وەکو دوو مرۆڤ یەکسان بن

10:40 - 2022-06-25
رۆزا دڵشاد مەریوانی
382 خوێندراوەتەوە

چەندین ساڵە لە هەموو دونیادا ژنان خەبات دەکەن لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و بۆ ئازادبوونیان دەجەنگن جا لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بێت یان کۆمەڵگە دواکەوتووە پیاوسالارەکانی وەکو کۆمەڵگەی ئێمەدا بێت، بێگومان هەر یەکە و بەپێی ئەو دۆخ و مافانەی بەدەستی نەهێناوە دەجەنگێت رەنگە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئەمریکا یان ئەوروپادا راستە لەوێ خەباتی ژنان بە چەندین قۆناغ لەپێش ئێمەوەن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیووە بە تەواوەتی هەموو ئەو ماف و تایبەتمەندیانە بەدەستبێنن کە پیاو هەیەتی بۆ نموونە لەوێ زۆرجار ژنان داوای یەکسانی لەگەڵ هاوپیشە پیاوەکانیاندا دەکەن لە مووچە و داهاتدا یان داوای توندکردنەوەی یاساکانی گێچەڵپێکردنی سێکسی دەکەن لە کار و پیشەدا، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو وڵاتی ئێمەدا دەبینین راستە شتی زۆر کراوە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی ژناندا و بەخۆشحاڵییەوە لە ئێستادا پێداچوونەوە دەکرێت بە یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و نێو خێزان و کار بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە دەکرێت لە پەرلەمان، بەڵام هێشتا کەلێن و بۆشایی زۆر دەمێنێتەوە بۆ نموونە کاتێک یاسایەک لەسەر ئاستی هەرێم هەموار دەکرێت دەبینێرت لەسەر ئاستی عیراق سزا بۆ ئەو تاوانە نییە یان جیاوازە یەکێک لەوانەش فرە ژنییە.
بە ئاڵۆزیی تەماشادەکرێت
هەندێکجار زۆر بە ئاڵۆزیی تەماشای مەسەلەی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکرێت، بەشێوەیەک بیردەچێتەوە ژنیش مرۆڤە و وەکو بوونەوەرێکی سەیر و جیاواز لە کۆمەڵگە تەماشای دەکرێت، ئەوە زۆرجار وادەکات پیاوان بە ترسەوە بڕواننە ژنێک کە داوای مافەکانی و یەکسانی دەکات و وا دەزانن ئەگەر ژنان مافەکانیان بەدەستبێنن ئەوە مانای وایە رۆڵ و کەسایەتی ئەوان دەسڕدرێتەوە یان زاڵ دەبن بەسەریاندا و چیتر ئەوان مافیان نامێنێت یان وتاری توندوتیژی ئەو ژنانەی ناهەقی و زوڵمی زۆریان بەرامبەرکراوە وا لە پیاوان دەکات سڵ بکەنەوە و بترسن و ئەوەندەی تر توند بن بەرامبەر بە مەسەلەکانی ژنان، بەڵام ئەگەر زۆر بە سادەیی بیری لێبکەینەوە دەبێت پێش هەموو شتێک خۆمان و کۆمەڵگە تێبگەیەنین لەوەی ژن-یش مرۆڤە بە هەموو جوانی و ناشیرینیەکانییەوە و ناکرێت لە کۆی کۆمەڵگە جیابکرێتەوە ئەگەر لەو ماناو پێناسەیە بۆ ژن تێبگەین ئەو کاتە بەلامانەوە ئاسایی دەبێت کاتێک ژنێک داوای ماف و ئازادییەکانی دەکات هەروەها ئەو کەلتور و دابونەریتانەی سنور بۆ ژنێک دادەنێن پێویستە بۆ پیاویش بەهەمانشێوە بن و نەوترێت تۆ ژنیت و من پیاو! واتا لە چوارچێوەی یاسا و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا ژن و پیاو یەکسان بن ئەگەر ئەو هاوکێشەیە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بەدیبێت بێگومان لە بواری مەسەلەکانی ژناندا جیاوازی و پێشکەوتنی زۆر روودەدەن.
سڕینەوەی بەرامبەر نییە
کەواتە میدیاکاران یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان و هەر کەسێک لەو بوارانەدا کاردەکەن لەکاتی هەوڵدان و خەباتکردندا لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانی ژناندا ئەوەیان لەبیربێت و کۆمەڵگە بەگشتی و پیاوان بە تایبەتی لەوە تێبگەن داواکردنی ئەو مافانە واتای سڕینەوەی بەرامبەر نییە، بەڵکو ژن داوای ئەو ماف و هەلانە دەکات کە پیاو هەیەتی جا لەهەر بوارێکدا بێت کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئابوری و تەنانەت سیاسیشدا و ژن دەیەوێت بە هەمانشێوە ئەو هەلانەی بۆ بڕەخسێت و کۆست و رێگریی لەبەردەمیدا دانەنرێت، جگەلەوەی هەر کاتێک لەهەر بوارێک لەو بوارانەدا ژنێک توانی تواناکانی خۆی دەربخات و خۆی بسەلمێنێت و ئەگەر بەجۆرێک لە جۆرەکان تاوانی بەرامبەر کرا ئەوەندە یاساکانمان توند بن بتوانن سزای گونجاوی تاوانباران بدەن و وا بەئاسانی نەتوانرێت ئەو تاوانە نەک بەرامبەر ژنێک بگرە بەرامبەر هەر مرۆڤێکی دیکە بکرێت، واتا یاساکانمان بەجۆرێک توندوتۆڵ و کاریگەر بن وەکو وڵاتانی دونیا یاسایەک بن بۆ هەموو مرۆڤەکان بەگشتی و بەیەکسانی و بێ جیاوازی.


هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە
هەر کاتێک توانیمان لە رێی پەروەردە و فێرکردنەوە عەقڵیەتی کۆمەڵگە بگۆڕین و چین و توێژە جیاوازەکان هۆشیاربکەینەوە بەوەی ژن مرۆڤە و پێویستە وەکو پیاو ئەو مافانەی هەبێت و وەکو ئەو بتوانێت لە چوارچێوەی دابونەریت و کەلتوری کۆمەڵگەدا ئەو ئازادییانەی پیاو هەیەتی ئەویش بەبێ کێشە پراکتیزەی بکات، هەروەها یاسای توندو مۆدرێنمان هەبێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیادا بگونجێت بۆ داکۆکیکردن لە کۆی مرۆڤەکان بە گشتی نەک تەنیا ژن، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین تا راددەیەک گەیشتووینەتە ئەوەی مافەکانی ژنان بەدەستبێنین و لەگەڵ پیاودا وەکو دوو مرۆڤ یەکسان بن.    

وتارەکانی نوسەر