ژیژەک، فەیلەسوفی سلۆڤینی، لە نوێترین وتاریدا سەبارەت بە ئۆجەلان و پرسی کورد، بەرگری و پشتگیری تەواوەتی کورد بە ئەرکی هەموو رۆشنبیرێک دەزانێ و بە توندی یارییە گڵاوەکانی زلهێزەکانی خۆرئاوا سەرکۆنە دەکات. ئەو دەنووسێت: «لەکاتێکدا دەوڵەتە سەروەرەکانی دەوروبەر، وردە وردە لە بەربەرییەتێکی نوێدا نوقم دەبن، کورد تاکە تیشکی هیوایە و ئەم خەباتەی دەیکات بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە تەواوی جیهانەوە هەیە و لەناوچوونی ئەو خەباتە، بە مانای لەناوچوونی بەنرخترین بەشە میراتی ئەوروپییە بۆ رزگاریخوازی.» ئەم هەڵوێستە وەک بڕگەیەکی سادە دەردەکەوێت، بەڵام لەڕاستیدا ئاڵۆزییەکی قووڵی فەلسەفی و سیاسی لەخۆدەگرێت کە پێویستە بە وردی و لە چەندین ئاستی جیادا خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەم شیکارییە ورد و قووڵە دەریدەخات کە چۆن ئەم فەیلەسوفە مارکسیستە، تێکۆشانی کورد وەک پرسیارێکی بنەڕەتی لەسەر ئایندەی مرۆڤایەتی و بەهاکانی رۆشنبیری دەبینێت.
کاتێک ژیژەک دەڵێت رۆشنبیران دەبێت «بە تەواوی بەرگری، پشتیوانی لە بەرخودانی کورد بکەن»، ئاماژە بە بنەمایەکی کانتی «categorical imperative» یان فەرمانی بێمەرج دەکات. «هەندێ ئەرک هەن کە بەبێ ئەوەی سەیری ئەنجامەکانیان بکەین، دەبێت جێبەجێیان بکەین، چونکە بنەڕەتیی و راستن». بەڵام ژیژەک لێرەدا لەگەڵ کانت لە خاڵێکی گرنگدا جیاوازە. کانت دەیگوت، ئەم ئەرکانە دەبێت «سروشتی» بن، واتە لە خودی راسیۆناڵیەت سەرچاوە بگرن. بەڵام ژیژەک، وەک پەیڕەوێکی هیگڵ، دەڵێت: ئەم ئەرکانە لە تێگەیشتنی کۆنکرێتی دۆخی مێژووی سەرچاوە دەگرن. ئەمە واتای ئەوەیە کە بۆ ژیژەک، ئەرکی پشتگیری لە کورد نەک لە بنەمایەکی ئەبستراکت، بەڵکو لە تێگەوە سەرچاوە دەگرێت کە کورد لە ئێستادا چیمان نیشان دەدەن و لە چ دۆخێکدان. ئەم رووکردە مێژووییە وایکردووە کە ژیژەک ئازایانە بتوانێت بڵێت: «ئەرکی هەموو رۆشنبیرێکە کە پشتگیری لە کورد بکات».
