بیروباوەڕی مرۆڤ لەسەر تەندروستی و نەخۆشی و دەرمان و جۆرەکانی تری چارەسەری پزیشكی، رۆڵێکی بڕیاردەر دەبینن لە رەفتاریی نەخۆش لەگەڵ خۆی و دکتۆر و تەندروستکاراندا و ئەو چارەسەرە جۆراوجۆرانەی وەریدەگرێ لێیان.
وشەی placebo واتای (دەبێ باش ببمەوە) دەگەیەنێت، تۆ ئەگەر گەشبین بیت و باوەڕی تەواوت بەوە هەبێت کە لە کێشە تەندروستییەکەت چاک دەبیتەوە، ئەگەری زۆرە کە هەر بەڕاستی چاک ببیتەوە یان ئێش و گرفت و نیشانەکانی تری نەخۆشییەکەت کەم ببنەوە، ئەم کارلێکە باشە، کارلێکێکی دەرەوونیی رووتە و پێیدەوترێ (کارلێکی پلاسیبۆیی).
چۆن لێکۆڵەرانی بواری تەندروستی توانیان کارلێکی پلاسیبۆیی بسەلمێنن؟!
ئەوانەی چەند نیشانەیەکی هاوبەشی نەخۆشییەکی دیاریکراویان هەبوو، کردیانن بە سێ دەستەوە.
دەستەی یەکەم: جۆرێک دەرمانیان پێدان لە شێوەی حەب کە دژی نیشانەکان بوو.
دەستەی دووەم: حەبی هەمان قەبارە و رەنگ و شێوەیان پێدان، بەڵام هیچ مادەیەکی دەرمانی تێدا نەبوو.
دەستەی سێهەم: هیچیان نەدانێ و ئینجا دوای چەند هەفتەیەک پرسیاریان لە هەر سێ دەستەکە کرد و بۆیان دەرکەوت، کە دەستەی یەک و دووەم، هەردووکیان باشتربوون و دەستەی سێهەم، وەک خۆیان بە سکاڵاکانیانەوە مابوونەوە. سەیرە! تۆ بە خواردنی شتێکی خڕی وەک حەب یان کەپسولێک یان بە لێدانی دەرزیەک کە هیچ مادەیەکی دەرمانیی تێدا نییە، باش بیتەوە و بڵێی، ئێشەکەم کەمبۆتەوە یان نەماوە دکتۆر!
راوەستە لە مەش سەیرتر! پلاسیبۆ لە نەشتەرگەریشدا هەیە، چەند کەسێک نەخۆشیی هەوکردنی ئێسک و جومگەییان osteoarthritis هەبوو، کردیانن بە دوو دەستەوە، نەخۆشانی دەستەی یەکەم لە دۆخی بێهۆشیدا دکتۆر بە هەناوبینی (نازور) چووە ناو جومگەکەیەوە و پاک شتی و گۆشت و کڕکڕاگەی مردوی فڕێدا و کونی شوێن هەناوبینەکەی دووریەوە. ئەوانەی دەستەی دووەم کە هەمان نەخۆشیان هەبوو، بێهۆشیانکردن و پێستی سەر جومگەکەیان بڕی، بەڵام شوێنەکەیان کون نەکرد و بە هەناو بینەکەوە نەچوونە ناو جومگەکە بۆ پاککردنەوەی وەک دەستەی یەکەم، ئینجا بێ ئەوەی هیچی تر بکەن برینەکەیان دووریەوە. بێگومان بەم نەخۆشانەیان وتبوو کە بە هەناوبینی هەمان جۆری نەشتەرگەرییان بۆ دەکەن، بەڵام بۆشیان نەکردبوون. دوایی پاش پرسیارکردن، نەخۆشەکانی دەستەی یەکەم وەک چاوەڕواندەکرا زۆر باشتر بوون، بەڵام سەیرەکە لە دەستەی دووەمدا بوو، کە ئەمانیش باشتر بوون، چونکە ئەمانیش چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبوو کە بە هەناوبینیەکە چاکتر دەبن، بەڵام نەیاندەزانی کە ئەسڵەن هەناوبینیان بۆ نەکردوون و دەسکاریی جومگەکانیان نەکردوون!
