لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی فیفا و نزیك بوونەوەی مۆندیالی قەتەر- 2022، هاوكات د.ئالان قادر ماوەیەك لەمەوبەر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پرۆژەیەكی پێشكەش بە فیفا كرد و باس لە لێدانی شووت لەدەرەوەی هێلی سزا دەکات تا بەدوو گۆڵ هەژماربكرێت، هەروەها ئەو پێیوایە سێ هێلی نوێی لەنێو هێلكاری یاریگای تۆپی پێشدا زیاد بکرێت.
وەك میدیاكارێكی وەرزشی بەدواداچوونێكم بۆ بابەتەكە كرد، چەند پرسیارێك و پێشنیارێكم بۆ دكتۆر ئالان و پسپۆڕان و خوێنەرانی وەرزشی دەخەمەڕوو، ئومێد دەكەم ئەم دید و بۆ چوونانەم خزمەتێك بە پرۆژەكەی دكتۆر ئالان بكات وهەمووشمان پاڵپشتی بكەین.
من پێم باشە خوێندنەوەیەک بۆ پرۆژەکەی د.ئالان بەم شێوەیەی خوارەوە بکەم و ئەنجامی بیرۆکەکەی بەم شێوەیە لێکدانەوەی بۆ بکەم؛
یەكەم : تۆپی پێ دەبێتە مایەی نەمانی تەكنیك وتەكتیكی جوان، لە زانستەوە روو لە هێز و هەڕەمەكی و خۆبەزلزان دەکات، لەتۆپی پێوە دەگۆڕدرێت بۆ زۆرانبازی ئەمەریكی، چونكە هێز دەبێتە سەنگی مەحەك، بای بای لە هزر و لۆژیك و جوانی و جادوی تۆپی پێ دەكرێت.
دووەم : رۆحی تۆپی پێ لە نمایش و جوڵەی جوان بۆ ئاقارێكی شووت شووتانێ و وونبوونی ناسنامەی راستەقینەی یارییەكە دەگۆڕدرێت.
سێیەم: كاتێك دوو تیپ یاری دەكەن، لە كۆتایی یارییەكەدا تیپێك لەدەرەوەی هێلی سزا گۆڵێك دەكات و بە دوو گۆڵ بۆی هەژمار دەكرێت، ئەو تیپەی بەرامبەر چۆن بتوانێ بێتەوە نێو كەش وكێبڕكێی یارییەكە، یاخود بتوانێ قەرەبووی ئەنجامەكە بكاتەوە، یەكێكیش لە هێما جوانەكانی وەرزش،جوانی و جوڵە و نمایش و رۆحی وەرزشییە، نەك ئەنجام و سەركەوتن.
چوارەم: كاتی خۆی پرۆژەی گۆڵی زێڕین پێشكەش كرا، فیفا بڕیاری جێبەجێكردنیشیدا، دواتر پەشیمان بوونەوە و هەڵیان وەشاندەوە، لەماوەی هەشت ساڵیشدا چەندین هەڵبژاردەی زلهێز لە مۆندیال و یانە گەورەكانی جیهان لە خولی یانەکانی ئەوروپا و جیهاندا، بوونە قوربانی پرۆژەی (مردنی لەناكاو) كەدواتر كرا بە گۆڵی زێڕین.
پێنجەم: لەم حاڵەتەدا یاریزانەكان، خۆپەرست و ئەنانی دەبن،گەر تەكنیك و جوڵەی جوان نامێنێت، هەر كەس بۆ خۆی شووت دەكات و یارییەكە بەگشتی بە ئاقارێكی خراپدا گوزەر دەكات.
شەشەم: زۆر كەسی پسپۆڕ هەیە كە بەردەوام لە فیفا كاری رێكخستن ونوێكردنەوەی بڕیارەكان و نووسینەوەی یاسا نوێكانی تۆپی پێیە و بگرە پێشڕەوی فیفا دەكەن لە پرۆگرامسازی سەردەمیانە و هێنانی زانستی تەكنەلۆژیا و بیرۆكەی نوێكاری لە تۆپی پێدا، كەچی خۆیان لەم گۆڕانكاریانەی وەك د. ئالان نەداوە، ئەمە یان بڕوایەكی بەهێزە، یاخود كشانەوەیەكی بەهێز ترە.
دکتۆر گیان پێشنیاردەكەم هەموومان هاوكارت بین، تا لۆژیکییانە دووبارە چاوپێخشاندنەوەیەک بە پرۆژەکەتدا بكەیتەوە، ئەویش بە كۆنگرەیەك یانپانێڵێك وكەسانی شارەزا و پرۆفیسۆر و دكتۆرانی بەشی وەرزش بانگهێشت بكەیت، ئەوانیش گفتوگۆی رووبەڕوو و هاوكار وپاڵپشتت بن و بەهەمان شێوە رەخنە وپێشنیاری خۆیان بدەن بە جەنابتان، دواتر بدرێت بە فیفا، من زۆر بەراشكاوی دەڵێم ئەم پرۆژەیە بچێتە فیفا و خۆێندنەوەی بۆ بكرێت گەر رەتیش بكرێتەوە و یاخود بیخەنە سەلەی خۆڵیشەوە، من بەسەركەوتنی دەزانم،گەر پرۆژەكەش سەركەوتنی بەدەست هێنا دەبێتە مێژوو، ئومێد دەكەم پرۆژەكەت بچێتە بواری جێبەجێكردن، ئینجا دواتر ناوێكی كوردی لێ بنێیت.
بۆیە دوا پرسیارم ئەوەیە، پرۆژەی دكتۆر چی بە سەرهات؟ بەدواداچوونی بۆ كردووە كە ئایا گەیشتۆتە فیفا یان نا ؟ فیفا وڵامی چی بووە؟ ئەنجامەكەمان بە بوون و نەبوون بداتەوە.
دەزگاكانی راگەیاندن كاریان لەسەر كرد، میدیاكارانی وەرزشی بنكۆڵی و چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ كرد؟ چونكەپرۆژەكە سنووری كوردستانی بڕیوە و تەنانەت لەعيراقیش كۆمێنتیان هەبوو وئاگاداربوون، هەرچەندە میدیاكاران بەدوادا چوونیان بۆ نەكردووە، بەڵام دەبێت د.ئالان وەڵامی شەقامی وەرزشیی بداتەوە، چونكە پرۆژەیەكی وا دەنگی نەبێت و وەڵامی نەدرێتەوە و مانای چییە.