کورد تاکە تیشکی هیوایە
کاتێک ژیژەک کورد وەک «تاکە تیشکی هیوا» باس دەکات، ئەو بەکارهێنانێکی زیرەکانەی مێتافۆری «رۆشنایی» دەکات کە لە تەمەنی رۆشنبیریەوە دێت. بەڵام نابێت ئەمە بە ساکاری لێکبدەینەوە یان وەک پێشکەشکردنی سۆزدارانەی کورد بە «کەسانی باش» تێبگەین. بەپێچەوانەوە، ئەم مێتافۆرە پشتی بە تیۆرییەکی قووڵی فەلسەفی دەبەستێت. لە دیدی لاکانییەوە، کە ژیژەک پەیڕەوکاریەتی، هەمووشتێک وەک «رۆشنایی» دەردەکەوێت، لە هەمانکاتدا سایەی خۆی دروست دەکات. ئەمە واتای ئەوە نییە کە «ئەگەر یەکێک رۆشنایی بێت، ئەوا کەسانی دیکە تاریکن»، بەڵکو مانای ئەوەیە کە ئەوەی وەک رۆشنایی دەردەکەوێت، خودی بوونی ئاشکرا دەکات کە چەندە شوێنی تاریک هەن. لەم تێگەیەدا، کورد «رۆشنایین» چونکە «رادیکاڵییەت» بەرجەستە دەکەن. رادیکاڵییەت لە دیدی ژیژەکەوە، ئەوە نییە کە کەسێک «توندڕەو» بێت یان هێرش بکاتە سەر ئەوانی دیکە. رادیکاڵییەت بریتییە لە دانپێدانان بە بنەڕەتدا کە ئەو سیستەمەی ئێستا ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات و پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە. کورد لە پراکتیکدا ئەوە دەسەلمێنن، کە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە کە لە سەدەی بیستەمدا دامەزراوە، ئیتر کاریگەری نییە بۆ چارەسەری کێشەکانی سەردەمی ئێمە.
میراتی ئەوروپی
یەکێک لە قووڵترین بەشەکانی ئەم وتارەی ژیژەک ئەوەیە، کە تێیدا باس لە «میراتی ئەوروپی بۆ رزگاریخوازی» دەکات. ئەمە پرسیارێکی پێچەوانەیە کە ژیژەک بە وردی جەختی کردۆتەوە لە کارە جیاوازەکانیدا. «میراتی ئەوروپی بۆ رزگاریخوازی» نەک جۆرێک لە ئیمپریالیزمی کەلتوریە، بەڵکو ئاماژەیە بەو بیرکردنەوە فەلسەفییانەی کە لە رۆشنبیرییەوە دەستیپێکردووە و بۆتە بنەمای تیۆری مۆدێرن. ئەم میراتە بریتییە لە باوەڕ بەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت و دەبێت خۆی لە هەموو جۆرە زنجیرێک ئازاد بکات (مێژووی، کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژی.) بەڵام ژیژەک جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم ئازادییە نابێت بە «ئازادی سەربەخۆیی» تێبگەین، بەڵکو وەک «ئازادی کۆمەڵایەتی». ئەمە تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە هەر کەسێک ئەوەی دەیەوێت بیکات، بەڵکو بۆئەوەی کە کۆمەڵگە بە تەواوی خۆی لە سیستەمە نادادپەروەرانەکان ئازاد بکات. لێرەدا ژیژەک پارادۆکسێکی سەیر ئاشکرا دەکات: ئەوروپا کە خۆی بە خاوەنی ئەم میراتە دەزانێ، لەڕاستیدا بۆتە دوژمنی ئەم میراتە. کاتێک حزبە یەکپارچەخوازەکان لە ئەوروپا بانگەشەی «ئەوروپا بۆ ئەوروپییەکان» دەکەن، یان کاتێک سیاسەتمەدارانی ئەوروپی چاوپۆشی لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، ئەوان بەڕاستی دژایەتی ئەو بیرکردنەوە جیهانگیرییە کار دەکەن، کە ئەوروپای دروست کردووە.
