هەربژی جەنابی پارێزگار

11:47 - 2025-08-14
له‌تیف نێروه‌یی
121 خوێندراوەتەوە

تێپەڕبوونی تەنها یەک ساڵ بەسەر تەمەنی ئیدارەی نوێی کەرکوکدا،  کە پارێزگارەكەی ساڵێک لەمەوبەر لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و لە دۆخێکی ناسەقامگیری ئیداری، ئەمنی، سیاسی و خزمەتگوزاریدا  دەستبەکاربوو، ئەودەم چاوی دۆست و نەیاران لەسەر کەرکوک بوو، هەندێکیان بە ئەرێنی و زۆرێکیشیان خەونی نەرێنییان بە ئایندەی ئەو شارەوە دەبینی، بۆیە لە رووی بابەتییەوە تێپەڕبوونی تەنها ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی بەرپرسێکی حكومی، کاتێکی زۆر کەمە بتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکی و زانستی بۆ ئاست و لێهاتوویی و سەرکەوتن یان شکستی ئەو بەرپرسە بکرێت. چ جای بۆ پارێزگاری نوێی کەرکوک کە لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، کۆمەڵێک بەربەست و لەمپەری دەستکردی مەبەستدار لەلایەن هەندێ کەس و لایەنی کوردستانیی و بەشێک لە پێکهاتەکانی دیکەوە خراونەتە بەردەم جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی پارێزگار.
لە راستیدا ئەو هێزانە بەهەموو توانای میدیایی و سیاسی و پڕوپاگەندەیی خۆیانەوە لە رێی میدیای رەسمی و سێبەرەوە هەوڵی دروستکردنی رایەکی گشتیی نەرێنییان دەدا لە كەرکوک بۆ ئەوەی جەماوەری هەرێمی کوردستان و هەموو عیراق بەتایبەتی جەماوەری کەرکوک واتێبگەیەنن کە پارێزگارە کوردەکە هیچی پێناکرێت و پارێزگارێکی بێ دەسەڵات و بێ دەستکەوت دەبێت!. بۆ ئەو مەبەستە ئەوەی لەتوانایاندا بوو کردیان، بەو مەرامەی ئیدارە نوێیەکەی کەرکوک پەکبخەن و دواجار شكستی پێ بێت. لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا جەنابی پارێزگار نەک کۆڵی نەدا، بەڵکو بە ئیرادەیەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوونەوە، بە پشتیوانیی سیاسەتی حەکیمانە و  بەرنامەی حزبەکەی خۆیەوە، توانی لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵدا سەری خۆیی و حزبەکەی بەرزبکاتەوە و دڵی جەماوەری شارەکەی خۆی شادبكات، توانی لە بواری سەقامگیری و خزمەتگوزاریدا کارێک بکات کە هەر کەسێ لەسلێمانییەوە یان لە هەولێری پایتەختەوە روو بکاتە کەرکوک، دەزانێت کە چ خزمەتێکی گەورە پێشکەش بەشارەکە کراوە بەبێ جیاوازی. دەزانێت کە چ گۆڕانکاری کراوە و شارەکە چ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە بینیوە لەڕووی ئیداری، رێگەوبان، پاکوخاوێنی، قیرتاوکردنی شەقامە سەرەکییەکان، کۆنکرێتکردنی کۆڵانی گەڕەکەکانی شارەکە، زیادکردنی رێژەی سەوزایی بە رواندنی نەمام و دروستکردنی باخچە و پارکی نوێ، دروستکردنی پرد و ئەندەرپاس، روناککردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان، نەهێشتنی دۆخی ناسەقامگیری ئەمنی لە بازگەکان و لەناو شارەکە و دورخستنەوەی هێزی سەربازی لەناو گەڕەکەکاندا، لەهەمووی گرنگتر گەڕاندنەوەی متمانەی پێکەوە کارکردن و پێکەوەژیان لەناو پێکهاتەکانی شارەکەدا. روبەڕوبوونەوە و کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و چەندان دەستکەوتی دیکە . کارێکی کردووە کە نەک هەر دۆست و هاوپەیمان و هاوڕێبازەکانی، بەڵکو رکابەرە خاوەن ویژدانەکانیش ناتوانن شایەتی بۆ ئەو راستییە نەدەن و لە رێی میدیاوە دەڵێن ئافەرین کاک رێبوار بۆ ئەو گۆڕانکاری و خزمەتگوزارییە زۆر و فراوانەی کە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا ئەنجامتداوە، لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا توانیت زۆربەی بەڵێنەکانی حزبەکەی خۆت جێبەبەجێ بکەیت، سەرکردە و کادران و میدیاکارانی یەکێتیش لە کەرکوک لە رێی میدیا و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خۆیاندا دەڵێن ئەوەی لە بانگەشەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتمان لەسەردەستی پارێزگارە دڵسۆزەکەمان لەماوەی تەنها یەک ساڵدا کردمان و سەلماندمان کە یەکێتی خاوەندارێتی راستەقینەی کەرکوک دەکات و بەردەوام دەبێت لەسەر هەمان رێباز و هەمان کاروانی خزمەتکردن.
لە یادی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی پارێزگاری کەرکوک-دا هەڤاڵانی یەکێتی مافی خۆیانە بەشانازییەوە بڵێن پیرۆزە و هەربژی جەنابی پارێزگار، بەردەوام بە و وەک هەمیشە پشتوپەنای تۆ دەبین.

وتارەکانی نوسەر