خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لەگۆڕانکاریدایە و وڵاتە زلهێزەکانیش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لەو گۆڕانکارییانە
لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری و هەژموونی وڵاتە زلهێزەکانی ناوچەکە کاریگەریی گەورەی هەیە، لەسەر ئاشتی و هەروەها دروستکردنی ئاستەنگ لە ناوچەکە، ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی بەرچاو لەڕێگەی سیاسەتی دەرەوە و ھاوپەیمانییە ستراتیژییەکان کاریان کردووە وەک نێوەندگیر لەشەڕ و کێشە ناوخۆییەکان.
گۆڕانکاریی لە ھاوپەیمانییە ناوخۆییەکان روویداوە، ئێران و سعودیە کە پێشتر بەھۆی یەمەن و سوریاوە رکابەرییەکی توند لە نێوانیاندا هەبوو، لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانیان باشتر بووە و رێککەوتنی ئاشتیانەیان کردووە، لەلایەکی ترەوە تورکیا لەگەڵ هەندێک وڵاتی عەرەبی وەک میسر و سعودیە پەیوەندییەکانی ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە سوریا و بەتایبەت لەگەڵ کورددا هەندێک گروپی نزیک لە ئەنقەرە ململانێیان هەیە، ئیسرائیلیش لەڕێگەی رێککەوتنی ئاشتییەوە پەیوەندیی لەگەڵ هەندێک وڵاتی عەرەبی وەک ئیمارات و بەحرەین چاک کردووە.
لەڕووی هەژموونی ستراتیژی و کاریگەری لەسەر شەڕەکانەوە خۆرئاواییەکان دەڵێن: ئێران پشتگیری لە هەندێک گروپ دەکات لە لوبنان و عیراق و رۆڵێکی ستراتیژیشی لە سوریا و یەمەن هەبووە.
لای خۆیەوە سعودیە بە ھاوکاریی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو هەوڵ دەدات رێگریی لە کاریگەریی ئێران بکات بەسەر ناوچەکەوە، تورکیاش کاریگەریی لە نێو وڵاتانی ناوچەکە هەیە بە تایبەت لەگەڵ هەندێک وڵاتی کەنداو، ئیسرائیلیش بەردەوامە لەشەڕ لەگەڵ حەماس لە غەززە و لەگەڵ حزبوڵڵا لە لوبنان، لە ماوەی رابردووشدا بۆ ماوەی دوانزە رۆژ چووە نێو جەنگێکەوە لەڕێگەی مووشەک باران و هێرشی فرۆکەی سەربازی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ەوە، هەردوولاش بە سەختی بۆردرومانی یەکترییان کرد.
ئەم گۆڕانکارییانەی ناوچەکە کاریگەرییان چی و چۆن دەبێت لەسەر کورد و کێشە ناوخۆییەکانی، بۆ نموونە تائێستا تورکیا بەشێوەیەکی ئەرێنی هەنگاوی نەناوە لە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لەو وڵاتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، هەندێکجاریش ھێرش دەکاتە سەر سنوورەکانی عیراق و سوریا، لەلایەکی ترەوە ئیسرائیل دژی هەندێک گروپی چەکدراییە لە عیراق و هەڕەشەی لێدانیان دەکات، لە سوریاش ئیسرائیل رۆڵێکی کەمی هەیە، لەو سەروبەندەدا گۆڕانکاریی ئابووری و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان ھاتۆتە ئاراوە کە سعودیە هەوڵ دەدات وڵاتەکەی زیاتر بەرەو پێشەوە ببات.
ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بەھێزتر کردووە، ئێرانیش لەژێر سزای ئابوورییدایە، بەڵام پشتگیریی روسیا و چینی هەیە.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لەگۆڕانکاریدایە و وڵاتە زلهێزەکانیش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لەو گۆڕانکارییانەدا، چونکە ھاوپەیمانییە نوێیەکان و ململانێی نێوان وڵاتانی ناوچەکەش بەردەوامە و هەروەها کاریگەرییان لەسەر کورد و گروپە ناوچەییەکانی دیکەش دەبێت.