قۆناغی دوای جاسەنە

10:30 - 2025-07-15
عوسمان ساوجی
78 خوێندراوەتەوە

دەکرێت مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە باکوور، قۆناغ بەندییەکی تازەی بۆ بکرێت، ئەویش دابەشکردنیەتی بۆ پێش هەنگاوەکەی جاسەنە و قۆناغی دواتر، گرنگیی هەنگاوەکەی جاسەنە پەیوەست نییە  بەو دەستکەوتانە لێی بەدەستهاتوون، چونکە تا ئێستا هیچ شتێک دیار نییە و ئەوانەشی بەشداریی کۆی پرۆسەکەن، هێشتا وەک خەڵکانی تر لە گومان و نادڵنیاییدان، ئەوانیش لە لێدوانەکانیاندا زیاتر بە ئەگەر یان وەک پێشبینی، باس لەداهاتووی پرۆسەکە دەکەن.
گرنگیی ئەو هەنگاوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە نزیکەی نیو سەدەیە رووداوی لەو شێوەیە رووی نەداوە. لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی، هەرکەسێک هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، پشت دەبەستێت بە خوێندنەوە و پێشبینی خۆی و ئەزموونی رابردووی بزووتنەوەکەوە، نەک ئەوەی زانیارییەکی تەواو دروستی هەبێت.
ئەم بابەتە قسە و باسی زۆری لەسەرکراوە و هەرکەسێکیش بۆ بەرژەوەندیی حزبی و دنیابینی خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات. 
هاتنەدی پرۆسەی ئاشتی، زۆرمان ئاواتی بۆ دەخوازین کە لە باکووری کوردستان بێتەدی و کورد بتوانێت بەبێ بەربەست تێکۆشانی شارستانی و سیاسی بەڕێوەبەرێت و بەشداربێت لە حوکمڕانییدا، بەڵام راستیی ئەو بابەتە ئەوەیە کە سەرهەڵدانی هێزی چەکدار لە باکووری کوردستان، دەرەنجامی سیاسەتی نکوڵیکردن و رەتکردنەوە و سڕینەوەی شوناس و فەرهەنگی کورد بووە، لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیاوە، پێش دامەزراندنی پەکەکەش، هەوڵی چڕوپڕیان داوە بۆ ئەوەی هیچکام لە دەوڵەتانی ناوچەکەش بچووکترین ماف بە کورد نەدەن، نەوەکو بەو هۆیەوە ژیلەمۆی ئاگری کپکراوی بیری نەتەوەیی لە باکوور بگەشێتەوە و ئومێدی سەرهەڵدان دەرکەوێت.
هەموو ئەو رووداوانەی لە 41 ساڵی رابردوودا روویانداوە، دەرەنجامی داپڵۆسین و سەرکوتکردن بووە، نەک ئەوەی کورد دەستپێشخەریی کردبێت و دەوڵەت لە کاردانەوەی ئەوەدا رەفتاری گۆڕا بێت.
دەبێت ئاگاداری ئەو راستییە بین کە خەباتی شارستانیی سیاسی باکوور لە رابردوودا لەژێر گوشارێکی قورسی دەوڵەتدا بووە، بەڵام بەتەواوی رانەگیراوە، ئەوەش دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، یەکەم رەنگە بۆ ئەوە بێت کە دەرفەتی گەورەتر بوون و فراوانتربوونی هێزی چەکداریی کەمبکرێتەوە و پاساوێکی گرنگیش بێت بۆ پاکانەکردن بۆ سیستمی دیموکراسی لە تورکیا، دووەم پێدەچێت تورکیا بێ ئومێد بووبێت لەوەی کە بتوانێت بە رێگەی توندوتیژی و قەدەغەکردنی زمان و کەلتور و فەرهەنگی کوردی کۆتایی بە پرسی کورد بهێنێت، ئەمەش کرانەوەی راستەقینە بەڕووی خەباتی شارستانیی سیاسیدا بۆ کورد بە یاسا دەستەبەر دەبێت، بەوەش کورد نەک زیان لە خەباتی مەدەنی ناکات، بەڵکو دەتوانێت پێگەیەکی گەورەتری پەرلەمانیی هەبێت و شارەوانی زیاتریش بباتەوە، چونکە ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا دەیبینین ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کورد لە ترسی هەڕەشەی تۆمەتبارکردن بە پاڵپشتی تیرۆر یان بە پاساوی ئایینی خۆیان پاراستووە، لەوەی دەنگ بە هێزە کوردییەکە بدەن. 
ئەگەر ئەم هەنگاوە سەرکەوتوو بوو گرنگە کورد لە باکوور  بە پلانێکی نوێوە دەست بە تێکۆشان بکات و چیتر دەم پارتی یان هەر هێزێکی تر کە خەباتی شارستانیی سیاسی دەکات، نابێت بەتەنها گوزارشت لە یەکهێزیی کوردی بکات، بەڵکو لەجیاتی ئەوە پێویستە چەتری کۆکەرەوەی کۆمەڵگەی کوردی بێت بەو جیاوازییە سیاسییانەی کە هەیانە.

کورد لە تورکیا دەتوانن بەشێوازی مەدەنی خەبات بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان

وتارەکانی نوسەر