ژن و یەکێتی لە پێنج دەیەدا

09:58 - 2025-06-03
بەدرییە حسێن
113 خوێندراوەتەوە

لە مێژووی پێنج دەیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، رۆڵی ژن وەک سیمایەکی سەرەکی لە پرۆسەی ئازادی و گەشەسەندندا سەریهەڵداوە و لە نەخشەی سیاسیدا، کاریگەری و پێگەی سیاسی و رۆڵی هەبووە.
رۆڵی دادە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، وەک کەسایەتییەکی نموونەیی و تێکۆشەر، کاریگەریی گەورەی هەبوو لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی. ئەو نەک تەنها وەک هاوسەری سەرۆک مام جەلال، بەڵکو وەک کەسایەتیی خۆی، دەرگای بۆ بەشداریی ژن لە سیاسەتدا کردەوە.
رۆڵی دادە هێرۆ لە یەکێتیدا، لە چەند بوارێکدا بوو، لەوانە، بەشداریی کردەیی لە خەباتی شاخدا لە هەشتاکان. بەڕێوەبردنی دەزگا کەلتوری و رۆشنبیرییەکان وەک خاک و کوردسات. دامەزراندنی رێکخراوی مناڵپارێزیی کوردستان. 
رۆڵی لە دامەزراندن و پاڵپشتیکردنی یەکێتی ژنانی کوردستان، ئەمانە بوون بە کانزایەکی فراوان بۆ هەموو ژنانی یەکێتی.
سەرۆک مام جەلال، لە مێژووی کاری سیاسی خۆیدا، هەڵوێستی ئەرێنی لە بارەی رۆڵی ژنەوە هەبووە. لای ئەو ژن وەک هاوبەشی یەکسان لە خەبات و سیاسەتدا بووە. بەرگریی راشکاوانە و راستەوخۆی لێکردوون، بەشداریی چالاکییەکانیانی کردووە و چەندین ژنی نموونەی وەک هێرۆخانی خستووەتە پێشەوە. 
نەسلی نوێی سەرکردایەتی یەکێتی، لە روئیایی سەرۆک بافڵ-وە لە بەرنامە سیاسییەکانیدا جەخت لەسەر «باوەڕی تەواو بە توانای ژنان» دەکاتەوە و وەک بەشێکی سەرەکییان دادەنێت و رێگە بۆ بەشداریی بەرفراوانی ژنان خۆش دەکات.
ئەمە لە تێگە و پڕاکتیکی قوباد تاڵەبانیشدا، بەرچاو و کاریگەر تر دەردەکەوێت، کەسایەتییەکی پێشکەوتوو دەبینین لە بواری پشتگیری و پەرەپێدانی ماف و خواستەکانی ژناندا، بەجۆرێک جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە «پێگەی ژنان و گەنجان لەهەر کۆمەڵگەیەکدا پێوەرێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی ئاستی گەشەسەندوویی». هەڵویستەکانی لە دژی ژن کوشتن و بانگەشەی بۆ «کۆتاییهێنان بە دیاردەی ژنکوشتن» هەنگاوێکی نوێیە لە تێڕوانین بۆ پرسی ژن.
یەکێک لەو دەستکەوتە بەرچاوانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بواری ژناندا دامەزراندن و پشتگیریکردنی یەکێتیی ژنانی کوردستانە. ئەم رێکخراوە کە لە ساڵی 1989 دا دامەزرا، بەردەوام بووەتە کانگایەک بۆ چالاکی ژنان لە کوردستان.
کاریگەریی یەکێتی لە بواری فەرهەنگ و بیرکردنەوەشدا، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیری پێشکەوتووانەی سەبارەت بە رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا، دۆخێکی نوێی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ بابەتی ژن دروستکردووە. 
ی.ن.ک، دەتوانێت چەندین هەنگاو لە بواری بەهێزکردنی رۆڵی ژندا بنێت، لەوانە: 
پەرەپێدانی سیستمی پەروەردە و فێرکردن بۆ ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا. دروستکردنی میکانیزمێک بۆ بەشداریی ژنان لە بڕیاردان لە ئاستی رێکخراوەییدا تا ژن وەک هاوبەشی یەکسان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا ببینرێت.
پێویستە یەکێتی هەنگاوی مۆدێڕنتر لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و یەکسانیدا بنێت، لە رێگەی بەهێزکردنی رۆڵی ژنان لە پۆستە باڵاکان و سوودوەرگرتن لە تواناکانیان.
لە 50 ساڵی رابردوودا، یەکێتی توانیویەتی جێگەیەکی تایبەت بۆ ژنان لە ئاسۆی سیاسیی کوردستاندا دروستبکات. ئەمەش ئەگەر بۆ داهاتووش درێژەی پێبدرێت، دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی بەرزتر بۆ رۆڵگێڕانی ژن لە سیاسەتدا.

وتارەکانی نوسەر