خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن، بەداخەوە کە یەکێک هەوڵی خۆکوشتن دەدات یان ئەوەیە دەمرێ و چارەسەری مردنیش نییە، یان بە سەختی بریندار دەبێت و چەندین لێکەوتەی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە کە وەک مۆرێک تا لە ژیاندایە، پێوەی دەمێنێتەوە و رووداوەکە بیری خۆی و خەڵک دەهێنێتەوە.
بەم رەفتار و دەربڕین و نیشانە و گۆڕانی سەیر و سەرنجڕاکێشانە لە کەسەکەدا، دەتوانین بزانین ئایا کەسەکە بیر و نیازی خۆکوشتنی هەیە یان نا؟!. زۆرجار نیشانەکان وەک هاوار و هانایەک وایە بۆ فریاکەوتنی کەسەکە، بەڵام دەوروبەر گوێی پێنادەن و بەڕاستی نازانن و بگرە ئەگەر دەوروبەرەکە رەق و زبر و ناڕۆشنبیر بێت، گاڵتە و تێز و تەوس بە کەسەکە دەکەن و پێی دەڵێن درۆ دەکات. نیشانەکان بە کورتی: کەسەکە راستەوخۆ یا ناڕاستەخۆ باسی مردن و خۆکوشتنی خۆی دەکات، هەست دەکات بارە بەسەر خێزانەکەیە و بە مردنی ئەم رزگاریان دەبێت، رەشبین و نائومێدە لە خۆی و خەڵک و دنیا، دەڵێ نە خۆم دەتوانم، نە دڵسۆزانم دەتوانن کێشە و نارەحەتییەکانم چارەسەر بکەن، بەهای خۆی و بڕوا بەخۆبوونی نەماوە، راڕایە و بڕیاری بۆ نادرێ، توانای بە جێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانی ژیانی رۆژانەی نامێنێ، حەز و خولیا و چالاکییە چێژبەخشەکانی نامێنێ، لە کۆمەڵ و تەنانەت لە ئەندامەکانی خێزانەکەی خۆیشی دادەبڕێ و تەنیا دەمێنێ.
هەر رووداو و کێشەیەکی قورسی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی و تەندروستی، بۆی هەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری خۆکوشتن، کەواتە مەرج نییە کەسەکە پێشتر نەخۆشیی دەروونی هەبێت
ئەگەر نە کەسەکە خۆی و نە دەوروبەرەکەی هیچیان نەکرد بۆ چارەسەر، ئیتر وردە وردە رەفتارەکانی زۆر دەگۆڕێ، بۆ نموونە رەفتار و بڕیاری هەڵە و زیانبەخش و سەیر دەدات، ئۆتۆمبیل زۆر خێرا و خراپ دەئاژوێ، مەی یان مادەی هۆشبەر بەکاردێنێ، خۆی بریندار دەکات، لە مۆبایلەکەیدا دەکەوێتە گەڕان بەدوای رێگاکانی خۆکوشتن. چەند رۆژێک پێش خۆکوشتن گۆڕانی لەپڕ و سەرنجڕاکێش لە هەست و سۆزی روودەدات، بۆ نموونە لە نا ئارامی و هەڵچوون و هەژان و بێ ئۆقرەییەوە بۆ ئارامی و ماتی و کڕی و بێدەنگی، یان پێچەوانەکەی لە بێدەنگی و ئارامییەوە بۆ بێ ئۆقرەیی و هەڵچوون و ترسی زۆر.
