راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
دوای 11 ساڵ وەستان، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی 2025 دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێی کردەوە.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانەی ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و رەسمی هێنراونەتە هەرێم مافی تۆمارکردنیان وەک تاکسی دەبێت.
هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: رێنمایی ژمارەی 3 ساڵی 2025 تەواو ئارەزوومەندانەیە، شۆفێرانی تاکسی هەرکات لە رووی داراییەوە ئامادەبوون و توانییان ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی نوێ بکڕن، ژمارەی کاتی بێت یان بەکارهاتووی مۆدێل 2023، 2024 و 2025 دەتوانن بیگۆڕن بۆ تاکسی و ژمارەی ئۆتۆمبێلێکی تاکسی بخەنەسەر.
شۆفێرانی تاکسی دەتوانن ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی نوێ بکڕن، ژمارەی کاتی بێت یان بەکارهاتووی مۆدێل 2023، 2024 و 2025 و بیگۆڕن بۆ تاکسی
ئۆتۆمبێلە پەسەندکراوەکان
هەوراز کەریم ماوەی 10 ساڵە شۆفێری تاکسییە، پاش بیستنی بڕیارەکە لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە دەیەوێت بزانێت ئەگەر تاکسییەکەی بفرۆشێت و ئۆتۆمبێلێکی هایبرد بکڕێت زەرەر دەکات یان قازانج و وتی: تاکسییەکەی خۆم بە 16 هەزار و 500 دۆلار کڕیوە، ئێستا کە دەمەوێت بیفرۆشمەوە 12 هەزار دۆلارم دەدەنێ، ئەگەر پێش بڕیارەکە بمفرۆشتایە ئەو زەرەرەم نەدەکرد.
وتیشی: بەرپرسانی حکومەت دەڵێن بڕیارەکە لە قازانجی شۆفێرانە، با بێنە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل راستی ئەو قسەیەیان بۆ روون دەبێتەوە و دەبینن کە شۆفێرانی تاکسی زەرەر دەکەن.
بەپێی رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە ئۆتۆمبێلەکان تازە هاوردەکراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکیی و ژینگەییان تێدابێت، بەشێوەیەک کە لە رێنمایی هێنانی ئۆتۆمبێل ژمارە 7ی ساڵی 2021ی هەموارکراودا دیاریکراون، کە تەنیا ئۆتۆمبێلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسەندکراون بە گۆڕینیان بۆ تاکسی.
هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وتی: ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام دەبێت و لە هەر ساڵێکی نوێدا ئۆتۆمبێلی ساڵی نوێی دەچێتە سەر و رێگە دەدرێت بکرێتە تاکسی، واتا بۆ ساڵی داهاتوو تەنها ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانی مۆدێل 2024، 2025 و 2026 دەتوانرێت بکرێتە تاکسی.
ئامانج لە دەرکردنی رێنماییەکە
لە ساڵی 2014ەوە هێنانی ئۆتۆمبێلی تاکسی راگیرا بوو، لەبەرئەوە ئەو تاکسییانەی لە شەقامەکاندا کاریان دەکرد کۆن و ماندوو بوون پێویستیان بە گۆڕین بوو.
کامەران سەید شۆفێری تاکسییە و وتی: چەندین ساڵە شۆفێری تاکسیم، ئەوەی دەستم دەکەوێت تەنها بەشی بژێوی خێزانەکەم دەکات، ناتوانم پاشەکەوتی لێ بکەم بۆ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزانەی پێ بکڕم کە وەزارەت دیاریکردووە بکرێنە تاکسی، لەبەرئەوە بڕیارەکە سوود بە زۆرینەی خاوەن شۆفێرانی تاکسی ناگەیەنێت.
ئامانجی وەزارەتی ناوخۆ لە دەرکردنی رێنماییەکە، نوێکردنەوەی تاکسی، بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە، باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکیی نوێیە.
هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وتی: ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرد لە هەموو رسوماتێكی تۆمارکردن بۆ تاکسی دەبەخشرێن، لەبەرئەوەی دۆستی ژینگەن و لە رووی داراییشەوە خەرجییان کەمترە بۆ شۆفێرانی تاکسی.
ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرد لە هەموو رسوماتێكی تۆمارکردن بۆ تاکسی دەبەخشرێن، لەبەرئەوەی دۆستی ژینگەن و لە رووی داراییشەوە خەرجییان کەمترە بۆ شۆفێران
ئاماری تاکسی لە هەرێم
بە گوێرەی رێنماییە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆ، رەنگی تاکسی نوێ هەمان رەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی(Q04)دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکەی بۆیە بکات، یان لە کۆمپانیاوە بەو رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر رەنگێکی پەسەندکراو جگە لە رەنگی تاکسی.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ژمارەی تاکسی زیاد نابێت لە هەرێم، لەبەرئەوەی تاکسییە نوێیەکان ژمارەی تاکسییە کۆنەکان دەگوازرێتەوە سەریان و تاکسییە کۆنەکە رەنگی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت دەکرێت و بەبێ بەرامبەر ژمارەی تایبەتی پێ دەدرێت.
لە رێنماییە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، بۆ ئۆتۆمبێلی هایبرد و تەواو کارەبایی، 74 جۆر و بۆ ئۆتۆمبێلی بەنزین 89 جۆر وەک پاشکۆ دیارکراون و رێگەپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.
هاوکار عەبدوڵڵا هاووڵاتی دەڵێت: بڕیارێکی باشە، ئەگەر وەزارەت خەمی ژینگەیەتی بۆ بڕیارەکە گشتیی ناکەن، لێخۆشبوونی رسومات ئەو هاووڵاتیانەش بگرێتەوە کە ئۆتۆمبێلی تایبەتی هایبرد دەکڕن.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 هەزار تاکسی هەن.