رۆژە پڕشنگدارەکەی مێژووی کوردستان

09:57 - 2025-04-10
بەدرییە حسێن
62 خوێندراوەتەوە

بەدرییە حسێن* 

دوو دەیە لەمەوبەر، لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوودا، نمادی دیموکراسی و پێکەوەژیانی گەلان، سەرۆک مام جەلال، سنوورەکانی بەزاند و ئاسۆیەکی نوێی کردەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی عیراقی دوای سەردەمی تاریکی دیکتاتۆرییەت، تێکۆشەرێکی کورد لە رێگەی خەبات و تێکۆشان و دەنگی ئازادیی گەلانەوە، گەیشتە بەرزترین پلەی دەسەڵات و بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی فیدراڵ.

تەنها گۆڕانکارییەکی سیاسی نەبوو
ئەم رووداوە شکۆدارە، تەنها گۆڕانکارییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ئیلهامبەخش و وزەبەخشی خەباتی دیموکراسی و مەدەنی گەلی کورد بوو، مام جەلال بە پشوودرێژی، سەرسەختی و باوەڕی قووڵ بە ئازادی و دیموکراسی، توانی بەربەستەکان تێپەڕێنێت و لە قۆناغێکی نوێی مێژوویی دەروازەی سەرکەوتن بکاتەوە.
لە ماوەی سەرۆکایەتیدا، مام جەلال نەک تەنها رۆڵی سەرۆکێک، بەڵکو بوو بە هێزی یەکگرتوویی و چەترێکی فراوان کە هەموو هێزە جیاوازەکانی لە ژێر سێبەری خۆیدا کۆکردەوە، وەک قەڵغانێکی پۆڵایین، پارێزگاری لە نەمامی تازەڕواوی دیموکراسی لە عیراقی نوێدا کرد و بناغەیەکی بەهێزی بۆ ئایندە دانا.

وەرزی دەستکەوتە مێژووییەکان بوو
سەردەمی سەرۆکایەتی مام جەلال، وەرزی بەروبوومی دەستکەوتە مێژووییەکان بوو، بە زیرەکی و دووربینی خۆی، مافەکانی گەلی کوردی لە چوارچێوەی دەستووری نوێی عیراقدا چەسپاند، سیستەمی فیدراڵی وەک گەرەنتییەکی یاسایی جێگیر کرد و کوردی لە پەراوێزخراوییەوە گواستەوە بۆ ناوەندی بڕیار و هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵات.

دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کورد
ئامادەیی سەرۆک مام جەلال لە کۆشکی سەرۆکایەتی، تەنها دانیشتنی کوردێک لەسەر کورسی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی قووڵ بوو، لە رەوتی مێژووی سیاسی عیراق و گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی گەلی کورد، ئەو رێگەیەی کە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە دەستی پێکرد، بە خەبات و تێکۆشانی رەوا، گەیشتە لووتکەی سەرکەوتن - بوون بە یەکەمین کوردی سەرۆک کۆمار لە مێژووی عیراقدا.
درود بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی کورد و کوردستان کە چرای رێگەی ئەم دەستکەوتە مەزنە بوون.
* ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

وتارەکانی نوسەر