لە سەردەمی ئەمڕۆدا تەكنۆلۆژیا بوو بە ئاسنكاری بەشێك لە ئیشوكاری رۆژانەی هاووڵاتیان بەجۆرێك زۆرێك لەڕێگا دوورەكانی بۆ خەڵكی نزیك كردۆتەوە، لەگەل ئەوەشدا هەندێكجار ئەم سیستمە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی نادروست بەكارئەهێنرێت لەلایەن بەشێك لە كەرتی تايبەت و تەنانەت ناوبەناو پەلئەهاوێت بۆ كەرتی ئیداریش، بۆ نموونە ئێستا هاووڵاتییەك بیەوێت كارتێكی نیشتمانی بۆ ئەندامێكی خێزانەكەی دەربكات سەرەتا و راستەوخۆ داوای لێدەكرێت كە پێویستە كارتی بانكیی هەبێت و پارەی تیادا بێت چونكە وەك ئەڵێن ئێستا لە فەرمانگەی پێدانی كارتی نیشتمانی رسوماتی ئەو كارتە بە كاش وەرناگیرێت، تا ئێرە ئاساییە، بەڵام تا ئێستاش نووسینگەی پێدانی كارتی بانكی لە قەزا و ناحیەكاندا نییە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بچن ئەو كارتە بە ئاسانی بەدەست بهێنن، بۆیە ئەبێ هاووڵاتیان لەڕێگەی هێڵی ئینتەرنێتی تایبەت (ئۆنلاین) و خۆیان شارەزاییان هەبێت یان لەڕێگەی دوكانی فۆتۆکۆپی و وێنەگرەكانەوە ئەو كارە ئەنجام ئەدرێت.
رەنگە ئەمەش تا رادەیەك ئاسایی بێت ئەوەی نا ئاساییە نازانی كەی دێتەوە، هەندێكجار بە هۆكاری هەڵە رەنگە هەر نەیەتەوە و داواكار نازانێت روو لە كوێ بكات. تەنها وەڵامێك پێی ئەڵێن بڕۆ پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە بكە.
خاڵێكی تر كە جێگای سەرسوڕمانە ئەو كارتە كە ئامادە دەبێت خاوەن كارتەكە بەتەلەفۆن ئاگادار ئەكرێتەوە كە بچێت لە فڵان جێگا چاوەڕوان بێت و لەوێ لە تەكسییەك وەریبگرێت.
كۆتا خاڵ ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە لە هەموو دونیا دەركردن و هەڵگرتنی كارتی بانكی بۆ ئەوەیە هاووڵاتیان لەگەل خۆیان پارەی كاش هەڵنەگرن و تەنها كارتی بانكی بەكاربهێنن بۆ كڕینی پێداویستییەكان بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ ئامێرێكی پێدانی پارەی خێرا نییە لە شار و شارۆچەكان كە هەمیشە پارەی تیادا بێت هاووڵاتیان كەی بیانەوێت بەبێ باج بتوانن بەكاربهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بانكانە تائێستا نەیانتوانیوە متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنن بەوەی هاووڵاتیان ئەو پارەیەی كە هەیانە لەبری ئەوەی لەماڵ و نووسینگەكان دایبنێن بیخەنە بانكانی كەرتی تايبەتەوە.