رووداو رۆمان دروست ناكات، ئه‌گه‌ر رۆماننووس خه‌یاڵی فراوان و سه‌لیقه‌ی داڕشتن و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی جوان نه‌بێت، به‌ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی رووداویش به‌س نییە بۆ رۆنانی رۆمان، چونكه ئه‌م كاره ده‌بێت به‌گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی.
له ته‌واوی ئه‌ده‌بیاتی دنیادا رۆمانی مێژوویی ره‌واج و گرنگی خۆی هه‌یه، ئێمه‌ش وه‌ك گه‌لێك كه مه‌حكومین به مێژوو ده‌كرێت سوودی ئێجگار گه‌وره وه‌ربگرین له‌و دیرۆكه بۆ چێكردنی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات، وه‌لێ هه‌وڵه‌كانمان هه‌ر له‌سه‌ره‌تادایه، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو رووداوه تراژیدییانه‌ی به‌سه‌ر تاك و گه‌لی كورددا هاتووه، ئه‌گه‌ر فیلم و سینه‌ما توانایه‌كی گه‌وره و هێزی مرۆیی زۆری بووێت، ئه‌وا شیعر و چیرۆك و رۆمان ته‌نها توانای تاك و نووسه‌رێكی كارامه‌ی پێویسته تا ئازاره‌كانی كوردبوون له رووداوه‌وه بگوازێته‌وه بۆناو ئه‌ده‌بیات.
رۆمانی (ژنێك) كه له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج نووسیویه‌تی، كتێبه‌كه ئه‌مساڵ 2025 چاپی دووه‌می بڵاوكرایه‌وه، پێشتر و له‌ساڵی 2015 چاپی یه‌كه‌می كرابوو، به‌ناوی «ژنێك و شته‌كان» رۆمانه‌كه به‌گشتی باس له ئه‌نفال ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه بێت سنوورێكی كه‌م و چه‌ند كه‌سێكی ئه‌و سنووره كاراكته‌ر و پاڵه‌وانی ناو رۆمانه‌كه‌ن، به‌ڵام ئازاره‌كانی ئه‌و چه‌ند كاراكته‌ره، ئازاری هه‌موو كوردێك و ئه‌نفالدیده‌یه‌كه.
(سوره‌چناره) كراوه‌ته گوندێكی سنووری كه‌ركوك، هه‌موو دێهاته‌كانی كوردستان سوره‌چناره‌ن و خه‌ڵك و خاكه‌كه‌ی پاكتاوكراون، هه‌ر یه‌كێك له ئه‌نفالزاده‌كان ده‌شێ خه‌ڵكی سوره‌چناره بن، ئه‌و باس و خواسانه‌ی ناو رۆمانه‌كه كه هه‌مووی له راستییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، هه‌وڵێكی جوانی ئه‌ده‌بییه تا كاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌كان بكرێن به كه‌ره‌سته‌ی ئه‌ده‌بی.
كه‌لتوری كوردی زۆر كراوه و مرۆڤدۆست بووه، له كه‌لتوری كوردیدا هه‌میشه چه‌م ئاوایی و كانی ژنان شوێن و جێژوانگه‌ی كوڕ و كیژه ئه‌وینداره‌كانی ئاوایی بووه، ئه‌مه لای هه‌موو خه‌ڵكی گوندیش روون و ره‌وان بووه، وه‌ك رێگه‌پێدراوێكی نیمچه ره‌سمی ئه‌وین و دڵداریی له‌و شوێنه‌ی گوند كراوه له‌پێناو گه‌یشتن به‌یه‌ك و ئاودانكردنه‌وه‌ی ماڵێك.
رۆماننووس به سه‌ره‌تایه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش و جوان چووه‌ته ناو كرۆكی رۆمانه‌كه‌وه، زۆراب و نه‌سرین ساڵه‌های ساڵه دڵیان به یه‌كه‌وه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌یان به‌ریه‌ك كه‌وتبێ، تا زۆراب ده‌چێته داوای نه‌سرین و ده‌یگوازێته‌وه.
نیو شه‌ویش پێكه‌وه نابن، هێشتا خۆشاوی شه‌وی په‌رده‌یان* خواردووه‌ته‌وه و نه‌یانخواردووه‌ته‌وه، سوپای ئه‌نفال ده‌گاته گونده‌كه، ئیتر هه‌ریه‌كه‌یان به‌لایه‌كدا ده‌ڕۆن و تاهه‌تایه یه‌كتری نابیننه‌وه، زۆراب له لمی بیاباندا ون ده‌كرێت و نه‌سرینیش بۆ كوێره‌وه‌ریی و ره‌نجدان ده‌مێنێته‌وه، له ساڵانی گرانی و شه‌ڕی ناوخۆی كورددا وه‌ك شێره‌ژنێكی رووسوور خۆی بژێوی په‌یدا ده‌كات، «نان ده‌توانێ ئازاری ئینسان بدات، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خۆی له چاوان بشارێته‌وه به‌دبه‌ختییه‌كی گه‌وره باڵ ده‌كێشێت به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا»*
زۆرمان له چیرۆكه‌كانی ئه‌نفال و ژیانی خه‌ڵكی بیستووه له‌سه‌ر وه‌ختی گرانی و شه‌ڕی ناوخۆدا، به‌ڵام كاتێك ئه‌و چیرۆكانه كۆده‌كرێنه‌وه و له دووتوێی كتێبێكدا ده‌كرێن به رۆمان، چیرۆك، بابه‌تی ئه‌ده‌بی، ئیتر بۆ تاهه‌تایه له یاده‌وه‌ریی خۆمان و ناوه‌كانمان ده‌مێننه‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه جاودی نووسین ده‌رده‌خات و جیای ده‌كاته‌وه له زمانی گێڕانه‌وه و ده‌ماوه‌م، رۆمانه‌كه به‌گشتی له فه‌زایه‌كی تراژیدیی دایه، مرۆڤی كورد به‌ر له ئه‌نفال مرۆڤێكی ئازا و ئازادبوو، رۆژانه به كێوه‌كاندا هه‌ڵده‌گژا و ده‌شته‌كانی ته‌یده‌كرد.
له چه‌م و رووباره‌كان ده‌په‌رییه‌وه و كێوماڵی چه‌م و قامیشه‌ڵانه‌كانی ده‌كرد، هه‌ربۆیه كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م مرۆڤانه له ئۆردوگا سایگۆنییه‌كاندا تووشی ده‌یان ده‌رد و نه‌خۆشیی ده‌كردن، زۆریشیان به ئاواتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ گونده سووتاوه‌كان سه‌ریان نایه‌وه، به‌گشتیی نوستالۆژیا زۆرێك له كاراكته‌ره‌كانی ناو رۆمانه‌كه‌ی وێرانكردووه.
نه‌سرینه‌كان زۆرن له‌ناو كورددا، كه دوای ئه‌نفال له شۆڕش و بنه‌سڵاوه و سمود و قوشته‌په و ئۆردوگا جۆراوجۆره‌كانی تردا ژیانی پڕ ژانیان به‌ڕێكرد.
رۆماننوس خۆی به‌شێك بووه له كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و له‌ناو جێماوه‌كانی ئه‌نفالدا ژیاوه ده‌یان و سه‌دان چیرۆكی تری لایه بۆ گێڕانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌وڵی سه‌ره‌تا و یه‌كه‌مێتی و له ئاینده‌دا به‌رهه‌م و كاری ئه‌ده‌بی جۆراوجۆری تری ده‌بینین.
*له ده‌ربڕینێكی په‌شێوه‌وه وه‌رگیراوه.
*دێڕێكه له رۆمانی ناوبراو