55
لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا کە ژیان و پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە یەکترەوە کۆمەڵێک مانا و مەبەست وەردەگرێت، کە بە تەواویی بەتاڵ بوونەتەوە لەو چەمک و پێوەرانەی کۆمەڵگەیەکی دروست لە سەریان راوەستاوە، بوون بەو کۆڵەکانەی تانوپۆی ژیانیان پێکدەهێنێت و مانای مرۆڤبوون دەبەخشێتە رەفتار و پەیوەندییەکانیان. ئابووریی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە یەک سەرچاوەیە، بە گشتیی سروشتییە وەک زێڕ و نەوت و سەرچاوەی لەم چەشنە. ئەوەی ئەم وڵاتەی ئێمە نەوتە و داهاتەکەی وای لە حکومڕانانی کردووە پشتی لێبکەنەوە و بەردەوام پارەیەکی مفت بێتە بەردەستیان.
کاریگەریی نەرێنیی ئەم داهاتە مفتە وای لە حکومڕانانی وڵات کردووە هیچ پلانێکیان نەبێت بۆ گەشەکردنی ئابووریی وڵات لە رووی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و بوارەکانی دیکەوە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی وڵات و خەڵکەکەی پەنا دەبەنە بەر هاوردەکردنی هەموو شتێک. ئەم تاک سەرچاوەی ئابوورییە زەمینە خۆش دەکات بۆ دزی، گەندەڵی، بەفیڕۆدان، تەخشانکردنی سامانی گشتیی، نەمانی نەخشە و پلانی راستەقینەی گەشەکردنی وڵات، ئەنجامیش وردە وردە داتەپینی سەرلەبەری جومگەکانی ژیانی وڵاتەکە و دەروویەک بۆ گەشەکردن نامێنێتەوە.
لە سایەی ئەم دۆخەشدا وڵات پڕدەبێت لە دز و گەندەڵ و ئەمەش دەبێتە خەسڵەتی باوی (چالاکیی ئابووری)، کە دەسەڵاتدارانی گەندەڵکار و سوپایەک لە دەستوپێوەند و هاوبەرژەوەندییان بە خوایشتی خۆیان تەراتێنی تێدا دەکەن و بەدەرن لە هەموو سزایەکی یاسایی و هەوڵدەدەن هەرچی هەیە هەڵیلووشن و خۆشگوزانیی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، لە درۆ و ساختە و فریودانیش بۆ خەڵکی وڵات هیچیان پێ نییە. ئەمە ئێستا دۆخی ئەم عیراقەیە بە کوردستانیشەوە.
بێگومان لە سایەی ئەم دۆخی ئابوورییە بەرخۆرەدا، کە دەکرێت بە ئابووریی قاچاخیش ناوزەدی بکەین، کۆمەڵێک نەخۆشی و دیاردەی دزێو سەرهەڵدەدەن و دەبنە خۆرەی داتەپینی زیاتری ژیانی خەڵک، لەم دیاردانەش:
1- تەمەڵیی فەرمانگەکان و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی لە ئاست جێبەجێکردنی ئەرکدا بەرامبەر بە هاووڵاتی و رایی نەکردنی کارەکانیان و تەشەنەکردنی دیاردەی واسیتەکاری و بەرتیلدان.
2- پێشنەکەوتن و گەشەنەکردنی توانای کادر و فەرمانبەری کەرتی گشتیی، لە ئەنجامی وەک یەک مامەڵەکردنی کەسانی باش و خراپ لەو کەرتەدا.
3- پێسپاردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بە کەسانی بەرژەوەندیخواز و دوور لە پێوەری پاکیی و دڵسۆزی بۆ کار و خزمەتی گشتی.
4- داتەپینی بەرهەمی کشتوکاڵیی، پیشەسازیی و خزمەتگوزاریی گشتی لە وڵاتدا و پاشەکشەکردنی ئەو کەمەش کە پێشتر هەبووە.
5- تەشەنەکردنی دیاردەی بێکاریی و کاری دەمامکدار لەناو گەنجانی وڵاتدا، ئاشکراشە لێکەوتەکانی ئەم سەدان دەرد و نەخۆشییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەیە کە تەشەنەیان کردووە لە ناوماندا.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان 34 ساڵ و لە عیراقیشدا 22 ساڵە هیوا و ئاوات هەڵدەچنین لەسەر دروستکردنی وڵات و کۆمەڵگەیەک باشتر لەوەی کە ئازارمان تێدا چەشت بە دەست رژێمگەلێکی فاشیستی خوێنڕێژەوە، بەڵام نەک هەر ئەو ئاواتە بەدینەهات بەڵکو پاشگەزبوونەوەیەکی سەخت تەواوی جومگەکانی ژیانمانی گرتووەتەوە.
ئێمە ئێستا نەک ترسی ئەم وێرانەیەی ئێستامانە کە باڵی کێشاوە بەسەر هەست و خولیای ئەم نەوەیەماندا، بەڵکو ترسی سەرگەردانییەکی خراپترمان لێ نیشتووە کە لە ئایندەدا بەرۆکی نەوەکانی دوای خۆشمان دەگرێت، ترسی نەفرەتی گەورەی ئەوانمانە کە بۆچی نەمانتوانی سنوورێک بۆ سوپای دزان و مفتخۆران دابنێین و هەواڵەی زبڵدانی مێژوومان نەکردن؟! ئێستا داخی سەخت ئەوەیە کە ئیش روو لە هەوراز بوو، بەڵام بە دەستی خۆمان سەرەولێژمان کرد!.