خولەكانی جیهان بەگشتی لە میدیای وەرزشی كوردی قەدەغە بكرێت، دەبێت لە سفری میدیای وەرزشییەوە دەست پێ بكاتەوە
رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەوانی هەموو ساڵێك لە 3-5ی بەڕێوەدەچێت، ئەم رۆژە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) لە ساڵی 1993دا بەشێوەیەكی رەسمی راگەیەندرا، بەپێشنیازی كۆنفرانسە گشتییەكانی یونسكۆ لە ساڵی 1991، ئەم رۆژە بۆ بیرخستنەوەی پێویستی رێگەدان بە ئازادیی رۆژنامەوانی و بەرزكردنەوەی ئاگادارییەكان دەربارەی گرنگیی ئازادیی وتار و رۆژنامەوانی پێدەكرێت.
لە ساڵی 2024 هەشتا و دوو رۆژنامەوان لە جیهاندا لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانیان كوژران، ئەم ژمارەیە بەرزترین ژمارەی كوژراوی رۆژنامەوانانە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو، بەشێوەیەكی تایبەتی، لەنێوان ئەوانەی كوژران، نزیكەی دوو سێیەكی فەڵەستینییەكان بوون، كە لەلایەن هێزە ئیسرائیلییەكان لە غەزە كرانە ئامانج، هەروەها رۆژنامەوانان لە وڵاتەكانی وەك سودان، پاكستان، مەكسیك، سوریا، میانمار، عیراق و هایتیش رووبەڕووی توندوتیژیی و كوژران بوون.
ئەوانەی باسمكرد بەركوڵێك بوو بۆ میدیاكارانی وەرزشی كوردی، ئاخۆ شتێك لەوبارەیەوە دەزانن، یاخود بەردەوامن لەسەرداهێنانی بێ هێنان و بێ دان و بێ هەموو بێیەكان، چونكە میدیاكاری وەرزشی كوردی نە ناوی هەیە و نە ناوەڕۆك، تەنانەت پێناسەكەی ئێستا تووشی لەناوچوون بووە!
سەبارەت بە رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەریی و ئازادیی لە میدیای وەرزشی كوردی، گەر شتێك بوونی نەبێت، ئازادی چ پێویست دەكات، نازانم میدیای وەرزشی كوردیی تاكەی لە خەوی غەفڵەت و بێ ئاگای هەڵناسێت، بۆچی خۆی تووشی زەهایمەری هزری كردووە و بیرناكاتەوە، بەردێك لەسەر بەردێك بۆ وڵاتەكەی دابنێت، نازانم مانای چییە كە زۆرهات قەواڵە بەتاڵە، تێناگەم بۆچی كار بۆ شتێك دەكات بەرامبەرەكەی حیسابی بۆ ناكات و نایكاتە بابەت و ژمارە!.
من زۆرجار باسم كردووە، خولەكانی جیهان بەگشتی لە میدیای وەرزشی كوردی قەدەغە بكرێت، دەبێت لە سفری میدیای وەرزشییەوە دەست پێبكاتەوە، بەتایبەتی میدیای وەرزشی كوردی كە نە هیچی لێ دەزانێت و نەدەزانێت ماف و ئازادی و مێژووی چییە، ئومێد دەكەم بەس بێت و واز لەوانە بێنن كە پەیوەندی بە تۆوە نیە، گەر رۆژێك نیشتمان باوەشمان بۆ نەكاتەوە، حەقی گلەییمان نەبێت.