ترەمپ ناوەڕۆکی گفتوگۆی لە کێشەوە گواستەوە بۆ هاوپەیمانی و لە دادپەروەرییەوە بۆ سوود و لە خەڵکەوە بۆ سیستمەکان
لەناو گۆڕینی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەیەکی نوێوە دەخاتەڕوو تێیدا تێڕوانینی خۆی بۆ ئاشتی لە ناوچەکە پێناسە دەکات، بە (ئاشتی لە روانگەی وڵاتانی ئارام)ە، بەڵام ئەم زاراوەیە لە سەردەمی خۆی دوورکەوتۆتەوە، ئەم چەمکە کە ترەمپ بەڕوونی لە چوارچێوەی ئەوەی ناسراوە بە رێککەوتنەکانی ئیبراهیم، رێکخست، کە پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی رێکخست.
ئەم زاراوەیە، کە لە رووکاری خۆیدا سادەیە، لە ناخیدا گۆڕانکارییەکی قووڵی ستراتیژیی ئەمریکی و تێڕوانین بۆ ئاشتی، دادپەروەری و هاوپەیمانییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا دەشارێتەوە.
یەکەم: لە «ئاشتی دادپەروەرانەوە بۆ ئاشتی کارامە، هەمیشە چەمکی ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەست بووە بە کێشەیەکی ناوەندییەوە: پێکدادانی عەرەب و ئیسرائیل، کە لە چوارچێوەی چەندین پرسیار دەسووڕێتەوە وەک: (چارەسەری دوو دەوڵەت گەڕانەوەی مافەکان و قودس. هتد)
بەڵام ترەمپ رێگای گفتوگۆی گۆڕی و بەڕوونی وتی: پێویست ناکات چاوەڕێی فەلەستینییەکان بکەین، دەتوانین رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی ئارام و جێگیر بکەین.
بەمە ترەمپ ناوەڕۆکی گفتوگۆی لە کێشەوە گواستەوە بۆ هاوپەیمانی و لە دادپەروەرییەوە بۆ سوود و لە خەڵکەوە بۆ سیستمەکان.
دووەم: کامانەن وڵاتانی ئارام لە فەرهەنگی ترەمپدا؟
وڵاتانی ئارام بەپێی بۆچوونی ترەمپ، بریتین لە: ئیمارات، بەحرەین، عەرەبستانی سعودی (بەبێ رێککەوتنی رەسمی) و ئوردون و میسر و مەغریب و چەندین وڵاتی تر کە ئارامیی سیاسییان هەیە و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە. لەکاتێکدا وڵاتە «نائارام» یان «شکست خواردوو»ەکان، بەپێی پێناسەی ئەمریکا بریتین لە: ( فەلەستین و یەمەن و سوریا و لوبنان و عیراق.
کوردستان، وەک پرۆژەیەکی سیاسی نەک وڵاتێکی جێگیر. بیرۆکەکە ئەوەیە کە ئارامی و سیاسەتی (تطبیع) بووەتە مەرجی سەرەکی بۆ دانپێدانان و نوێنەرایەتی لە (ئاشتیی ئەمریکیدا).
سێیەم: شیکردنەوەی بنیاتێکی ئایدیۆلۆژی بۆ زاراوەکە، زاراوەی (ئاشتی لە روانگەی وڵاتانی ئارام لەسەر چەند گریمانەیەکی مەترسیدار پێکهاتووە لەوانە:
1- ئارامیی گرنگترە لە دادپەروەری.
واتا پێویستیی بە چارەسەری کێشە مێژوویییەکان نییە، کاتێک دەتوانیت «هاوپەیمانیی کارامە» دروستبکەیت کە خزمەتی ئارامی ناوچەیی بکات.
2- واشنتۆن بڕیار دەدات کێ شایەنی ئاشتییە و کێ نییە. لەم دیمەنەدا کە خۆبەزلزانییەکی ئیمپریالیستی کلاسیکی دەردەخات.
