ناردنی تانك و زریپۆش بۆ سەر خانەوادەیەكی كوردی دانیشتووی حەسار، دەرخەری ئەو راستییەیە كە ئاوەزی سوپای عیراق، ئاوەزی نەبینینی كورد و نەخوێندنەوەی ئازاری كوردی كەركوكە، دەستوەردان و لایەنگریی سوپا لە كێشەی جووتیارانی كورد و ئەوانەی دەیانەوێت بەزۆر زەوی كورد داگیر بكەن لە سەرگەڕان و داقوق و شوێنگەلی دیكە، دەرخەری ئەوەیە كە سوپا بەشێكە لە ئاوەزی چەوسانەوەی جووتیاری كورد لە بری ئەوەی لانیكەم ئەگەر لە تەك هەقیشدا نەبێت، بێلایەن بێت لە كێشەكە و لێگەڕێت رۆژێك دادوەری گوێزەرەوە و یاسا ئەو كێشانە چارەسەر بكات، بەڵام ئەو رۆژە كەی دێت نازانم؟!
لەم یەك دوو رۆژەی پێشوودا، دیسان لە پەیكەری پێشمەرگە رامام كە هێشتا بەزۆر ئاڵایەكی عیراقی لە دەست و پەنجە ئاڵێنراوە، لە كاتێكدا لە بەسرەوە تا كەركوك ئەگەر ئاڵایەكی كوردستان بدرێتە دەست پەیكەری سەربازێكی عیراقی، رەنگە دنیا كۆتایی بێت و ناسیۆنالیزمی كوێربینی عەرەب دنیا پڕ بكەن، هەر لەم رۆژانەدا دیمەنی هەندێك عەرەبم بینی لەناو جەرگەی شەقڵاوەدا دژی ئازادی و خۆخاوەنی كوردن و دەڵێن: «بابە ئێمە هەموومان عیراقین»، پەیكەری پێشمەرگە ئاڵایەكی شڕی عیراقی بەزۆر پێدراوە، لەكاتێكدا سوپای ئەو عیراقە لە سەردەمی بەعس و حەرەس قەومیدا سەدان و هەزاران پێشمەرگە و ئازادیخوازی كوردیان شەهیدكردووە و لەژێر ئەو ئاڵایەدا سەدان تێكۆشەری كورد كراون بە داردا، كە دیمەنی پێشمەرگە و ئاڵای عیراقم بینی، ویستم نامەیەك بۆ پارێزگار بنووسم كە ئیتر كاتی ئەوە نییە پێشمەرگە ئەو ئاڵایەی لە كۆڵبكرێتەوە و ئاڵایەكی كوردستان لەجێی دابنرێت، بەڵام نامەكەم نەنارد، ئەوەش بە هۆكاری گرێیەك لە دڵی یاقوبدا، نابێت ئەوەش نەبینم كە خوا هەڵناگرێت پارێزگار هەر زوو بۆ ماڵە كوردە حەسارییەكە هاتە قسە و رێگریی كرد، بەڵام هەر ئەوەندە بەس نییە.
كۆت و بەندكردنی ئەو ئاوەزە میلیتارییەی عیراق، كە جارێك لەناو سوپادا خۆی دەنوێنێت و جارێكیش لەناو میلیشیای چەكداری جۆراوجۆر و حزبگەلی پەرتكەردا، پێویستە نەك رێگریی لێبكرێت، پەروەردە بكرێت، پەروەردەی ئاكاری لە چۆنێتی مامەڵەكردن لە تەك پێكهاتە و نەتەوە و ئاینزای جیاوازگەل، نابێت سوننە لەسەر كورسیی دەسەڵات بێت سوپا هی سوننە بێت و شیعە لەسەر كورسی دەسەڵات بێت، سوپا هی شیعە بێت، پێویستە سوپا لەهەموو ئەو کێشە و ئاریشانەی هەن دوورەپەرێز بێت لە کێشە و ئاریشەی نێوان پێکهاتەکانی عیراق. ئێمە دەبێ ئەو راستییە بزانین کە هەر کاتێک سوپا بەشێک بێت لە ململانیی نێوان کورد و عەرەب، ئەوە شتێک نامێنێتەوە بەناوی پێکەوەژیان، هەرکاتێک دەستوەردانی سوپا هەبێت، ئەگەری لێکترازان و دوورکەوتنەوە لە یەکتر زیاتر دەبێت و ویستی جیابوونەوە زیاتر دەبێت، کە دیارە هۆکاری ئەوەش سوپایە، پێكەوەژیانی ئاشتیانە و پێكەوەبوون لەناو یەك چوارچێوە و جوگرافیادا، پێویستی بە ئاكاری بەرزی یەكتر قبووڵكردنە، هەمیشە دەبێت زۆرینە نەرم و ئاكاریتر بن لەتەك ئەو پێكهاتانەدا كە ژمارەیان كەمترە.