ئامانجە نهێنییەکانی هێرشی ئۆکرانیا

لــــە ئـــانـوساتـی دانــوستانــدنـەکـەی ئیستانبوڵـدا

11:11 - 2025-06-11
جەمال ئارێز
109 خوێندراوەتەوە

هێشتا ساغ نەبووەتەوە کە ئاخۆ ئامانجی سەرەکیی هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکەی هەفتەی رابردووی کیێڤ بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی مۆسکۆ چی بووە، بەتایبەتی کە ئەو هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ ئەو دانوستاندنەی لە ئیستانبوڵ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەڕێوەدەچوو. وەک شرۆڤەیەکی سیاسی و سەربازیی بۆ ئەو هێرشانە و لەو سەروبەندەدا، بۆخۆم پێشبینیی چەند ئامانجێکی سیاسی و سەربازی دەکەم لەوانە:

پارسەنگدانەوەی پێگەی دانوستاندنەکە
ئۆکرانیا لەڕێگەی ئەو هێرشانەوە هەوڵدەدات ئەوە بخاتەڕوو کە دەتوانێت زیانی گەورە بە روسیا بگەیەنێت لەناو قووڵایی ماڵی خۆیدا و  قبووڵکردنی پرۆسەی دانوستاندنەکەی لە سۆنگەی لاوازییەوە نییە، بەڵکو بڕوای بە ئاشتییە بۆیە کیێڤ پێیوایە ئەم هەنگاوە پێگەیەکی بەهێزتری بۆ دەستەبەر دەکات لەسەر مێزی دانوستاندن.

قورسترکردنی تێچووی جەنگ لەسەر شانی روسیا
کیێڤ پێیوایە بەم جۆرە هێرشانە دەتوانێت بیسەلمێنێت کە درێژەپێدانی جەنگەکە تابێت تێچووەکەی لەسەر ئابووریی روسیا گرانتر دەکەوێت، ئەوەش نەک تەنها لەڕووی سەربازییەوە زیان لە مۆسکۆ دەدات، بەڵکو لەڕووی ئابووریشەوە سەنگی لە هاوشانی زلهێزەکانەوە دادەبەزێنێت.

پووچەڵکردنەوەی هەڵمەتەکانی روسیا
هەوڵێکی ئۆکرانیا بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە بەردەوامەکانی روسیا بۆسەر وڵاتەکەیان، ئەوەش بە پێکان و لێدانی فڕۆکە جەنگییە ستراتیژییەکانی روسیا و فڕۆکەخانەکانی و بنکەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە.

دۆزینەوەی کەلێن و خاڵە لاوازەکانی روسیا
ئەم زنجیرە پەلامارەی ئۆکرانیا چەند خاڵێکی لاواز و بۆشایی بەرگریی روسیای ئاشکراکرد لە چۆنێتیی پارێزگاریی لە دامەزراوە ستراتیژییەکانیدا، کە ئەگەری زۆرە ببێتە مایەی پێداچوونەوەی مۆسکۆ بە چۆنێتیی بەهێزکردنی رێوشوێنەکانی بەرگریی لە خۆیدا و بەدیوێکی دیکەشدا سەلماندنی بنەمای توانای بەرگریی کیێڤە لەدوای شکستهێنانەکانی پێشتری لەسەر ئەرزی واقیع لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی.

کاریگەریی لەسەر دانوستاندنەکە
کیێڤ پێیوایە هەڵکشانی ئەم هێرشانە بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر کەشی دانوستاندنەکان دەبێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەو هەنگاوە رێککەوتن یان هەر لێکتێگەیشتنێک ئەستەمتر دەکات و جیاوازیی نێوان هەردوولا زیاتر زەق دەکاتەوە و زۆرێک لە چاودێرانیش پێیانوایە ئەو دوو وڵاتە هیچیان گەشبین نین بە سەرکەوتنی دانوستاندنەکە.