ژیژەک زۆر تایبەتمەندە لە بەکارهێنانی تیۆری لاکانی. لە تیۆری لاکانیدا، «Real» ئەو راستییەیە کە ناتوانرێت بە زمان بگیرێت، بەڵام هەمیشە کاریگەری هەیە. ئەوە شتێکە هەوڵ دەدات سیستەمی سیمبۆلیک پشتگوێ بخات، بەڵام بەردەوام «دەگەڕێتەوە» و خۆی دەردەخات. کورد لەم تێگەیەدا شتێکە وەک «Real» کار لە دۆخی سیاسەتی ناوچەییدا دەکات. واتە ئەو راستییەن کە هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەیانەوێت پشتگوێی بخەن، بەڵام ناتوانن. ئەوان بەردەوام «دەگەڕێنەوە» و ئاگاداریان دەکەنەوە لەوەی سیستەمی ئێستا کۆشش دەکات بیانشارێتەوە. هەر جارێک کە باس لە «جێگری ناوچەکە» دەکرێت، یان کاتێک سیاسەتمەدارەکان باس لە «چارەسەری کێشەکان» دەکەن، کورد لەوێیە و بیریان دەخاتەوە کە ئایا چارەسەری راستەقینە بەبێ سەلماندنی مافی ئەوان بەدی دێ و دەپارێزرێت؟
کورد وەکو ئاوێنە
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم شیکارییە ئەوەیە کە ژیژەک کورد وەک «ئاوێنە» دەبینێت بۆ جیهانی مۆدێرن. ئەمە ئاماژەیەکی ئاشکرایە بە «قۆناغی ئاوێنە» لە تیۆری لاکانیدا، کە تیایدا باس لە چۆنیەتی گەشەسەندنی کەسایەتی دەکات. کاتێک منداڵ یەکەمجار خۆی لە ئاوێنەدا دەبینێت، تێدەگات کە ئەو «یەکەیەکی جیاواز»ە لەوەی کە تا ئەوکاتە زانیویەتی سەبارەت بە خۆی. ئەو دەبینێت کە دەتوانێت خۆی لە دەرەوەوە ببینێت، ئەمە سەرەتای تێگەیشتنیەتی لە خۆی وەک کەسایەتییەکی جیاواز. هەر ئەوەندەی کورد بۆ جیهانی مۆدێرنی دەکات، نیشانیدەدا کە دەتوانرێ بە شێوەیەکی جیاواز بژیەت لەوەی کە بە «ئاسایی» دادەنرێت. بۆ نموونە لە رۆژئاڤادا کورد نیشانیدا کە دەتوانرێت دیموکراسی بەشداریکردن یان تێکەڵبوون جێبەجێ بکرێت لە شوێنێکدا کە گەنج و ژنان رۆڵی سەرەکیان هەیە، نیشانیدا کە دەتوانرێت تەنانەت کۆمەڵگەیەک دامەزرێنرێت، کە نەتەوە جیاوازەکان پێکەوە تێدا بژین، بێئەوەی یەکێکیان زاڵبێت بەسەر ئەوانی تردا، نیشانیدا کە دەتوانرێ لە جەنگ و ناکۆکی نێودەوڵەتیشدا، پەیڕەوی لە بەها باڵاکانی مرۆڤانە بکرێت. کەوابوو ئەی بۆچی زلهێزەکان هێندە دەترسن لەم ئاوێنەیە؟ بێگومان چونکە نایانەوێ چەندە «ناڕاستەقینە»یی خۆیان ببینن بەراورد بەوەی بانگەشەی دەکەن. کورد نیشانیدا کە دیموکراسی راستەقینە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، ئەمەش ترسناکە بۆ ئەو سیستەمانەی کە تەنها لە «دیموکراسی شکڵی»دا نەبێ هەڵناکەن، کورد نیشانیدا کە دەتوانرێ ئاشتی راستەقینە بهێندرێتە ئاراوە، بەبێ ئەوەی کەسێک هەبێ تێیدا شکست بخوات، ئەمە نیگەرانکەرە بۆ ئەو سیستەمانەی لەسەر سەرکوت و برژاندنی هزری و گیانی و کیانی دامەزراون.
