58
لە شارەکانماندا ناوبەناو چێشتخانە یان وەک خەڵکی لای خۆمان پێیانخۆشە بە شێوە خۆرئاواییەکەی بڵێن رێستۆرانتێک دەکرێتەوە، بەو پێیەی کە گەشتوگوزارە هەندێکجار پێنج ئەستێرەی دەکەنە مل، یەکەمجار بۆ ماوەیەک خواردن و خزمەتگوزارییەکی باش پێشکەشی هاتوچۆکەرانی دەکات، هەرچەندە نرخەکەشی بەرز و ״باش״ بێت، بەڵام بەلای خەڵکەوە پەسەندە و دەبێتە جێی ستایش و باسی دەکەوێتە سەر زاری ئەو خەڵکانەی دۆخی ژیانیان باشە و ئەوانەش کە نەک سەری مانگ بەڵکو ناوبەناو مووچە خێرئاساکەی حکومەتی فیدراڵیان بۆ دێت، وەک حەز و خواستێکی ئەوەی کە جاران پێمان دەگوت بۆرجوازییانە کە لە بریق و باقی رووکەشانە و چاولێکەریش بەدەر نییە، ئارەزووی ژەمێک خواردن دەکەن لەم چێشتخانەیەی وا ناوی دەرکردووە.
بێگومان خەڵک مافی تەواوی خۆیانە بە خێزانەوە یان لەگەڵ میوانێکی ئازیزیاندا لەم جۆرە رێستۆرانتە گەشتیارییە نانێکی چەور و بەلەزەت بخۆن و میوانەکەشیان بە روو سووری بەڕێ بخەن و دواتر کابانی خانەخوێش کەمێک خۆی پێوە هەڵبکێشێت لەناو دەستەخوشکەکانیدا، کە ئەمەشیان جۆرێکە لە نەریت و رەفتاری ئەندامانی کۆمەڵگەی بەرخۆر و بەکاربەری تاسەر ئێسقان. تا ئێرە ئاساییە کە خەڵکی بچنە ئەو جۆرە شوێنانە کە براندی پێنج ئەستێرەیان هەیە، گوایە لە هەموو روویەکی هەڵکەوتەی شوێن و پاکوتەمیزی و خواردنەکانیانەوە لە کەبابخانە و چێشتخانە میللییەکان جیاوازن.
لە هەر شوێنێکی دنیاشدا هەر وایە و وا رۆیشتووە، بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێت لای خۆمان وانییە، بەڵکو بەشێک لەم چێشتخانانە بە گوێرەی چەند هەلومەرجێکی دیاریکراو مۆڵەتی پێدراوە و پێویستە تاسەر رەچاویان بکات لە رووی کوالێتیی خواردن و خزمەتەکانییەوە دەبینین پاش بەینێک و دوای ئەوەی ناوی دەرکرد و ״مشتەری״ بە سەریدا داباری باکی بەو مەرجانە نامێنێت و ئاستی دێتەخوارەوە، لە بەرامبەریشدا لایەنی مۆڵەت پێدەریشی بەدواداچوونی لاواز دەبێت و گوێی پێنادات، کە ئەمەشیان بێمەڵامەت نییە و چەندین لێکدانەوەی بۆ دەکرێت! بێگومان ئەم شوێنانە بەدەرلەوەی کە موڵکی تایبەتی خەڵکن، لە هەمانکاتدا رواڵەتی شارستانیی ئەو وڵات و شارەن کە تێیدا دەکرێنەوە و پێویستە لەبەر ناوبانگی شار و وڵاتەکەیان بەوپەڕی بەرپرسیارێتیی و مۆراڵەوە مامەڵە بکەن، تەنها داهات و قازانج نەکەنە پێوەر کە لە ماوەیەکی کەمدا زۆرترین دەستکەوتیان هەبێت، پێویستە لەوە تێبگەن پرۆژەکەیان بێجگە لەوەی ئابوورییە کۆمەڵایەتی و مۆراڵیشە، ئەمانەش زانستن و یاسا و رێسای خۆیان هەیە. خۆ ئەگەر لەم دوانەی دواییان دایبماڵیت کابرای خاوەنی و هەندێکجار هاوبەشەکانیشی کە کارئاسانییان بۆ کردووە رەنگە پارەی باشیشیان دەستبکەوێت و لقی دیکەشی لە شوێنانی دیکە لێبکەنەوە، پاش ئەوەی بە ناڕەوا گیرفانی خەڵک هەڵدەتەکێنن و دەمی دەزگای مۆڵەتدەر و چاودێریکەریش لێکدەنێن، کەچی ئەنجام شکست دەهێنێت و وردە وردە خەڵکی لێ دەتەکێتەوە و لەپڕ دەتەپێت.
هەموومان شایەتحاڵ و بە ئاگاین لە شار و رێگەوبان و شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم وڵاتەدا گەلێک بەناو رێستۆرانتی لە سەرەتاوە نایابمان بینی و دواجار لەبەر کەمتەرخەمی و چاوچنۆکیی خاوەنەکانیان هەرەسیان هێنا، جارێکی دیکە سەرپێ نەکەوتنەوە، لەبەرئەوەی چالاکی ئابووریی و بازرگانیی راستەقینە زانستە و ئەمان رەچاویان نەکردووە، بە لۆجیکی تەڵە مامەڵەیان لەگەڵ میوانی گەشتیار و هاووڵاتیانی خۆیان کرد و تەنها لە دیدی پارە کێشانەوەوە لە گیرفانی خەڵک مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، بە لۆجیکی هەلە بیقۆزەوە و چاوەکان لە ئاستیاندا نوقاون، ئەنجام خواردن و خزمەتیان بە دەردی شیعرەکەی شێخ رەزا کەوتەوە ״کەبابی گۆشتی بزن، فاکیهەی بەری خڕنووک״!.