دیاردە دزێوەکان

خۆنواندن

10:05 - 2025-05-27
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
83 خوێندراوەتەوە

56

ئەم تۆڕی کۆمەڵایەتی و سۆشیاڵ میدیایە لە پاڵ هەندێک باشە و ئاسانکردنی هەواڵزانینی  خزم و دۆستاندا گەلێک دیاردەی دزێویشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، فرەجار ئەگەر لێی وردبیتەوە و هەڵی بسەنگێنیت لایەنە خراپەکەی لە باشەکەی زیاترە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێستای ئێمەدا کە زۆربەی لایەنەکانی ژیان رەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی ئابووریی بەرخۆر و مفتەخۆرە و دەتوانین بڵێین شتێکی ئەوتۆی تێدا بەرهەم ناهێنرێت، خەڵکەکەی لەسەر داهاتی تەنیا سەرچاوەیەک دەژی ئەویش نەوتە، پاش ئەو هەموو بێنە و بەردەیەی هەموومان دەیزانین دەبێتە مووچە و بەو هەزار دەردی سەرییەی لە بەغداوە دێت و نایەت و سا ئەم مانگە ئاهێک دەکاتەوە بە بەری مووچەخۆردا، تا مانگێکی دیکە یان زیاتر هەزار کڵاو با دەیبات.
بەمەش کەمێک چالاکی دەکەوێتە بازاڕی بەرخۆمانەوە، بە چالاکیی هاوردەی شەرعی و قاچاخیشەوە، پشتبەستن بەم ئابوورییە تڕەکەڵەکە هەندێک رەفتار و خووی کۆمەڵایەتی نامۆی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە کایەوە کە جاران بە جۆرێک لە عەیبە دەژمێردرا و ئێستا بووە بە رەفتارێکی ئاسایی. ئەمەش خۆنواندن و خۆهەڵکێشانی هەندێک لەوانەی لەم رۆژگارەدا لە پڕێ بوون بە کوڕێ، بەبێ ئەوەی چالاکییەکی ئابووریی بەرچاوی هەبێت.
کابرا لەپڕ بوو بە خاوەنی باخ، ڤێللا، کۆشک و تەلار، لە سۆشیاڵ میدیا جاڕ لە دەعوەت و دەعوەتکارییەکانی باخ و دیوەخانی دەدات و لە بەرامبەریشدا شاباشی دنیای بەسەردا دەبارێت. کە لێکیشی دەدەیتەوە و تەماشا دەکەیت کابرا سیاسەتمەداری دەسەڵات نییە بۆئەوەی لە ژێرەوە بووبێت بە هاوبەشی وەبەرهێن و بەڵێندەران و کارئاسانیی وەرگرتنی باشترین زەویی شارەکانی بۆ کرابێت، تۆ بڵێی دەڵاڵی هەزارلۆغانەی ساغ کرنەوەی ئەو هەموو کاڵا و خواردەمەنییە ماوە بەسەرچووانەی بازاڕ نەبووبێت؟! تۆ بڵێی کار لە دەرماندا نەکات لە هەزار و یەک دەر و دەرگاوە؟ تۆ بڵێی یەکێک نەبێت کە چاوقایمانە قاچاخچێتی بە ماددەی هۆشبەرەوە نەکات و کەسانی مل ئەستووری لەپشت نەبێت؟ تۆ بڵێی بازرگانی ئەو هەموو کاڵایانەی چین و ماچین نەبێت کە بە نرخی تۆڵەکە دەیکڕێت و لێرە بە سەد هێندەی نرخی خۆی قازانجی لێدەکات، کوالێتی کۆنترۆڵی ئەم بازرگانییەش یان نییە یان هەر زوو رام دەکرێت؟!
لێرە کەمێک بەرهەمی کشتوکاڵیمان هەیە، بەڵام کاتێک پێدەگات لە بازاڕدا ساغ نابێتەوە. گەنم پێدەگات و ئەوە حاڵیەتی لەگەڵ بەغدا، بە هەمانشێوە مریشکیش. تەماتە، خەیار، هەنار و گەلێک شتی دیکەت پێدەگات و لەولاوە بازاڕی هەمان میوە و سەوزەی هاوردەی هەرزانتر رێگەی پێدەدرێت، ئەمەی تۆش هیچ.
ئەگەر بەم چەشنە پاڵپشتیی بەرهەمی نیشتمانیت بکەیت تا ماویت نابیت بە هیچ، وڵاتت پێ بەڕێوەناچێت و تا دێت رێژەی مفتەخۆر و وڵات وێرانکەر روو لە زیادبوونە، لە هەموو جومگەیەکیشدا ئەوان سەرپشک و بڕیاردەرن و قوڕبەسەرییش بۆ خەڵکەکە ماوەتەوە.

وتارەکانی نوسەر