ترەمپ هەمیشە لە رێگەی نمایشەوە سەرمایەی کۆکردۆتەوە، چونکە دەزانێ وێنەی سەرمایە - وێنەی کۆنتراکتەکانی تریلیۆن
دۆلار - نوێنەرایەتی هێزی راستەقینەیە
نمایشە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم دواییەی نێوان دوو هێزی سەرمایەداری (ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو) وێنەیەکی بەرجەستەی ئەو شتەیە کە گونجاوە ناوبنرێ «سەرمایەداریی پۆست- ئەخلاقی»، ترەمپ، ئەو سەرۆکەی کە بە ناوی «ئەمریکا یەکەم» بڕوایەکی توندی دواسیکۆلاریزمی راگەیاند، ئێستا لەگەڵ رژیمەکانی کەنداو، کە خۆیان بە ئاینیی دەناسێنن، لە سەر بنەمای هاوبەشییان - سەرمایە - یەکتر لە باوەش دەکەن.
ئەوەی لێرەدا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کەمتەرخەمی تێدا کراوە، ناکۆکیی ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیاکانە
دیمەنێکی پڕ ناکۆکی
ئەم دیمەنە پڕ ناکۆکییە، ئەوەی کە ترەمپ بەبەهای چوار تریلیۆن دۆلار چەندین رێککەوتننامەی ئیمزا کردووە، بە خۆی دەڵێت: «ئێستا کاتی ئەوەیە بگەڕێمەوە بۆ ئەمریکا» - بەڵام ئایا لە راستیدا ئەو لەوێ بوو؟ یان تەنها ئەکتەرێک بوو لە شانۆیەکی جیهانی گەمەی «سەرمایە لە ناوچەی ئازاد»دا؟
ئەوەی سەرنجڕاکێشە لەم گەشتەدا ئەوەیە کە زۆربەی ئەم رێککەوتنانە پەیوەستن بە بواری بەرگری و زیرەکی دەستکرد. کاتێک مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، یەکەم جار وەک تراژیدیا و جاری دووەم وەک سوارچاک». ئەی باشە ئەم دیمەنە چی دەڵێت؟ ئایا تراژیدیایە یان سوارچاک؟ من دەڵێم هەردووکیان! ئەمە بەردەوامبوونی رۆتینێکی کۆنی کۆلۆنیالیزمی هاوچەرخە، کە تیایدا بازرگانی و بەرگری هاوکات دەبن بە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵ و سەرکوتی نادیار.
ئەوە ببینە! ئەمریکا فڕۆکە و تەکنۆلۆژیای سەربازی دەفرۆشێت بە وڵاتانی کەنداو کە سەرچاوەی نەوتن، ئینجا ئەوان بە پارەکانیان لە ئابووری ئەمریکادا وەبەرهێنان دەکەن. لێرەدا دەگەینە خاڵێکی بۆشی زانستی خەیاڵی: وەک بڵێی پارەکە لە سفرەوە هاتووە! هاوکات هەموو هاوکارییەکانی ئەم سێکۆنسەی ئابووری- سیاسی- سەربازی، لە دەرەوەی هەموو ئەو جیاوازییە کەلتورییانەی کە گوایە هەردوولا جێگیر و نەگۆڕن، روودەدات.
ئەمریکا هاوپەیمانی بەهێز دروست دەکات
بەڵام ئەوەی لێرەدا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کەمتەرخەمی لێکراوە، ناکۆکیی ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیاکانە. ئەمریکا، بە ناوی دیموکراسی و ئازادی، لەتەک ئەو دەوڵەتانەدا هاوپەیمانییە بەهێزەکان دروست دەکات کە لە بنەڕەتەوە دژایەتی ئەم دیموکراسی و ئازادییانە دەکەن. بێدەنگی لەسەر مافەکانی مرۆڤ، کێشەی فەلەستین، و دۆخی سیاسی ئەو وڵاتانە - ئەم بێدەنگییە خۆی هاوارێکی بەهێزی ئایدیۆلۆژییە.
هەموو ئەمانە دەمانبەنەوە بۆ شیکردنەوەی مارکس. هەموو ئەم «رێککەوتنامانە» نەک هەر پێکهێنەری گرێبەستی سەرمایەن، بەڵکو دروستکەری شێوازێکی ژیانن، شێوازێکی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، کە تیایدا قەیرانەکانی سەرمایەداریی نوێ دەبنەوە، بەڵام بەردەوام فۆرمی تازە وەردەگرن، ئەم رێککەوتنانە، کە نرخەکەیان پێکەوە چوار تریلیۆن دۆلارە، وەک کڕینی تابلۆیەکی پیکاسۆ وان، کە بەهاکەیان نەک لەبەر سوودەکەیانە، بەڵکو لەبەر بەهای ماتریاڵی نمایشییانە.
