کرێکاران یەکیان نەگرت، بەڵام...

09:54 - 2025-05-01
عوسمان ساوجی
81 خوێندراوەتەوە

مرۆڤ بە سروشتی خۆی ئارەزوویەکی بێ سنووری هەیە بۆ خاوەندارێتی، خاوەندارێتی زەوی و زار، سەرچاوەکانی داهات و پارە و زێڕ و کەرەستە گرانبەهاکان، ئەم خواستەی مرۆڤ هۆکارێک بووە بۆ قۆرخکاری و چەوساندنەوەی ئەوانی تر، لێرەوە زۆرێک لە زانایان و تیۆریستان بەدوای چارەسەری ئەم کێشانەدا گەڕاون، لە ناویشیاندا فەیلەسوف کارڵ مارکس (1818 - 1883) لە هەموان رادیکاڵانەتر دەستی بۆ پرسی ئابووری و ململانێی چینایەتی بردووە و ویستوویەتی لە رێگەی شۆڕشەوە کۆتایی بە نادادپەروەریی و کۆیلایەتی بهێنێت، هەموو ئەوانەشی لە رێگەی کۆمەڵە بنەمایەکەوە خستووەتەڕوو کە گرنگترینیان بریتی بوون لە دیالێکتی ماددی، ململانێی چینایەتی، زێدەبایی نرخ و شۆڕشی سۆشیالیستی.

ئامانجی گۆڕینی مرۆڤایەتی بوو
گریمانەیەکی ئەم تیۆرە گەورەیە بریتی بوو لە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن کرێکارانەوە، مارکس ویستی لەم رێگەیەوە چینی کرێکاران بکاتە فەرمانڕەوا و تێکەڵی کاری سیاسییان بکات، بە واتایەکی تر پێدانی خەسڵەتی سیاسی بە کرێکاران سەرباری کارکردن و بەرهەمهێنان، چونکە ئەو دەوڵەتی سەرمایەداریشی بە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی چینایەتی لەقەڵەم دەدا، لێرەدا گرفتێکی گەورە دێتە پێشەوە کە ئایا کرێکاران دەتوانن وڵات بەڕێوەبەرن؟ کاتێک کرێکاران دەبنە فەرمانڕەوا ئەی کێ دەبێتە کرێکار؟ لەکاتێکدا بە شێوەیەکی گشتی کرێکاران لە چینە هەژار و مامناوەندەکانن و سیاسی و فەرمانڕەواکان لە چینە باڵاکانن، جێگۆڕکێی نێوانیان چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت؟ ئەمە لەلایەک لەلایەکی تریشەوە تیۆری مارکس پەیوەست نەبوو تەنها بە کۆمەڵگەیەک یان نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی گۆڕینی مرۆڤایەتی بووە، واتە ئامانجێکی نێونەتەوەیی هەبوو، ئەوەش لە دروشمە سەرەکییەکەیدا کە دەڵێت (کرێکارانی جیهان یەکگرن) بە تەواوی بەرجەستە بووە، کە هەر لێرەشدا کێشە گەورەکە سەرهەڵدەدات، چونکە یەکخستنی کرێکاران لە کۆمەڵگە جیاوازەکان کە خاوەنی پاشخانێکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی فەرهەنگی و جوگرافی جیاوازن کارێکی زۆر زەحمەتە، بەتایبەتی لەکاتێکدا واپێویست بکات کرێکاران لە رێگەی شۆڕشەوە دەستبگرن بەسەر دەسەڵاتدا و دواتر یەکبگرن بۆئەوەی بەرەو ئامانجە مەزنەکەیان کە سۆشیالیزمە هەنگاوبنێن، تەنانەت ئاسان نییە بتوانرێت کرێکارانی بوارە جیاوازەکانی یەک کۆمەڵگەش یەکبخرێن، لەبەرئەوە دروشمەکە زیاتر وەک ئامانجێکی خەیاڵی و کاردانەوە بەرامبەر تیۆری سەرمایەداری دێتەبەرچاو، بەوەش هەرگیز لە پراکتیکدا بەدینەهات.