ململانێی ئەوروپا و ئەمریکا
یەکێک لەو هۆکارانەی جێگەی گومانە، ئەوەیە ئەوروپا بیانەوێت دەست لەپشتی ئۆکرانیا بدەن بۆئەوەی درێژە بەجەنگ بدات، تا ئەو پێداگرییەی ترەمپ شکست بهێنێت سەبارەت بە کۆتاییهێنان بەو جەنگە، چونکە جگە لەو هەڵسوکەوتەی ترەمپ لەگەڵ خودی زیلینسکی لەبەردەم کامێراکاندا، ئەوروپاییەکان بەگشتی پێیانوایە ترەمپ هیچ رێز و ئەرزشێک بۆ رای ئەوان دانانێت و ئەوروپا بەرامبەر بەرژەوەندیی ئابووریی دەستەمۆ دەکات لەبەردەم روسیادا، لەکاتێکدا لەناو یەکێتیی ئەوروپادا فەرەنسا و لە دەرەوەی یەکێتییەکەش بەریتانیا خۆیان بە زلهێز دەزانن و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین و لەولاشەوە ئەڵمانیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حسابی گەورەی بۆ دەکرێت لە هەرسێ کایەی سیاسی و سەربازیی و ئابووریدا، بەڵام لەبەردەم سیاسەتەکانی ئەمریکادا تووشی جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ بوون، چونکە بەگوێرەی سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا پێناچێت چیتر واشنتۆن لەڕووی داراییەوە پشتیوانیی سەربازیی ئەوروپا بکات، بەشێک لە پاساوەکانی ترەمپیش ئەوەیە کە ئەوروپاییەکان لە هەندێک هەڵوێستی نێودەوڵەتیدا پێچەوانەی ئەمریکا سیاسەتیان کردووە، بەڵام ئەمریکا هەر چاوی لەوەیە کە ئەوروپای دوای دووەمین جەنگی جیهان و گەشەسەندنی، بەری هەوڵ و قوربانیی سەربازانی ئەمریکایە کە توانیی نازییەکان و هاوپەیمانەکانی لەناوبەرێت و ئەوروپایەکی گەشەسەندوویان بۆ بنیات بنێت، هەرچی ئەوروپاییەکانیشن نایانەوێت هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریی و سەربازییەکانی خۆیان بکەنە سەبەتەی ئەمریکاوە و تاسەر چاوبەرەوژێری چاکەکانی ئەمریکا بن لەگەڵیاندا لە دووەمین جەنگی جیهاندا و دەیانەوێت وای نیشان بدەن کە ئیدی دەتوانن لەسەر پێی خۆیان رابووەستن.

ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێت
ئەگەرچی ناکرێت لە جەنگی روسیا – ئۆکرانیادا چاو لەو کوشتار و تاوانانە بپۆشرێت کە لەلایەن هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوودا روویدا، بەڵام ناشکرێت بەبێ ئاوڕدانەوە لە رابردووی دوور و نزیک پەنجەی تۆمەت ئاراستەی هیچ لایەنێکی کێشەکە بکەین، ئەگەر لە رابردووی نزیکدا قسەکانی ئەنجێللا مێرکڵ-ی راوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا بەبیر بهێنینەوە، ئەوا لە ساڵی 2008دا ئەوروپا و ئەمریکا بەڵێنی نووسراویان بە پوتین داوە کە ئۆکرانیا و ئەو وڵاتانەی لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران جیابوونەتەوە بە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ وەرناگرن وەک پێدانی دڵنیاییەک بە مۆسکۆ.
لە رابردووی دووریشدا ئەو ناوچانەی روسیا داگیریکردوون لە خاکی ئۆکرانیا، ئەو ناوچانەن کە نیکیتا سێرگیڤیچ خرۆشۆڤ سەرۆکی پێشووتری یەکێتیی سۆڤێتیی جاران لە روسیاوە خستییە سەر ئۆکرانیا کە ئەوکات یەکێک بوو لە کۆمارە ئۆتۆنۆمەکانی ناو یەکێتیی سۆڤێت، بەمەبەستی بەهێزکردنی ئابوورییەکەی بەو پێیەی خۆی بە رەگەز خەڵکی ئەو کۆمارە بوو، بەڵام لەجیابوونەوە و سەربەخۆبوونی ئۆکرانیادا ئەو خاکانەش بوونە بەشێک لە ئۆکرانیا و ئەو سەردەمە روسیای فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی بۆریس یەڵتسن لەوپەڕی بێهێزیی خۆیدا بوو، چاوپۆشیی لەو هەنگاوە کرد، بەڵام لە سەردەمی پوتیندا کە روسیا هێزی خۆی پەیداکردەوە سەرەتا لە ساڵی 2014 بە دەستبەسەرداگرتنی نیمچە دوورگەی کریمیا دەستیپێکرد و کە ئەوەشی بۆ چووەسەر کەوتە دەستبەسەرداگرتنەوەی هەموو ئەو هەرێم و ناوچانە کە بەگشتی (روسی زمانن)، دەشێت ئۆکرانیا پێیوابێت پێداگریی واشنتۆن لەسەر رێککەوتنی کیێڤ و مۆسکۆ بۆ ئەوەبێت کە ئیدی کیێڤ بەو ئەمری واقیعەی ئێستا رازی بێت و رازیبوون بەوەش لەڕووی سیاسییەوە واتە ئاوابوونی خۆری زیلینسکی و سەرکەوتنی پوتین بەسەر هەموو ئەوروپادا.

شوێنەواری بۆردومانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر فڕۆکە ستراتیژییەکانی روسیا

وتارەکانی نوسەر