نیشانە ترسناکەکان
نیشانە ترسناکەکانی کە دەبنە زەنگی مەترسی زۆر نزیکی خۆکوشتن ئەمانەن:
کەسەکە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو قەرزەکانی دەداتەوە، پێداویستی و شتومەکی شەخسیی ژیانی رۆژانەی دەبەخشێ، لەگەڵ ئەوانەی کێشەی هەبووە لە گەڵیان ئاشت دەبێتەوە، بە جۆرێک خواحافیزی لەگەڵ هاوڕێ و خزم و کەس دەکات وەک ئەوەی دوا دیداری بێت لەگەڵیان، راسپاردەی دوای مردن (وەسیەت) دەکات بۆ خێزانەکەی، نامەی دوا ماڵئاوایی دەنووسێ یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و فەلسەفی دەریدەبڕێ کە بەرەو مردن دەڕوات، بۆ نموونە دەڵێت (ژیان بێهودەیە، خۆزگە نەبوومایە)، (تەواو ئەرکی خۆمم بە جێهێنا و هیچ کێشەیەک لە دوای خۆم بۆ کەس جێناهێڵم)، (ئیتر لەو دنیا شاد دەبم بە خۆشەویستانم).
ئەگەر دەوروبەر لەم قۆناغەدا ئەو شتە گومان لێکراوانەیان لە نزیک کەسەکە دۆزییەوە کە بۆ خۆکوشتن بەکاردەهێنرێ، ئەوە ئیتر دەبێت دەمودەست و رەپ و رەوان دەربارەی نیازی خۆکوژی لەگەڵ کەسەکە قسە بکرێت و بخرێتە ژێر چاودێریی بەردەوام تا بەزووترین کات دەبرێت بۆ لای پزیشکی دەروونی یان بە ئەمبولانس دەبرێت بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەک.
هەر رووداو و کێشەیەکی قورسی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی و تەندروستی، بۆی هەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری خۆکوشتن، کەواتە مەرج نییە کەسەکە پێشتر نەخۆشیی دەروونی هەبێت. بەڵام هەموو نەخۆشیە دەروونییەکان کەم تا زۆر و بە پێی پلەی قورسیەکەیان و جۆرەکەی، ئەگەر گوێیان پێنەدرا و لای پزیشکی دەروونی چارەسەر نەکران، بۆیان هەیە ببنە هۆی خۆکوژی، لە هەندێک کەسدا یەکەم دەرکەوتنی نەخۆشییە دەرونییەکەی بە خۆکوشتن دەست پێدەکات.
ئەو هەڵە کوشندەیەی زۆرجار خزم و هاوڕێ و تەنانەت هەندێک دکتۆریش دەیکات ئەوەیە، کە ناوێرن یان دڵیان نایەت یان خۆیان کەڕ دەکەن لە کێشەکە یان دەترسن ئەگەر لە کەسەکە بپرسن نیازی خۆکوشتنی هەیە یان نا و نیازەکەی نەبێت، پرسیارەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی نیازی خۆکوشتن لە کەسەکەدا، ئەم ترسە هیچ بناغەیەکی زانستیی نییە و بەتایبەتی ئەگەر بەشێوەیەکی جوان و ئارام و بە پەرۆش و دڵسۆزی و هاوسۆزییەوە لەگەڵ کەسەکە کێشەکە باس بکرێت، بە دڵنیاییەوە کەسەکە خۆشحاڵ و سوپاسگوزار دەبێت و وا هەست دەکات بارێکی زۆر قورس لە کۆڵ و بیرێکی زۆر رووخێنەر و کوشندە لە مێشکی لابراوە.
زانایان بە مرۆڤ دەڵێن، گەردوونی بچوک (microcosm) واتا ئەوەندە ئاڵۆزە وەک گەردوون کە ناتوانرێ بە تەواوی لێیتێبگەیت و پێشبینی کردارەکانی بکەیت، بۆیە بەداخەوە هەندێ خۆکوژی هەیە، چاوەڕوان نەکراو بووە و دەوروبەر هیچ نیشانەیەکی خۆکوژیان لە کەسەکەدا نەبینیوە.
خۆکوژی لە نەخۆشخانەی ئاسایی و لە نەخۆشخانە دەروونییەکانیشدا کاتێک روودەدات، کە کەسی نەخۆشی دەروونی، لە ژێر چارەسەر و چاودێریی ورد و پیشەیی پزیشکی دەروونی و چارەزانی دەروونیدایە.