لە رێگەی نمایشەوە سەرمایەی کۆکردۆتەوە
دۆناڵد ترەمپ، ئەو سەرمایەدارەی سەردەمی پۆست- حەقیقەت، مەزنترین سیمبۆلە بۆ بەیەکگەیشتنی تەکنیک و جادوو. «سەردانەکەی» بۆ کەنداو، لەگەڵ هەموو جەختکردنەوەی لەسەر «کاتێکی زۆر باش»، بنەڕەتی لە راستیدا بۆ دروستکردنی نمایشێک بووە کە لە دوورەوە (لە میدیا و دونیای مەجازیدا) ببینرێت، ترەمپ هەمیشە لە رێگەی نمایشەوە سەرمایەی کۆکردۆتەوە، چونکە دەزانێ وێنەی سەرمایە - وێنەی کۆنتراکتەکانی تریلیۆن دۆلار - نوێنەرایەتی هێزی راستەقینەیە.
لەم «رێککەوتننامانە»دا، سەرمایەداری ئەمریکی تابلۆی بەردەوامبوونی سیستمێکی نەخۆش دەکێشێت: چەک بفرۆشە بۆ ئەوەی پاشان دەست بە شەڕێک بکەن کە تەنیا «داواکاری» گەورەتر بۆ چەکی داهاتوو دەخوڵقێنێت. لێرەدا رەوتی بێکۆتایی سەرمایە: لە چەکەوە بۆ قازانج، لە قازانجەوە بۆ وەبەرهێنان، لە وەبەرهێنانەوە بۆ چەک - بازنەیەکی شەیتانییە کە ناکۆکییەکانی سەرمایەداری پێکەوە دەبەستێتەوە.
ئەگەر بپرسم شێوازی ژیانی ئەو وەبەرهێنانە چۆنە، هەواڵەکان بە وردی وەڵامم دەدەنەوە: ئەوان لە بەرهەمهێنانی ئاسایشی هیچ کەسدا بەشدار نابن، ئەمە تەنها سەرمایەی زۆر و تەکنیکی گەورە بۆ رەخساندنی ئاسایشی کەم بەکاردەهێنن. هاوکات، هەر ساتێک ئێمە پرسیار لەسەر ئەو ملیۆنان کەسە دەکەین کە لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا زیانیان پێدەگات، وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ و شاراوەمان دەست دەکەوێت: هیچ کەس لەو بارەوە قسە ناکات.
کەواتە ئەم هەموو رێککەوتنە بەناو «گەورانە»، تەنها وەهمی پارێزراوی و ئاسایش دروست دەکەن، بەبێ ئەوەی لە راستیدا نەزمێکی نوێ و باشتر بەدی بێنن. ئێستا، کاتێک ترەمپ دەڵێت «بەراستی کاتێکی زۆر باش بوو» من بەراستی هەست بە ئازار دەکەم بۆ ئەو کەسانەی کە ئەمە «کاتێکی زۆر باش» نییە بۆیان - ئەوانەی کە بەرهەمی ئەم «پێشکەوتنە» نزمەن، کە بە سەرمایەی گەورە، چەکی سەربازی و قازانجی بێسنوور دەناسرێتەوە.
بۆ خزمەتی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار
بێگومان، هەرچەندە بۆ یەکەمجار وەک تراژیدیا و دووەم جار وەک سوارچاک مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە لێرەدا دەیبینین: وەگەڕخستنی سیستەمێکی خراپ کە بە ناوی پێشکەوتن و نوێبوونەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکەی و تەنها بۆ خزمەتی کەمینەیەکی دەسەڵاتدارە، ئەمە خۆی نموونەیەکە بۆ سەرمایەداری پۆست- ئەخلاقی کە تیایدا ئەو ئاسایشەی بانگەشەی بۆ دەکرێت ئەمنییەت و ئاسایش نییە لە خۆیدا، بەڵکو تەنها نەبوونی ئەو پرسیارانەیە سەبارەت بە ناکۆکی و شکستی سیستمەکە.
دۆناڵد ترەمپ لە سەردانی بۆ سعودیە