یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فەرەنسا

12:30 - 2025-06-02
د. محەمەد هەورامی
103 خوێندراوەتەوە

سەرەتا پیرۆزبایی یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خۆمان و  هەموو ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبە  دەکەم، لەپێش هەموویانەوە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، چونکە گەر گیانفیدایی ئەوان نەبوایە، نەماندەتوانی بەم رۆژە بگەین. 
دیارە هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گرنگی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داوە، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتە گەورەکان، لەپێش هەموویانەوە فەرەنسا، یەکێتی هەمیشە لەم وڵاتەدا نوێنەرایەتی و ئەندام و لایەنگری هەبووە، هەروەها هەوڵی زۆریشی داوە، پەیوەندی بە حزب و لایەنە سیاسییەکان و میدیای فەرەنسییەوە بکرێت و لە دیدی یەکێتییەوە باسی کێشەی کوردیان بۆ بکرێت. 
جەنابی سەرۆک مام جەلال، یەکەم سەرکردەی کورد بووە، کە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فەرەنسا دروستکردووەو باسی سیاسەتی فاشیستانەی رژێمی بەعسی بۆ حکومەت و پارتە سیاسییەکان و میدیای فەرەنسا کردووە، بەتایبەتی لەپاش کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال، ئەمەش وایکرد کە حکومەتی فەرەنسا گرنگی بە دۆزی کورد بدات، بەتایبەتی لەسەردەمی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا فرانسۆ میتران، هەر ئەم سەرۆکەی فەرەنساش رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە هاوکارییکردنی کورد لەکاتی کۆڕەودا و بە فشاری فەرەنساش بوو، کە ناوچەی دژە فڕین بۆ کورد لە باکووری عیراق دروستکرا، کە دواتر بووەهۆی لەدایکبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە پاش پرۆسەی ئازادکردنی عیراق و بوونی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عیراق، وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق سەردانی فەرەنسای کرد و رۆڵی یەکلاکەرەوەشی هەبوو، لە گۆڕینی هەڵوێستی سیاسیی فەرەنسا بەرامبەر بە عیراقی نوێ، چونکە لەسەردەمی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا جاک شیراک، کە زۆر دۆستی سەدام حسێن بوو، دژی رووخانی رژێمی سەدامیش وەستایەوە، بەڵام لەپاش سەردانی جەنابی سەرۆک مام جەلال بۆ فەرەنسا، هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر بە عیراق گۆڕا، بەتایبەتی کاتێک نیکۆلا سارکۆزی بووە سەرۆک کۆماری فەرەنسا، هەڵوێستی فەرەنسا بە گشتی بەرامبەر بە عیراق  و هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هات.
فەرەنسا وڵاتێکی مەزنی جیهانە، ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و رێکخراوی ناتۆیە، هەربۆیە رۆڵ و کاریگەریی گەورەی بەسەر سیاسەتی جیهانەوە هەیە، لەبەرئەوە زۆر گرنگە ی. ن. ک گرنگی زیاتر بەم وڵاتە بدات،  جگەلەوەش رەوەندێکی زۆری کوردی هەرچوارپارچەی کوردستان لە فەرەنسایە، لەبەرئەوە پێویستە گرنگی زیاتر بە رەوەندی کوردی لە فەرەنسادا بدرێت، چونکە ئەم رەوندە کوردییە، هەمیشە ئامادەبووە داکۆکی لە گەلی کورد بکات.
ئێمە لە ناوەندی ی.ن.ک لە فەرەنسا هەوڵی زۆرمان داوە، تاوەکو بەردەوامی بەو پەیوەندییە بدەین، کە چەندین ساڵە لەلایەن ئەندام  و کادرانی ئەم حزبەوە لەم وڵاتە دروستکراوە، بەردەوامییش بەو پەیوەندییە دەدەین، چونکە پێمانوایە پێویستە گرنگیی زیاتر بەم وڵاتە مەزنەی جیهان بدرێت. 
*بەرپرسی ناوەندی ی.ن.ک لە فەرەنسا

وتارەکانی نوسەر