ئا ئەمەیە کارلێکی پلاسیبۆیی کە کارلێکێکی دەروونیی رووتە، پزیشک دەتوانێت بەکاریبێنێ بۆ سوودی نەخۆش، ئەمەش بە هاندانی بۆ وەرگرتنی دەرمان و بەجێگەیاندنی رێنماییەکانی دکتۆر و بەپێدانی هیوا و ئومێد لە سەر بناغەی راستییە پزیشکییەکان، نەک بە پێدانی دەرمانی درۆ یان دەستلێدان و کارکردنی جۆراوجۆر لە سەر جەستەی نەخۆش.
وشەی placebo واتای (دەبێ باش ببمەوە)، تۆ ئەگەر گەشبین بیت و باوەڕی تەواوت بەوە هەبێت کە لە کێشە تەندروستییەکەت چاک دەبیتەوە، ئەگەری زۆرە کە هەر بەڕاستی چاک ببیتەوە یان ئێش و گرفت و نیشانەکانی تری نەخۆشییەکەت کەم ببنەوە
ئەم کارلێکە دەروونییە بە تەنیا بەس نییە بۆ چارەسەری هیچ نەخۆشییەک، بەڵکو پزیشك دەبێت لەگەڵ دەرمان و جۆرەکانی تری چارەسەری پزیشکییدا، بەتایبەتی لەو نەخۆشیانەدا بەکاریبێنێت کە هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی تێیاندا زۆر ئامادە و بەهێزە. بۆ نموونە لە ئێشی ئەندامەکانی جەستە بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە تەنگەنەفەسی و پەستانی خوێن و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و هەروەها لە هەموو نەخۆشییە دەروونییەکاندا. بۆ نموونە کەسێک نەخۆشیی پەستانی خوێنی هەیە و پزیشک پێیوتووە هەتا لە ژیاندا بیت، دەبێ ئەم دەرمانانە بخۆیت. ئەگەر دکتۆرەکە زۆر بە دڵنیاییەوە بۆ نەخۆشەکەی بیسەلمێنێ، کە دەرمانەکان ناهێڵن تووشی جەڵتەی دڵ و مێشک بێت و بەمە تەمەنی درێژ دەکەن، ئەمە کارلێکی پلاسیبۆیی دەروونی زیاد دەکات بۆ کارلێکی کیمیایی دەرمانەکان و نەخۆشەکە والێدەکات کە بەڕێکی و دروستی، بەردەوام دەرمانەکان بخوات.
لە چارەسەری نەخۆشییە جەستەییە رووتەکانی وەک میکرۆبی و مێشک و دەماری و شێرپەنجە و کەمخوێنی و نەخۆشی تردا، کارلێکی پلاسیبۆیی رۆڵێکی وای نییە.
بەداخەوە ئەمڕۆ لە کوردستاندا زڕدکتۆرە دەروونییە جۆراوجۆرەکان، بێ بەزەییانە کارلێکی پلاسیبۆیی بەکاردێنن بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونی و کێشەی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆریان هەیە. مامۆستایەکی ئایینی ناوی خۆی ناوە دکتۆر لە (الطب النبوي) بە هۆی دواکەوتوویی کۆمەڵەکەمانەوە و لەڕێی ریکلامی بەکرێگیراوەکانییەوە لە سۆشیالمیدیا، هەروەها بە قسەزانی و فێڵبازی و بەکارهێنانی ئایین بۆ سوودی خۆی، ناوبانگێکی گەورەی بۆخۆی دروستکردووە و بووە بە خاوەنی کارلێکێکی پلاسیبۆیی گەورە. خێزانێک کوڕەکەیان شیزۆفرینیایەکی توندی هەیە، ناوبانگی کاکی زڕدکتۆر گەیشتۆتە ئەمان و نەخۆشەکەیان، کە دەیبەن بۆ لای، ئەگەر بە کارلێکە پلاسیبۆییەکەی و بەو رەشکە و هەنگوین و ئاوی زەمزەم و شتی تر، کە دەیانداتە نەخۆشەکە و بەو چاوەڕوانییە دەروونی و هزرییە گەشبین و ئەرێنییەی نەخۆش و کەسوکارەکەی، بەڵێ هیچ سەیر نییە نەخۆشەکە بۆ ماوەیەک باشتر بێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە بەردەوام چارەسەری تەواو لای دکتۆرێکی دەروونی وەرنەگرێت، بەدڵنیاییەوە دۆخی دەروونیی دوای ماوەیەکی کەم، تێکدەچێتەوە و بڵقی کارلێکە پلاسیبۆییەکە فش دەبێتەوە!