رۆڵی ژنان لە دووبارە بنیاتنانەوەی دوای جەنگدا

10:27 - 2025-07-06
د. رووبار مەجید ئەحمەد
44 خوێندراوەتەوە

ژنان بە درێژایی مێژوو، رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبووە لە دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی دوای جەنگ و گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ زیانلێكەوتووانی جەنگ، وەك یەكخستنەوەی خێزان و دروستكردنی تۆڕی كۆمەڵایەتی بەهێز و پڕۆژەی ئابووریی بچووك

ژنان بە درێژایی قۆناغە یەك لەدوای یەكەكانی مێژوو، رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان هەبووە لە دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدان كردنەوەی دوای جەنگ و بەشێك بوون لە چارەسەر، ئەمەش نەك بە تەنها لە لایەنی ماددیی و بنیاتنانەوەی ماڵ و شارەكاندا، بەڵكو لە دووبارە گەڕاندنەوەی ئومێد و هیوا بۆ ناو دڵی زیان لێكەوتووانی جەنگ، وەك یەكخستنەوەی خێزان و دروستكردنی تۆڕی كۆمەڵایەتی بەهێز و پڕۆژەی ئابووریی بچووك.
بنیاتنانەوەی وڵات
ئەڵمانیا دوای جەنگی یەكەمی جیهان كەوتە سەر لێواری لەناوچوون و شارە گەورەكانی وێران بوون، چەندین ملیۆن خەڵك دەربەدەر بوون و حەوت ملیۆن نێرینە لەناوچوون، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی واقیعێكی تاڵ بۆ ژنان كە ئەركی سەركردایەتیكردنی خێزان و ئەو كارگانەیان كەوتە ئەستۆ كە پێشتر لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبران، بەمەش ژنانی ئەڵمانیا رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بوونەوە لە دابینكردنی گوزەرانی خێزانەكانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵێكی كاریگەریان بینی لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئەڵمانیای وێرانەی دوای جەنگ، یەكێك لەو ژنانەش (هێلین زوكەر) بوو كە دوای جەنگ یارمەتی مرۆیی پێشكەشكرد، لە رێگەی كردنەوەی بەرنامەی پاڵپشتیكردنی كۆمەڵگە زیانلێكەوتووەكان، هەروەها چەندین ژن لە كارگەكاندا كاریان دەكرد بۆ بەرهەمهێنانی كەرەستە سەرەكییە پێویستەكانی خەڵك، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئابووری وڵات. هەروەها(ئیریكا ماتچ) یەكێك بوو لەو خانمانەی رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتدا لە رێگەی بەشداریكردنی لە بەرنامەكانی دووبارە ژیاندنەوەی ئەو منداڵانەی بە هۆی جەنگەوە خێزانەكانیان لەدەست دابوو، چەند خانەیەكی سەرپەرشتیكردنی كردەوە بۆ ئەو منداڵانە تا بتوانن لە ژینگەیەكی ئارامدا ژیان بەسەر ببەن، هەروەها خانمانی دوای وێرانەی جەنگ كە ناویان لە خۆیان نابوو (ترومر فراوین)  كە بە شێوەیەكی كارا بەشدارییان كرد لە پاككردنەوەی شارە رووخاوەكان و دووبارە دروستكردنەوەی شوێنەكانی نیشتەجێبوون و ژێرخانی ئابووری وڵات.
ژنان لە کاری خۆبەخشییدا 
 لە ژاپۆنیش  (تۆمی ئۆكازاكی) رۆڵێكی گرنگی بینی لە دووبارە بنیاتنانەوەی هێرۆشیما بە كردنەوەی رێكخراوێك بۆ پاڵپشتیكردنی دەروونی و ماددی رزگاربووانی بۆمبارانكردن، لە رێگەی چاودێریكردنی ئەو ژن و منداڵانەی بە شێوەیەكی راستەوخۆ چەكی ئەتۆم كاریگەریی لەسەر دروست كردبوون، لە پای ئەوە چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا.
لە سوریا دوای جەنگی (2011) چەندین ژنی سوری خۆبەخشانە بەشدارییانكرد لە دووبارە بنیاتنانەوەی سوریای دوای جەنگ، لە رێگەی پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی و فێركردن و چاودێری تەندروستی لە رێگەی كردنەوەی چەند سەنتەرێك لەلایەن خاتوونێكەوە بە ناوی (سەنا ئەلخەتیب) ئەویش بە كردنەوەی بەرنامەی راهێنان بۆ ژنانی ناو كەمپەكان، بە فێركردنی پیشەی دەستیی و چەند پیشەیەكی تر، تا بتوانن رووبەڕووی ئاستەنگەكانی ژیانی دوای جەنگ ببنەوە.
رۆڵیان لە پرۆسەی ئاشتەواییدا
لە دوای جەنگی ناوخۆی لوبنان، ژنان رۆڵێكی كاریگەریان بینی لە پرۆسەی ئاشتەوایی نێوان هۆز و تیرەكانی لوبنان، ئەویش بە بەشداریكردن لە دانانی چەندین بەرنامەی كۆمەڵایەتی بە ئامانجی دووبارە بنیاتنانەوە و دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان گروپە جیاوازەكانی لوبناندا، (لەیلا شیهاب) چالاكوانێكی لوبنانی بوو كە چەندین بەرنامەی داڕشت بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی منداڵان و ژنانی زیانلێكەوتووی جەنگ. لە عیراقیش ژنان پێشەنگ بوون لە دووبارە بنیاتنانەوەی عیراقی دوای جەنگ، یەكێك لەوانەش ژنە چالاكوان (رەغد محەمەد) بوو كە چەند رێكخراوێكی دامەزراند بۆ پاڵپشتیكردنی ژنانی ئاوارە بە تایبەتی ئەوانەی بە هۆی شەڕی داعشەوە خێزانەكانیان لە دەست دابوو.

وتارەکانی نوسەر