لە سەردەمی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، خانەقیی، ئەو مەڵبەندە مێژووییەی کوردایەتی، جێی سەرنجی زۆر بووە. بۆیە دەڵێم: خانەقی سەرەتایە، سەروەرییە، ناسنامەی نەتەوەییمانە.
تیشکێک لەسەر خانەقی بە دیدێکی ژیرانە: لە چوارچێوەی پارێزگادا، سەرەڕای کێشەکانی، لە زۆربەی قەزاکانی دیالە پێشکەوتووترە. ئەو ناوچانەی بەر گورزی داعش کەوتوون، بە رەوایی پشکی گەورەتریان لە بودجە وەرگرتووە. پرسی سنووری کارگێڕیی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پلاندانانی درێژخایەن داناوە.
بەراورد بە پارێزگاکانی باشووری عیراق، لەڕووی ئاسایش، خزمەتگوزاری و ژێرخانەوە لە زۆر ناوچەی باشوور پێشکەوتووترە.
بەپێی ئامارەکان، رێژەی تاوان و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لێرە کەمترە. پەیوەندیی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان نموونەیەکی درەوشاوەیە.
بەراورد بە هەرێمی کوردستان: ناکرێت چاوپۆشی لەو جیاوازییە گەورەیە بکەین کە لە نێوان خانەقی و شارەکانی هەرێمدا هەیە. رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تەواوی ئاڕاستەی پێشکەوتنی گۆڕی. پێویستە نەخشە رێگایەکی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی شارەکە دابڕێژرێت.
تەنیا بە بیرکردنەوەی نوێ دەتوانین بیگەیەنینە ئەو پێگەیەی شایستەیەتی.
خانەقی لە ناخماندا: خۆشەویستییەکی بێ سنووری هەیە، تەنیا شارێک نییە، بەڵکو نیشتمانێکی بچووکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. جوانیی خاکی، شاخەکانی، رووبارەکەی، باخەکانی و خەڵکە دڵسۆزەکەی، سەرچاوەی شانازیمانن، هەر بەردێک، هەر کۆڵانێک چیرۆکێکی خۆڕاگری و بەرخۆدانی تێدا هەڵگرتووە.
شانازی بە ناسنامەی نەتەوەیی: شانازیکردن بە کوردبوون، بەرگریکردنە لە مێژوویەکی هەزاران ساڵە. مانەوەی داب و نەریت، زمان و کەلتوری کوردی، سەرکەوتنی گەلێکی خۆڕاگرە و ئەوانەی نرخی پاراستنی ناسنامەی کوردییان داوە، شایەنی رێزن.
یەکێتیبوون، بەرگێکی شەرەفمەندانەی ئەو شارەیە کە خوێنی هەزاران شەهیدی لەسەرە، سەرەڕای هەموو پیلانەکان، یەکێتی وەک قەڵغانێک لە بەرامبەر هەڕەشەکان وەستاوەتەوە. مێژووی ئەم حزبە لە خانەقی، مێژووی هاوکاری و هاوژیانی نێوان پێکهاتەکانە.
لە هاتنی داعشدا، یەکێتی بە حیکمەتەوە مامەڵەی کرد و ئاسایشی شاری پاراست، هەندێک هەڵە کراون، بەڵام ناکرێت ببێتە بیانوو بۆ رەتکردنەوەی دەستکەوتەکان.
شارێکی ستراتیژییە لەسەر هێڵی مەترسی کە ئامانجی چەندین لایەنی ناوخۆیی و دەرەکییە و هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و لاوازکردنی پێگەی کورد تیایدا. ئاسایشی شارەکە بەرهەمی خەباتێکی درێژە کە نابێت دەستی لێ هەڵبگیرێت.
حزبەکانی تر دروشمی چاکسازی، کارنامەیەکی سەرکەوتوویان لە ناوچەکانی خۆیاندا نییە.
هەوڵ دەدرێت سیستمێک بسەپێندرێت کە پشتی لە دیموکراسی کردووە، لە شارێکدا بانگەشەی بایکۆت و لە شارێکی دیکەدا هاندانی بەشداری دەکرێت.
ئەگەر ئامانج خزمەتکردنی خانەقیە، بۆچی دوژمنایەتی هێزە کوردییەکان دەکرێت؟ ئاشکرایە تەنها ئامانجی سەرەکی لاوازکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆنتڕۆڵکردنی خانەقیە.
سیاسەتی بەکارهێنانی گروپی نوێ بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە، دەستێوەردانەکان بوونەتە هۆی وەستانی زۆر پڕۆژەی گرنگی شار، ئەم شارە شایەنی داهاتوویەکی باشترە.
هیوادارین هەموو هێزە کوردییەکان، بە جیاوازیی بیروڕاوە، لەسەر پاراستنی یەکدەنگ بن. با میراتی سەنگەری بەرخۆدان لە چوارچێوەی ململانێی سیاسیدا لە دەست نەچێت.
خانەقی هێڵی سوورە، سیاسەت بکەن، کێبڕکێ بکەن، بەڵام شکۆی شارەکە نەکرێتە قوربانی.
با پارێزگاری لێ بکەین و بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە پێشبڕکێ بکەین، خەڵکی رەسەنی ئەم شارە دەزانن کێ بۆ بەرژەوەندیی راستەقینەی خانەقی کاردەکات و کێ تەنیا بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتیدا دەگەڕێت؟