شەڕی میدیایی دژی کورد

11:24 - 2025-04-21
عوسمان ساوجی
19 خوێندراوەتەوە

شەڕی راگەیاندن خۆی لە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بیرۆکە و پروپاگەندە و زانیاری نادروست یان نیمچە هەڵبەستراودا  دەبینێتەوە، کە لە رێگەی کەناڵە بینراو و بیستراو و خوێندراوەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پەخش دەکرێت، کاریگەرییەکانی شەڕی راگەیاندن دوو لایەنەن بۆ لایەنی نەیار روخێنەر و ترسێنەرن و ئامانج لێی دروستکردنی دووبەرەکی و لاوازکردن و بێکاریگەریی کردنی رای گشتییە، هەرچی بۆ لایەنی دۆستە، ئەوا ئومێدبەخش و دڵنیا کەرەوەیە و هەوڵی یەکخستن و ورە بەرز کردنەوە دەدات. شەڕی راگەیاندن لە نێوان تاکەکان،  کۆمەڵە و رێکخراوەکان، پارتە سیاسییەکان، کۆمپانیاکان و دەوڵەتاندا هەیە.
لەو ماوە دوور و درێژەدا کە کورد رووبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە، لەهەر قۆناغێکدا بەجۆرێک درێژە بەشەڕ لەدژی دراوە و ئێستاش کە میدیا بووەتە گۆڕەپانی جۆرەها پەیوەندیی جیاوازی وەک دیپلۆماسی، بازرگانی، بانگەشەی ئایدۆلۆژی و ململانێ و زۆر بابەتی تر، هەندێک لایەن بۆ مەبەستی سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر لایەنە نەیارەکانیاندا کەڵکی لێ وەردەگرن، هەڵبەتە کورد لەم بوارەشدا لایەنی بە ئامانج گیراوە(Target)  و رۆژانە هەندێک میدیای دیاریکراو بە ناڕاستەوخۆ شەڕێکی سەختی راگەیاندنیان لەدژی هەڵگیرساندوە و دەیانەوێت لەو رێگەوە رێگری لە سەقامگیریی کوردستان و ئارامی دەروونیی تاکی کورد بکەن.
ئامانجی ئەم شەڕە بۆ ئەوەیە تاکی کورد نەتوانێت بە دروستی بیر لە ئێستا و داهاتووی بکاتەوە، دەیانەوێت هەمیشە لەژێر گوشاردا بێت، گوشارێک کە ئاوێتەی ترسە، ترس لە هێرش و پەلاماری دەوڵەتانی دراوسێ، ترس لە هێرشی گروپە چەکدارەکان، ترس لە دەربەدەری و وێرانکاری. 

 

بەشێک لە میدیای کوردی بە دووبارە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی ئەو میدیایانە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن، بەمەبەست یان بە نەزانی دەبنە هاوکار و یارمەتیدەری سەرکەوتنی ئەو شەڕە ناڕەوایە 

یەکێک لەو بابەتانەی لەشەڕی دژی کورد بە گشتی و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی لەلایەن چەند کەناڵێکی زەبەلاحەوە بەڕێوەدەبرێت، بریتیە لە بانگەشەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی، ئەوان رۆژانە لەسەر زاری گەورە بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکی هەواڵی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە بەمزوانە ئەمریکا دەکشێتەوە و بەوەش هێزە دژبەرەکانی کورد دەتوانن کورد بێکەس کوژ بکەن، هەڵبەت بۆ ئەمەش ئەوان ئەزموونی عەفرین و سەرێکانی بەبیر دەهێننەوە.
فراوانبوونی شەڕی راگەیاندن لە دژی کورد، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی ناوچەکە پیایدا تێپەڕدەبێت، کە هیوایەک هەیە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت هەنگاوێک بە ئاراستەی بەدەستهێنانی مافەکانی بچێتە پێشەوە، بە واتایەکی تر، هەرکاتێک ئاسۆیەک بۆ ژیانێکی باشتر هەبێت شەڕێکی سەختتر لەدژی کورد هەڵدەگیرسێنن. لایەنی بکەری شەڕی راگەیاندن هەمیشە دۆخی بێدەوڵەتی کورد دەقۆزێتەوە و پەیامی ئەوە ئەدات بەگوێیدا ئەگەر دەوڵەتێکی زلهێز یان هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی لەناوچەکەدا نەبێت ئەوە نەیارەکانت بە هەموو توانایانەوە هێرشت دەکەنە سەر و دەتوانن کارەساتی گەورەت بەسەربهێنن، بەواتای ئەوەی هەرکاتێک هاوپەیمانەکانتان دوورکەوتنەوە یان کۆتاییان بە هاوکاریتان هێنا هەموو ئەوەی بنیاتتان ناوە لێتانی تێکدەدەین.
ماوەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە بەشێک لە میدیای کوردی بە دووبارە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی ئەو میدیایانە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن، بەمەبەست یان بە نەزانی دەبنە هاوکار و یارمەتیدەری سەرکەوتنی ئەو شەڕە ناڕەوایە و زیانی زۆر بە دەزگاکانیان و ئیرادەی گەلەکەیان دەگەیەنن بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوت و سوودێکیان پێببڕێت جگە لەچەند لایک و کۆمێنتێک.

وتارەکانی نوسەر