چوارەم: کاریگەریی زاراوەکە لەسەر کێشەی فەلەستین، بێدەنگکردنی سەرکردایەتی فەلەستینییە وەک ئەکتەرێکی سیاسی.
تێپەڕاندنی مافی گەڕانەوەی قودس و سنوورەکان وەک پرسیاری گفتوگۆ لە دانوستانەکاندا.
پشتگیریکردن لە (ئاشتیی ئابووری) لە جیاتی «ئاشتیی سیاسی»، بنەمایەکی سەرەکییە دەبەسترێتەوە بە بەرژەوەندییەکانەوە.
ئاسوودەیی عەرەبی بەبێ هیچ بەرامبەرێکی سیاسی بۆ فەلەستینییەکان، ئەمە ئاشتییەکە بەبێ خاوەندارێتی زەوی لە دووتوێی کەشێکی (ئیفترازیی) قەوارەیی دەوڵەتەکان دەکرێت.
پێنجەم: کاریگەرییەکانی لەسەر هێزە بێدەنگەکانی تر (کوردستان، یەمەن، لوبنان) وەک ئەوەی لەم دواییەدا جون باراک لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی پێدا.
هیچ شوێنێک نییە بۆ پرۆژەکانی خۆبەڕێوەبەری (وەک خۆبەڕێوەبەریی کوردی) لە تێڕوانینی ترەمپدا، چونکە ناسراو نین لەڕێگەی نێودەوڵەتییەوە و سەر بە وڵاتێکی ئارام نین. ئەو هێزانەی کە بەرەنگاریی تیرۆر بوونەتەوە یان هەوڵیانداوە بژاردەی مەدەنی دروستبکەن، پشتگوێ دەخرێن، چونکە سەرچاوەیان نییە و پەیوەندییەکی بەهێزی نێودەوڵەتییان نییە.
شەشەم: تێڕوانینی کوردی، ئێمە لە کوێین لەم پرۆژەی ئاشتییەدا؟ کاتێک هەسەدە شەڕی دژ بە داعشی کرد، بە پشتگیریی ئەمریکا، زۆر کەس پێیان وابوو سەرکەوتنی سەربازی، دەرگایەک بۆ دانپێدانانی سیاسی دەکاتەوە. بەڵام تێڕوانینی ترەمپ ئەوەی روونکردەوە: ئەگەر وڵاتێکی جێگیر و ناسراوت نەبێت، تۆ لە دەرەوەی یاری ئاشتییەکەدایت.
بەم شێوەیە، قەوارەی نەتەوایەتی لە پرۆژەی ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا جێی نابێتەوە و خواستەکان بۆ قەوارەیەکی سیاسیی هەمیشەیی، لە گۆڕانکاری و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر بنیات دەنرێت.
زاراوەی ئاشتی لە روانگەی وڵاتانی ئارام، نابێت وەک دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی لێکبدرێتەوە، بەڵکو وەک چەمکێکی ئایدۆلۆژی کە سەرەتاکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات، بەپێی ئەوەی واشنتۆن و تەلئەبیب دەیانەوێت، رێکدەخرێت، نەک بەپێی ئارەزووەکانی خەڵک یان رێساکانی نێودەوڵەتی.
ئەمە ئاشتییەکی مەرجدار و هەڵبژێردراوە، کە تەنیا خزمەت بە چینە باڵادەستەکان دەکات و رێگای بۆ رێکخراوەکانی رزگاربوون، یان پرۆژەکانی دادپەروەریی ناکاتەوە، نموونەشمان بڕیاری چەکدانانی پەکەکەیە.
بەرەنگاربوونەوەی ئەم چەمکە تەنیا مانای رەتکردنەوەی ئاسوودەسازی نییە، بەڵکو مانای پێناسەکردنەوەی ئاشتییە: وەک دەرەنجامی دادپەروەریی، نەک وەک مارکێتێک لە نێوان بەهێزەکاندا.