جیهانی ناچارکرد کە ئاوڕ لە گوزەرانی کرێکاران بدەنەوە
کایەی سیاسەت سەرباری ئەوەی لە بنەڕەتدا بۆ بەرژەوەندیی گشتییە، بەڵام لەهەمان کاتدا بەرژەوەندییە کەسییەکانیش فەراهەم دەکات. 
لە رابردوودا فەرمانڕەواکان خۆیان بە خاوەنی خەڵک و خاکی وڵاتەکەیان زانیوە و ئێستاش سیاسییەکان لە سەرتاسەری جیهان بەگشتی بەسەرمایەداری و سۆشیالستییەوە، خاوەنی مووچەیەکی باش و پێگەیەکی بەرزن و لە خۆشگوزەرانیدان، بەراورد بە ژیانی خەڵکی ئاسایی و لە ناویشیاندا کرێکاران، لەبەرئەوە لە ئەزموونی کرداریی هیچ کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا فەرمانڕەوایی کرێکاران (پرۆلیتاریا) سەرکەوتوو نەبوو، ئەگەر رۆژێک کرێکارێک بە هەر رێگەیەک بگاتە دەسەڵات، هەرچەندە بە دروشم و وتاردانیش خۆی بە ئەندامێکی چینی کرێکاران بزانێت، بەڵام هەرگیز ئەمە بۆ ژیانی واقعی خۆی تەرجەمە ناکات. 
لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین کە راستە سۆشیالیزم لە هیچ شوێنێک بەدینەهات و نەیتوانی بەسەر نەیارەکەیدا سەرکەوێت، بەڵام تیۆرییەکەی مارکس جیهانی ناچارکرد کە ئاوڕ لە گوزەرانی کرێکاران بدەنەوە و بیر لە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری باشتر بکەنەوە و سنووردارکردنی سەعاتەکانی کار بکرێتەوە و هەوڵبدرێت جیاوازیی چینایەتی کەمبکرێتەوە، واتە هەرچەندە لەبواری سیاسیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام شۆڕشێکی لەپێناوی رێگریی لە چەوساندنەوەی چینایەتی و دەستەبەرکردنی لانیکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەڵگیرساند کە لە مێژوودا هاوشێوەی کەم بووە.

راستە سۆشیالیزم لە هیچ شوێنێک بەدی نەهات، بەڵام تیۆرییەکەی مارکس جیهانی ناچارکرد کە ئاوڕ لە گوزەرانی کرێکاران بدەنەوە


حزبەکان بە ئاراستەی نەتەوەیی رۆیشتن
تیۆری مارکسی کە چەندین شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆکرا و دواتریش بووە هەوێنی دامەزراندنی چەندین رێکخراو و پارتی سیاسی چەپڕەو، کە بەئامانجی بەدەستهێنانی کۆمەڵێک مافی سیاسی و ئابووری، دەستیان بە تێکۆشانی شارستانی و چەکداری کرد و لە چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەراست و ئاسیا و ئەوروپای خۆرهەڵات و ئەمریکای لاتین، دەسەڵاتییان گرتە دەست. 
سەبارەت بە بزاوتی رزگاریخوازی کوردستانیش لە قۆناغی جەنگی سارد بەگشتی و دەیەی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوودا بە قووڵی کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم تیۆرە و ژمارەیەک پارتی چەپ دامەزران کە بە رێژەی جیاواز لە دیدیگای چەپەوە بۆ چارەسەری پرسی کوردیان روانیوە و بەشێکیان رادیکاڵ تر بوون و خۆیان بۆ خەباتی چینایەتی لە چوارچێوەی وڵاتانی سەردەستی کوردستان تەرخان کردووە کە هەریەکە لە حزبی شیوعی و کۆمەڵەی رەنجدەران لەسەرەتای دامەزراندنیدا و حزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) لە خۆرهەڵاتی کوردستان، نموونەی ئەو حزبانەن، بەڵام دواتر هەنگاو بەهەنگاو رەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیاکە لەسەر حزبەکان کاڵ بووەوە و بەشی زۆری حزبەکان لەسەرتاسەری کوردستان بە ئاراستەی نەتەوەیی رۆیشتن، تا گەیشتن بەدۆخێک کە دەکرێت بە چەپی نەتەوەیی ناوزەد بکرێن، ئەوەش لەئەنجامی ئەوەی ئەم وڵاتانە فرەپێکهاتەن و هەریەک لەو پێکهاتانەش بەسەرجەم چین و توێژەکانیانەوە شوناسە نەتەوەیی و ئاینزاییەکە بەسەریاندا زاڵە نەک شوناسی چینایەتی، هەربۆیە حزبەکانی کوردستانیش ئەگەر وەک حزبێکی چەپ و داکۆکیکار لە مافی چین و توێژە چەوساوەکانیش دامەزرابن، ئەوا دەرگایان بەڕووی چینەکانی تریشدا کراوەبوو بەمەرجێک بڕوایان بەڕەوایەتی ئەو مافانە هەبووبێت یان کەسانێکی ئازادیخوازبووبن.

وتارەکانی نوسەر