببێت، بەڵام لای ئێمە 10 کەسی لێ کۆدەبێتەوە و هەریەکە پەلێکی رادەکێشێت و دەیانی تریش بە مۆبایلەوە ڤیدیۆی لێ دەگرن.
بەهۆی زۆریی مایکی دەزگا میدیاییەکانەوە، هەر کەس پێشگرێکی مەسئولیەتی یان پەرلەمانتاری پێوە بێت، چەندین مایک دەخەنە بەردەمی و ئەویش لەخۆی بایی دەبێت و دەکەوێتە قسەکردن بە راست و چەپدا، هیچ پێوەرێکیش دانانێت بۆ قسەکانی و بیر لەوە ناکاتەوە تا چەندە تەندروستە و چەندە زیانی هەیە بۆ سەر کۆمەڵگەکە.
بۆ نموونە لە دوو هەفتەی رابردووەوە تائێستا، دەیان بەرپرسی حزبی و حکومی و پەرلەمانتارانیش، لێدوانیان داوە سەبارەت بە مووچە و بەردەمیان پڕە لە مایک، لێدوانی زۆریشیان راست دەرنەچووە و دواتریش نە پۆزش دەهێننەوە، نە پەشیمانی دەردەبڕن، جارێکی تریش بەهەمان لێدوان دێنەوە، ئیتر ئایا ئەمە خۆدەرخستنە بۆ ناو سۆشیال میدیاکان؟ یان راهاتنە لەسەر فڕێدانی قسە، بێ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی؟
لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک، لەسەر نەخواردنی جۆرێک لە مریشک، چەندین لێداونی جیاواز دەدرێت، هیچیشیان ئەوی تر پشتڕاستناکاتەوە، جا دەبێت هەڵە و تاوانی مایکەکان بێت ئەم جۆرە کەسایەتی و لێدوانە بێ سەروبەرانە دەخەنەڕوو یان کەسایەتییەکان؟ 
لەهەموو ئەم دیاردە ناشیرین و بێبەرنامەییەدا، دەگەڕێینەوە بۆ نەبوونی یاسایەکی تۆکمەی راگەیاندن و نەبوونی رێنمایی و رێکارەکان بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ رووداوەکان، چونکە نابێت کەسێک لەسەر شەقام بکەوێت و دەیان کامێرا و مۆبایل ڤیدیۆی لێبگرن و بێ رەزامەندیی خۆی بیخەنە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەرواش نابێت کەسێکی کەم توانای بەرپرس لێدوان بدات و بۆی بڵاوبکرێتەوە، پێویستە دەزگا میدیاییەکان رێز لە مایکەکانیان بگرن و راستیییەکانی لێوە بدەن بە گوێی خەڵکدا.

وتارەکانی نوسەر