سازدانی/ لاپەڕەی ژنان
پ.ی.د. پاڤێ جەمیل ژنان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ، جا چ لە بنیادنانەوەی کۆمەڵگەکان بێت یان لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتیدا بێت، بەڵام زۆرجار ژنان لە ئەجێندا سیاسییە گەورەکان دوور دەخرێنەوە
وەک زانراوە یەکێک لە گەورەترین قوربانیانی جەنگ ژنانن و بە چەندین هۆکار لە جەنگ و ململانێ و شەڕەکاندا وەک توێژێکی لاواز لێیان دەڕوانن، بەو هۆیەوەی لە رووی جەستەییەوە لە پیاوان لاوازترن و لەو دۆخانەدا دەبنە نێچیری لایەنی باڵادەست لەو جەنگانەدا و بەچەندین شێوە دەبنە قوربانیی جەنگ و چەندین تاوانیان بەرامبەر دەکرێت، بۆیە دەکرێت بپرسین بۆچی یەکەم قوربانیی جەنگ ژنانن؟ پ.ی.د. پاڤێ جەمیل راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی لەو بارەیەوە وتی: لە هەموو شەڕەکاندا ژنان ئەو گروپەی کۆمەڵگەن کە قورسترین باج دەدەن، ئەمە تەنها بەهۆی لاوازیی لایەنی جەستەیی یان ماددی یان کەمتر پارێزگاریی ژنانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەیە کە ژنان بارگرانیی داڕمانی سیستمە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و لە دەستدانی ئەزیزانیان هەڵدەگرن. شەڕ جیاوازی لە نێوان بەرەکاندا ناکات، بەجۆرێک دەچێتە ناو وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەوە، لە وردەکارییەکانی ئاوارەیی و ترسدا ژنان یەکەم کەسن ئازار دەچێژن و هەندێکجاریش دوا کەسن کە گوێیان لێدەگیرێت.
تووشی جۆرەها توندوتیژیی دەبن
د. پاڤێ باسی لەوەش کرد ژنان لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا تووشی جۆرەها توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و سێکسی دەبنەوە. هەندێکجار دەستدرێژیی وەک چەکێکی بە ئەنقەستی شەڕ بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەها رووبەڕووی ئیستغلالکردن و بەزۆر بەشودان و کاری زۆرەملێ و کوشتن و ئاوارەبوون دەبنەوە، هاوکات لاوازیی یاسا و پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی ژنان بەبێ لێپرسینەوە زیاد دەکەن.
سەبارەت بە کاریگەرییە کۆمەڵایەتیی و تەندروستییەکانی ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە کاتی جەنگدا لەسەر ژنان، وتی: ئەوان شوێنی حەوانەوە لەدەست دەدەن و بێبەش دەبن لە چاودێریی تەندروستی سەرەتایی، بەتایبەتی تەندروستی ژنان، بەتایبەتریش لایەنی دەروونی پاشان لایەنەکانی تری ژیان، جگە لە بارودۆخی خراپی ژیان و هەراسانکردن و توندوتیژیی زیاد دەکەن، بۆیە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە زۆرێک لە ژنان پاڵدەنرێنە ناو رۆڵی نوێوە، وەک دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان، بەڵام بەبێ پشتیوانی و پاراستن، بەرەوڕووی ئیستغلالکردن و پەراوێزخستن دەبنەوە.
د. پاڤێ جەمیل رای وابوو ژنان رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ئاوەدانکردنەوە لەدوای جەنگدا، جا چ لە بنیادنانەوەی کۆمەڵگەکان بێت، چ پشتگیریکردنی رزگاربووانی جەنگ، یان لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی ناوخۆییدا بێت، بەڵام بەداخەوە زۆرجار ژنان لە ئەجێندا سیاسییە گەورەکان دوور دەخرێنەوە، ئەزموونەکان دەریانخستووە کە بەشداری ژنان لە دانوستانەکانی ئاشتیدا، دەبێتە هۆی دەرئەنجامە بەردەوامەکان، چونکە سەرنجیان لەسەر دادپەروەریی و ئاشتەوایی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەیە.
رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
د. پاڤێ دەربارەی رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاڵپشتیکردنی ژنانی قوربانیانی جەنگ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە پاراستنی ژنان لە جەنگ و ململانێکاندا، وتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێگەی بڕیارنامەکانی وەک بڕیارنامەی (1325)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆڵی ژنان لە ئاشتی و پاراستنیان لە توندوتیژیی دەناسێنێت، هاوکات رێککەوتننامەی وەک (CEDAW-سیداو) کە مافی ژنان دەپارێزێت، بەڵام تەحەداکە لە جێبەجێکردنیدایە، چونکە ئەم یاسایانە زۆرجار بەهۆی لاوازیی ئیرادەی سیاسی، نەبوونی لێپرسینەوە یان بەشدارینەکردنی کاریگەرانەی ژنان لە بڕیاردان، بە تەنیا لەسەر کاغەز دەمێننەوە. لە کۆتاییشدا ئایندەیەکی سەقامگیر دروست نابێت، بەبێ ئەوەی دان بەوەدا بنرێت، ژنان نەک تەنها قوربانی جەنگن، بەڵکو هاوبەشی جەوهەرین لە بنیادنانی ئاشتیدا، چونکە دەنگی ژنان دەنگی دادپەروەریی و شیفا و بەردەوامییە.