هەروەها ئاماژەیەکی ئاشکرا بە نیتچە هەیە لەم تیۆرەی ژیژەکدا. نیتچە وتی کە «خودا مردووە» – ئەمە هەرگیز مانای ئەوە نییە خوداوەند مردووە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە ئەو سیستەمە بەهاییانەی کە کۆمەڵگەی ئەوروپی لەسەری بونیادنراوە و دروستبووە، چیتر کاریگەر نین. ئەمە کارەساتێکە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەرفەتێکیشە بۆ دامەزراندنی شتێکی نوێ. ژیژەک دەڵێت: تێکۆشانی کورد نیشانی دەدات کە دەتوانرێ «دوای خۆ بە خوداوەندزانەکانی دوور و نزیک» چۆن کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکرێت کە راستەقینە و رەسەن بە بەهاکانی دیموکراسی و عەدالەت کار بکات. ئەمە نەک لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ نەریتە کۆنەکان یان ناسیۆنالیزمی کۆن، بەڵکو لەڕێگەی دامەزراندنی شتێکی بنەڕەتیی نوێوە کە لەسەر یاریدەدان و عەدالەت دامەزراوە. ئەمە رەنگە رۆشنکەرەوەی ئەوە بێت کە بۆچی ژیژەک کورد وەک «تاکە تیشکی هیوا» دەبینێت. کورد نیشانی دەدا کە دەتوانرێت لە جیهانێکدا کە زۆر لە بەها کۆنەکان شکاون، هێشتا شتێک دروست بکرێت کە واتای هەبێت و بە ڕاستی خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات.
ئەم هەڵوێستەی ژیژەک پرسیارێکی بنەڕەتی دروست دەکات: ئایا مرۆڤایەتی دەیەوێت ئایندەیەکی هەبێت کە بەڕاستی «مرۆڤانە» بێت، یان بژاردە دەدا بمێنێتەوە لە دۆخی ئێستای کە «مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی» بەڕێوە دەبرێت لەڕێگەی هێز و سەرکوتەوە؟ کورد لە دیدی ژیژەکەوە «مرۆڤی راستەقینەن» چونکە ئەوان هەوڵ دەدەن بەڕاستی کۆمەڵگەیەک دروستبکەن کە لەسەر عەدالەت و ئازادی دامەزراوە، نەک تەنها لەسەر هێز و سامان. کورد هەوڵ دەدەن ئەو جۆرە کۆمەڵگەیە دروستبکەن کە رۆشنبیران ساڵەهای ساڵە لەبارەیەوە دەنووسن، بەڵام بە دەگمەن لایانوابوو کە ناکرێت لە پراکتیکدا جێبەجێ بکرێت. کاتێک ژیژەک دەڵێت کە «لەناوچوونی ئەو خەباتە بە مانای لەناوچوونی بەنرخترین بەشە میراتی ئەوروپییە بۆ رزگاریخوازی»، ئەمە تەنها زۆرخۆیی نییە. ئەمە دیاریکردنی کلینیکییە لە حاڵەتی جیهانی مۆدێرن. ئەگەر کورد وەک نیشتمان بەرگری لەم بەهایانە بشکێنێ، ئەوا دەتوانرێ سەیر بکەین و ببینین کە چۆن «میراتی ڕزگاریخوازی» چۆن دەگۆڕێت بۆ شتێک کە تەنها لە موزەخانەکان و کتێبخانەکاندا بوونی هەیە - یادەوەرییەک لە ڕابردوو، نەک هێزێک بۆ ئایندە.
لەم تێگەیەدا، ئەرکی پشتگیری لە کورد نەک تەنها ئەرکێکی دڵسۆزانەیە، بەڵکو ئەرکی خودپارێزییە بۆ خودی مرۆڤایەتی. ئەگەر مرۆڤایەتی بوار بدات ئەم تیشکە بکوژرێتەوە، ئەوا داهاتووی ئەوەمان دەبێت کە هەمووشتێک دەگۆڕێت بۆ بازاڕی ئایدیاکان کە تێیدا هەموو شتێک بۆ فرۆشتنە و هیچ شتێک بۆ ژیان نامێنێتەوە. بەڵێ بەم جۆرە، ئەو بڕگە کورتەی ژیژەک لەڕاستیدا دژوارییەکی قووڵی فەلسەفی و سیاسی لەخۆدەگرێ کە لە چەندین ئاستدا کار دەکات. لە ئەخلاقییەوە تا مێتافیزیکی، لە دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە تا تیۆری سیاسی، ژیژەک پرسی کورد وەک پرسیاری بنەڕەتی لەسەر ئایندەی مرۆڤایەتی دەخاتەڕوو.