د. هەژار عوسمان مەعروف
پێشبینیکردن یەکێکە لە گرنگترین ناسەرەوەکانی مرۆڤبوون، بێگومان پێشبینیکردنی تەواوی %100 ئەوەی کەسێکی ناسراو یان نەناس نیازی هەیە لە ئایندەیەکی نزیک یان دووردا چی دەکات، توانایەکی نەکردە نییە و هەر کەسێک لافی ئەمەی لێدا، ئەوە بەدڵنیاییەوە راست ناکات و نیازیشی پاک و باش نییە. بەڵام بە سەرنجدانی ورد و ئامانجدار لە دوو شتی مرۆڤ، دەتوانین بڕێکی باش نزیکبینەوە لە ویست و حەز و نیازی شاراوەی ئەو کەسەی لە ژێر چاودێرییماندایە.
یەکەم: گۆڕانی بڕێک سەیر و نائاسایی لە ئەوەی ئێستا، بە بەراورد بە رابردووی کەسەکە چی دەڵێ و چی باسدەکات لەگەڵ خۆی و دەوروبەرە نزیکەکەی، واتا چ بیر و فکرێک دەردەبڕێ. باوکێکی 75 ساڵەی ئاشتییخوازیی دەردەدار، کە ژیانی رابردووی پڕبووە لە کوێرەوەری، ئێستا لە منداڵەکانی دەپرسێ، ئەرێ گەرمی چ کارلێکێکی هەیە لە سەر تەندروستی مرۆڤ، یان هەواڵی چەک (دەمانچە) یان لێ دەپرسێ.
ئەمڕۆ بەهۆی سۆشیال میدیاوە کە خەریکە دەبێتە (سۆشیال مافیا!) کەسانێکی زۆر هەن خۆیان کردووە بە دەروونناس و دکتۆر و چارەسەرزانی دەروونی و پزیشکی هەناوی و نەشتەرگەری و شێرپەنجە
ژنێکی80 ساڵەی دەردەدار و کوڕ کوژراو، لەم دواییانەدا بەردەوام ئەوە دووبارە دەکاتەوە، کە چۆن و کەی و لە چ دۆخێکی بێشانسی چاوەڕوان نەکراودا، کوڕە نازدارەکەی بە یەک گولەی وێڵ دەسبەجێ کوژراوە. ئەم ژنە بەردەوام باسی ئەو خوشک و برایانەی دەکات لە چەند ساڵی رابردوودا یەک لە دوای یەک، وەک چۆن تەرزەیەکی چاوەڕوان نەکراوی رەق و ساردی بێبەزەیی، میوەیەکی ناسکی تازە خۆگرتوو دەوەرێنێ، ئاوا ئەوانیش بۆ هەتا هەتایە لە درەختی ژیان وەریوون و ئەمیان بەجێهێشتووە. ئەم ئێستا بە روونی خۆزگە دەخوات بگاتە کاروانە بێکۆتاییەکەی ئەوان و خەڵکی تر، چەند رۆژێکە بەردەوام یەک لە دوای یەک ناوی خوشک و برا مردووەکانی دەهێنێ، ئەم خانمە بڕوادارە، زۆر باسی گەیشتن و شادبوونەوە بەوان دەکات لە بەهەشتە بەڵێن پێدراوەکەیان.
دووەم: گۆڕانی بڕێک سەیر و نائاسایی لە رەفتاری رۆژانەی کەسەکەدا. کوڕێکی هەرزەکاری لە هونەردا زۆر بەهرەدارە، لە چەند ساڵی رابردوودا کێشەی زۆری لەگەڵ هەندێک لە مامۆستا و هاوپۆلەکانی هەبووە و هەندێکجار بە مەی خواردنەوە، کەمێک ناجێگیریی زۆری باری دەروونیی ئارام کردۆتەوە. باوک و دایکی ئەم گەنجە، سەرسام و واقوڕما و رۆژێک گوریسێکی ئەستوور و درێژ لە ماڵەوە دەبینن کە کوڕەکیان کڕیویەتی و هیچ ئیشێکیش لە ماڵەکەدا نییە، کە ئەم گوریسەی پێویست بێت.
ژنە 80 ساڵەکە وردە وردە حەزی بۆ خواردن و خواردنەوەی تەنانەت ئاویش نامێنێ و بە جۆرێک لە مانگرتنی رانەگەیەنراودا، وردە وردە تەندروستیی بە جۆرێک تێکدەچێت کە دکتۆر و دەرمان و خەواندنی نەخۆشخانە، دادی نادات. من ناڵێم رۆژی تەواوبوو و مرد، بەڵکو دەڵێم بە نان و ئاو نەخواردنی مەبەستدار، بە ئارەزوو لێگەڕا وردە وردە وشک بێتەوە و بتوێتەوە و بمرێت.
هەندێک کەس، باری دەروونیان ئەوەندە شێواوە و ئەوەندە بێ وزەیە، کە ناتوانن چالاکانە بە کردارێک خۆیان بکوژن! باوکە 75 ساڵەکە چەند رۆژێک دوای قسەکانی سەرەوەی لە دەرەوەی ماڵەکەی، بە دەبەیەک بەنزین خۆی دەکاتە پارچەیەک رەژو. کوڕە هەرزەکارەکەش بە گوریسێک لە ماڵی خۆیدا خۆی دەخنکێنێ.
من لەوە دڵنیام خزم و کەسی ئەو سێ کەسە، بەوپەڕی سۆز و بەزەیی و دڵسۆزیەوە ئەوەی لە دەستیان هاتووە و توانیویانە بۆ کەسەکەی خۆیان کردوویانە، بەڵام وادیارە ئاست و پلەی مەترسیی دۆخەکەیان باش مەزەنە نەکردووە، یان شڵەژاون و هەست و سۆز بەسەریاندا زاڵبووە و نەیانتوانیووە بە هزر و لێکدانەوەی قوڵ و بڕیاری یەکلاکەرەوە، بە چارەسەری پزیشکی و دەروونیی خێرا و کارا، ژیانی کەسەکەیان رزگاربکەن.
ئەوەی بڕیاردەرە بۆ یارمەتیدان و چارەسەری پزیشکیی کەسێک ئەوەیە، کە تۆ کەی و لە چ رۆژ و سەعاتێکدا، کەسی نەخۆشی جەستەیی یان دەروونی، یان هەر کەسێک کە کێشەی گەرم و تاوسەندوی دەروونی و کۆمەڵایەتیی هەیە، دەبەیتە لای دکتۆر یان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن یان بۆ هەر شوێن و ناوەندێکی راوێژکاریی پیشەیی.
دەبێت بزانیت کەی و بۆ کوێ و بە چی و(ئەمبولانس) بۆ لای چ کەسێکی دەبەیت، چونکە ئەمڕۆ بەهۆی سۆشیال میدیاوە کە خەریکە دەبێتە (سۆشیال مافیا!) کەسانێکی زۆر هەن خۆیان کردووە بە دەروونناس و دکتۆر و چارەسەرزانی دەروونی و پزیشکی هەناوی و نەشتەرگەری و شێرپەنجە. فارس دەڵێت: ( نیو مەلا ئایین دەبات و نیو دکتۆریش گیان دەبات.)