گەشتی ترەمپ و لووتکەی بەغدا

10:10 - 2025-05-18
موهەیمن ئاغا
36 خوێندراوەتەوە

لە خاڵی وەرچەرخانی ستراتیژیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو رووداوی چارەنووسساز سەرنجەکان رادەکێشن: گەشتی ترەمپ بۆ کەنداو و لووتکەی عەرەبی لە بەغدا. ئەم دوو رووداوە بەڵگەی گۆڕانکارییەکی قووڵن لە سیاسەتی ئەمریکا و پەیوەندییە عەرەبییەکاندا، لە کاتێکدا کە ناوچەکە لەژێر کاریگەریی قەیرانی فەلەستین و ململانێی هێزە ناوچەییەکاندا دەناڵێنێت.
ترەمپ روانگەیەکی جیاوازی هێناوەتە سیاسەتی ئەمریکیەوە، کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی پڕتێچوو و هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکانی بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
پاراستنی ئاسایش بەرامبەر سەرچاوەی داراییی، ئاشتی لە پێناوی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سەروەریی زانستی لە بری دانپێدانانی جیهانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا.
یەکەم سەردانی دەرەوەی ترەمپ لە خولی دووەمدا بۆ وڵاتانی کەنداو، وەک نیشانەی ئەولەویەتەکانی بۆ بەهێزکردنی ئابووری، راکێشانی وەبەرهێنان و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە.

لووتکەی بەغدا و دۆزی فەلەستین

دەیان ساڵ دوای دەستپێکی لووتکە عەرەبییەکان، دۆزی فەلەستین هێشتا برینێکی کراوەیە، بەڵام چاوەڕوانییەکان سنووردار بوونەتەوە بۆ هەوڵدانی راگرتنی شەڕ و بەرگرتن لە کۆچپێکردنی زۆرەملێی خەڵکی غەززە و خەونی «ڕیڤیێرای خۆرهەڵاتیی» ترەمپ بەرامبەر ستراتیژیی چۆڵکردن و وێرانکردنی.
حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع ناچار بە دانوستان دەکرێت، لە کاتێکدا لوبنان لەنێو زەلکاوی قەیرانی فرەڕەهەندیدا نوقم بووە.
سیستمی هاوکاریی عەرەبی و پێداویستیی نوێبوونەوە و کاری هاوبەشی عەرەبی گەیشتووەتە لاوازترین دۆخی خۆی، چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی هەرەسی هێناوە و جێگای خۆی داوە بە بەرژەوەندیی تەسکی وڵاتیی.
پێویستیی گۆڕینی بیرکردنەوە لە تاکڕەوییەوە بۆ هەرەوەزی و بنیاتنانی بنەمایەکی هاوبەشی عەرەبی هاوشێوەی مۆدێلی یەکێتیی ئەوروپا. راگەیاندنی بەغدا وەک دەستپێکی قۆناغێکی پێشکەوتوو لە کاری هاوبەشی عەرەبیدا کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا هاوتەریب بێت.
لووتکەی بەغدا دەتوانێت وەرچەرخانێکی مێژوویی بێت، بە مەرجێک بتوانێت تێڕوانینێکی عەرەبیی نوێ بخاتە گەڕ کە بەرپەرچی گۆڕانکارییەکانی جیهان بداتەوە و بە شێوەیەکی ریالیستانە خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت. 
لە سەردەمێکدا کە ترەمپ پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەسەر بنەمایەکی نوێ داڕشتووەتەوە، جیهانی عەرەبی پێویستی بە دارشتنی ستراتیژییەکی هاوکاریی نوێ هەیە کە بەرژەوەندیی گشت لایەنەکان دابین بکات، نەک تەنها دروشمی کۆن و کاردانەوەی هەڵچووانە. ئەم قۆناغە نوێیە لەسەر واقیعبینی و کاری هاوبەش دامەزراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان - ئەوە تاکە رێگایە بۆ ئایندەیەکی باشتر لە ناوچەکەدا.

وتارەکانی نوسەر