کاریگەریی ‌چیرۆکی منداڵان لەسەر پەروەردەیەکی تەندروست

12:01 - 2025-06-02
کەمال عبدوڵڵا
75 خوێندراوەتەوە

 هەرسێ کتێبە ئاسمانییەکان، «تەوڕات - ئینجیل- قورئان» بەچیرۆک دەستیان پێکردووە، بەشی زۆری پێکهاتەی هەرسێ کتێبەکە چیرۆکە، کەواتە چیرۆک لە دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤدا بە گەورە و بچووکەوە رۆڵێکی گرنگی هەیە، بەڵام بەتایبەت باسکردن و گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵان کاریگەریی زیاتری هەیە بەراورد بە دنیای گەورەکان، چونکە منداڵان خاوەنی هەست و ویژدانێکی خاوێن و پاکن و لەگەڵ ناڕێکی و خراپییەکانی ژیاندا کارلێکیان نەکردووە.
پێغەمبەری ئیسلام فەرموویەتی: هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت، بەڵام دوایی دایک و باوکی دەیگۆڕن، رۆسۆش دەڵێت: هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت، بەڵام دوایی لەناو کۆمەڵدا بۆگەن دەکات.
چیرۆک گێڕانەوە بۆمنداڵانی قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەت پۆلەکانی بازنەی یەکەم، زۆر کارێکی پێویست و گرنگە و یەکێکە لەفاکتەرە کاریگەرەکانی ناوپڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن. منداڵ ناتوانێت گوێ لە ئامۆژگاریی و وتاری مزگەوت و سیاسییەکان بگرێت، رێگەی دروست بۆ وروژاندنی دڵ و دەروون و هەست و بیرکردنەوەی منداڵ گێڕانەوەی چیرۆکە!

 

چیرۆک گێڕانەوە بۆ منداڵانی قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەت پۆلەکانی بازنەی یەکەم، زۆر کارێکی پێویست و گرنگە و یەکێکە لەفاکتەرە کاریگەرەکانی ناوپڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن

 

چیرۆک بیر و ئەندێشەی منداڵ فراوان دەکات و وای لێدەکات دنیا بەجۆرێکی جوانتر ببینێت.  دنیای منداڵان دنیایەکی پاک و بێگەرد و جوانە و پڕیەتی لەخەونی ئەرخەوانی و رەنگاڵەیی نایاب کە پڕتام و چێژە!! وەکو دنیای گەورەکان وشک و برینگ و رەق و تەق نییە،  دەبێت ئەوانەی بە ئەرکی پەروەردەیی هەڵدەستن کەسانی شارەزا و پسپۆڕبن، مەبەستم ئەوەنییە بڵێم ئەوانەی پەروەردەکارن دەبێت کەسانی ئەکادیمی بن و پسپۆڕیان هەبێت، بەڵکو پێویستە پەروەردەکار تێکەڵ بەناخیان بن و بزانن چۆن هەڵسوکەوت و قسە و باس رەفتار و گوفتار لەگەڵ منداڵان دا دەکەن، چۆن دەتوانن دڵ و مێشک و هزر و بیرییان بکەنەوە و ئامادەیان بکەن و بتوانن خەونییان بۆ دروستبکەن، بیانکەنە مرۆڤگەلی رووخۆش و نەرم و نییان و خاوەن ئامانج.
بە ئەزموونی مامۆستاییم، گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی، ئەو منداڵانەی چیرۆکییان بۆ دەگێڕدرێتەوە یا بۆیان گێڕدراوەتەوە، ئاسۆی بیرییان فراوانتر دەبێت و یادگەوبیرەوەرییان جوانتر و باشتر کاردەکات بە بەراورد بەو منداڵانەی چیرۆکییان بۆنەگێڕدراوەتەوە.  
هەمیشە منداڵان حەزییان لەوچیرۆکانەیە کە پاڵەوانەکانییان کەسانی راستگۆ و چاونەترس و دەستپاک و خەمخۆری میللەتن و لە خەیاڵی خۆیاندا دەچنە شوێنی ئەو کەسانە و خۆیان لەچیرۆکەکان دا دەبیننەوە، بەسەرکەوتنی پاڵەوانەکانیش دڵخۆش دەبن و بەشکستی مرۆڤە شەڕانگێز و خراپەکارەکانیش زیاتر متمانەیان بۆدروست دەبێت، هانیان دەدا گوفتار و رەفتارییان چاکبکەن و لەداهاتوودا ببنە جێگای ئومێدی کەسانی دیکە و هەوڵی پێشەوایەتی و رابەرایەتی و داهێنان بدەن.
چیرۆکی باش و پڕواتا ئەگەر چیرۆکبێژەکە بتوانێت چێژبە گێڕانەوەکە ببەخشێ زۆرکار لە دڵ و دەروون و هەست و سۆزی منداڵ دەکا و فێرییان دەکات ئەوانیش چێژ بە ژیانی خۆیان و کەسانی دەورووبەرییان ببەخشن و بەشەوقەوە ئەرکەکانی خۆیان رێک و پێک جێبەجێ بکەن.

وتارەکانی نوسەر