شوێنەوارناس و گەڕیدەی بەریتانی مانسل، لە گەشتێکیدا بۆ کوردستان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، دێتە ناوچەکانی سنووری رانیە و پشدەر و ئاماژە بە ناوچەی دەربەند دەکات و دەڵێت:
«شیوی دەربەند دەبێت وەک نزیکترین رێگەی نێوان نەینەوا بۆ ئێران کەڵکی لێ وەرگیرابێت، دەبێت هەرواش بوبێت، چونکە ئەوە رێگەی هەرە ئاسانی نەینەوا (موسڵ) بۆ ئێرانی ئەمڕۆیە. زنجیرە چیایەک، کە رووباری پێدا دەڕوات، لە باکووری خۆرئاواوە بۆ باشووری خۆرهەڵات، بە هێڵێکی زۆر دیار و هەندێکیش راستدا دەچێتە پیش و لە بەردێکی رەش و پتەو پێکهاتووە و لە هێڵێکی سنووردا بە مەودای چەند میلێک دەشتی بیتوێن لە پشدەر جیادەکاتەوە،
ئەو شیوەی کە رووبارەکەی پێدا دەروات، شیوێکی قووڵە و درێژاییەکەی پتر لە 400 -500» یاردە دەبێت، رێگەکە بە رۆخی راستی رووبارەکەوە نووساوە و هەر بەو جۆرەش دەچێتە پێشەوە و لەنێوان رووبار و دیواری سەخت و پتەوی زنارەکەدا، شوێنێکی زۆری بۆ تێپەڕین نییە».
لەو نووسینەدا کە گەڵاڵەیەکی روونکردنەوەی نامەکەشی لەگەڵ بوو، مانسێل زیاتر شیکردنەوەکە درێژەپێدەدا و دەڵێ : « زنارەکە زۆر سەخت و قایمەو بۆ بەرگری کردن لە هەڵخلیسکانی تایەی عارەبانە و کەوتنیان بۆ ناو رووبار، شەڕکەرە ئاشورییەکان لەسەر رێگەی خۆیان لە نەینەوا بۆ ئێران و کەمکردنەوەی راددەی مەترسیی هەڵخلیسکان، رێگەکەیان بە قووڵیی دوو پێ و پانایی هەشت پێ و درێژایی 100 یاردە لەژێر زنارەکە بڕیبوو، ئەوەم کە بینی واتێگەیشتم لە سەردەمی کۆندا بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی لێوەرگیراوە، کوردەکانی سەردەمی ئێستا هەرگیز زەحمەت بەخۆیان نادەن تا رێگەیەکی ئاوا بەو زنارەوە ببڕن».
هەروەها مانسێل لەبارەی نەخشی دەربەندی رانیەوە نووسیویەتی: «دوای ئەوە، نزیک بە 40 پێ بەرزایی لەبان سەرمان بەسەر زنارەکەوە نووسراوەیەکم بە خەتی بزماریی بینی. (لەوحەکە) نزیک بە چوار پێی چوارگۆشە دەبوو، لەبەر بەرزبوونی جێیەکەی نەمتوانی نووسراوەکە بخوێنمەوە یا نموونەی لێ هەڵگرم، دەبوایە داربەستی بۆ هەڵبەستم بۆ ئەوەش پێویستم بە چەند نەردیوان هەبوو، کە بەدەستەوە نەبوو، جیا لەوانە ئەو کاتە نەخۆشیی «چاوقووڵکە» تەواوی ناوچەکەی داگرتبوو و کوردەکان لەناو رەشماڵەکانیاندا دەمردن و لەترسی گیرانی رێگە دەبوایە پەلە بکەم، بەڵام کاتی ئەوە هەبوو کە سەرنج بدەمە ئەو شتانەی باسم کردن، نەخشی زەقم نەدی، تەنیا لەوحەیەکی چوار سووچم بە زنارەکەوە بینی کە نووسراوەی لەسەر نەبوو، ئەگەر پتر بگەڕێین لەوانەیە لە سەرووی ئەوەوە بەردی تریش بدۆزینەوە، بەڵام ئەگەر شتێکی وا بوایە لەسەر رێگەکەوە دەبینرا و من پێموانییە چی تری لێ بێ”.
*پسپۆڕ لەبواری مێژووی هاوچەرخ