لەناو رووداوەکاندا

ئاشتەوایی تورکیا و سعودیە لە دوای چی؟

11:59 - 2022-06-27
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
417 خوێندراوەتەوە

(18)

لە 2 ی ئۆکتۆبەری 2018 رۆژنامەنووسی ئۆپۆزسیۆنی سعودی جەمال خاشقچی وەک باسیان لێوەکرد لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەیدا لە تورکیا تیرۆر کرا، ئەم کوشتنە بووە خاڵی دەسپێکی ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان شازادەی جێنشینی سعودی و سەرۆک کۆماری تورکیا.
لە دوای چوار ساڵی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات، دواجار ئەردۆغان لەسەر داوای «شا سەلمان عەبدولعەزیز» لە 29ی نیسانی 2022 چووە سعودیە و لەپاڵ مەرامە سیاسییەکەیدا، عومرەی ماڵی خودایشی بەجێ گەیاند، زۆرێکی میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان، عومرەکەیان ناونا (عومرەی سیاسی)، لە بەرامبەریشدا لە 22ی 6ی 2022 محەمەد بن سەلمان سەردانی تورکیای کرد و لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشوازی لێکرا.
لەدوای خاوبوونەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لێکدانەوەی زۆر بۆ رەنگڕێژکردنەوە و داڕشتنەوەی جۆرێکی دیکەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دەکرێت، بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا دیارترینی ئەو دەرهاویشتانەی ئاشتبوونەوەکەی نێوان محەمەد بن سەلمان و ئەردۆغانە، دوو بابەتی سەرەکییە:
یەکەم: ئەردۆغان پێش سەردانەکەی بۆ جەددە، رایگەیاندووە کە دۆسیەی خاشقچی رادەستی دادگای باڵای سعودیە کراوە، ئەمەش بەو مانا دێت دۆسیەی کوشتنەکە داخرا و محەمەد بن سەلمان لە دۆسیەکە رزگاری دەبێت، مادام دۆسیەکە لە دادگای وڵاتەکەیدایە دەتوانێت بە ویستی خۆی ئەو دۆسیەیە بگۆڕێت، کوردیش دەمێک ساڵە وتوویەتی «وەی لەو خوێنەی شەو و رۆژێکی بەسەردا بچێت»
دووەم: دوای ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا جۆ بایدن رایگەیاند بەهۆی کوشتنی خاشقچییەوە دەستبەرداری سعودیە دەبن و پاشان لە راپۆرتێکی ئیدارەکەی بایدندا راستەوخۆ ئەو شازادە سعودیە لەو کوشتنە تێوە دەگلێنێت. ئێستا جۆ بایدن دەیەوێت لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆببێتەوە، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت پێش ئەم دیدارە، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دانیشتن بکات، تورکیا گرژییەکانی لەگەڵ شازادە جێنشینەکە سفر بکاتەوە و بە ئاراستەی روسیا کار بکات.
ئەم هەوڵە پەلەیەی ئەردۆغان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دوای ئەوە دێت کە بەپێی تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی  ئەمریکی، جۆ بایدن بڕیاری داوە لەپێناو «وەڵامدانەوەی روسیا و هەوڵدان بۆ دابەزاندنی نرخی وزە، کە هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان بەشێوەیەک لەساڵی 1981ەوە بەو شێوەیە نەبووە»، لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆببێتەوە و دۆسیەی رۆژنامەنووسە سعودیەکە بەتەواوی دابخات. هەر ئەم تۆڕە هەواڵییە پێشتر بڵاوی کردەوە کە کوڕەکانی خاشقچی بڕی 700 ملیۆن دۆلار  لە دەسەڵاتی سعودیە وەردەگرن لە بەرامبەر خوێنی باوکیاندا کە بووە مایەی نیگەرانی بایدن.
تاکو ئێستا دۆسیەکەی خاشقچی بەهەر شێوەیەک نەگەشتبێتە ئەنجام و تاوانبارانی ئەو تیرۆرە نەزانرابن، ئەوا خوێنی خاشقچی لە مامەڵە و دانیشتنی هەریەک لە ئەمریکا و تورکیا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، ئۆتۆماتیکی ون دەکرێت و شازادەکە لەو تیرۆرە رزگاری دەبێت کە رۆژانێک دەوترا ئەو کوشتنە مەترسی دەبێت بۆ سەر پێگەکەیی و دەسەڵاتەکەی لە ناوەوە و دەرەوەدا.

وتارەکانی نوسەر