به‌گوێره‌ی بیروڕای نووسه‌ره جۆراوجۆره‌كان، به‌جیهانیبوون ئه‌وكاته ده‌ستیپێكرد، كه ره‌شپێسته‌كان چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقا، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان ده‌یگێڕنەوە بۆ (3000) ساڵ پێش زایین. پاشان هه‌ندێك تێڕوانینى دیكه ده‌یگێڕنه‌وه بۆ سه‌ده‌ی یه‌كه‌می پێش زایین، یان بۆ كاتی دۆزینه‌وه جوگرافییە گه‌وره‌كان
مێژوونووسی یۆنانی (پۆلیبویس) دوو سه‌ده پێش زایین ده‌ڵێت: (پێشتر رووداوه‌كانی جیهان په‌یوه‌ندییان به یه‌كه‌وە نه‌بوو، ئێستا هه‌ریه‌كه‌یان پشتی به‌ویتریان به‌ستووه.) بە روونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه بە جیهانیبوونى ئابووریى شتێکی نوێ نییە. شارستانێتی یۆنانی زۆر لەمەوپێش، هەندێک پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ میللەتان و نه‌تەوه‌كاندا هەبووه، به‌ڵام به‌جیهانیبوون، واتای به‌شداریی راسته‌قینه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا له ئابووریی بازاڕ و بازرگانیی ئازاد‌دا دەگەیەنێت، کە بۆ ساڵه‌كانی (1900) به‌دواوه، دەگەڕێتەوە.
به‌گوێره‌ی بیروڕای نووسه‌ره جۆراوجۆره‌كان، به‌جیهانیبوون ئه‌وكاته ده‌ستیپێكرد كه ره‌شپێسته‌كان چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقا، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان ده‌یگێڕنەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین. پاشان هه‌ندێك تێڕوانینى دیكه ده‌یگێڕنه‌وه بۆ سه‌ده‌ی یه‌كه‌می پێش زایین، یان بۆ كاتی دۆزینه‌وه جوگرافییە گه‌وره‌كان. له هه‌مان كاتدا تێڕوانینێكی دیكه ده‌یگه‌ڕێنێتەوە بۆ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و بیسته‌م به‌تایبه‌تی بۆ دوای ساڵی (1945). جیا لەوەش زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیستەم.
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت هه‌ریه‌ك له‌م تێڕوانینانه، پاساوی مێژوویی خۆیان هه‌یه و دەیانەوێت بەڵگاندن بۆ تێزەکەیان بکەن. یه‌كێك لە هه‌وڵدانه دێرینه‌كان بۆ به‌جیهانیبوون و گه‌ردوونیبوون، ئایینه‌كان بوون، چونکە زۆربه‌ی ئایینه‌كان هه‌وڵیانداوه ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نن كه بۆ هه‌موو جیهانن، بۆ نموونە هەریەک لە ئایینەکانی مەسیحی، بودایى، ئیسلام، کە به بڕوای پسپۆڕى ئاینناسی (ویلهام هالبفاس) بودایی له ناوه‌ڕۆكدا گەر‌دوونییه و ویستێكی مژده‌ده‌ری هه‌یه.
فەیلەسوفێکى وەک (ئه‌رستۆ) نامەیەک دەنووسێت بۆ (ئەسکەندەری مەکدۆنی) و دەڵێت: (ئه‌و داگیركارییانه بوەستێنە، چونكه له‌كاتی تێكه‌ڵبوونی یۆنانییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی خۆرهەڵاتدا، جیاوازیی نه‌ژادیی یۆنانی له‌ناوده‌چێت)، به‌ڵام له وه‌ڵامدا (ئه‌سكه‌نده‌ر) بۆی نووسیبوو: (ئه‌و وڵاتانه داگیر ده‌کەم، تاوەکو كەلتور و هزری یۆنانی ببێته كەلتور و هزری هه‌موو جیهان) ئالێره‌وه بیرۆكه‌ی جیهانگه‌رایی ده‌رده‌كه‌وێت.
خه‌ڵكی کۆچیان دەکرد بۆ گه‌ڕان به‌دوای نان و خاك و كۆیله، بۆ هه‌ڵهاتن له سته‌مكاریی و چه‌وساندنه‌وه یان بۆ به‌دواداچوونی بازرگانی، پێش سه‌ده‌ی شازده و حه‌ڤد‌ە. ئه‌و بزاوتنه به ته‌نها کۆچێکى ئاسایی نەبوو، به‌ڵكو ئه‌و بیرۆكانه گرنگ بوون كه له‌گه‌ڵ كۆچبه‌ره‌كاندا ده‌هاتن.
بازرگانی
لەمبارەیەوە (ساموێل هانتینگتۆن) دەڵێت: (ئەوەی پێی دەوترێت بەجیهانیبوون نکۆڵی لێناکرێت شتێکی نوێیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیا کیشوەربڕەکان). بە بڕواى نووسەر و شارەزاى سیاسی کەنەدى (Robert Warburton Cox) بەجیهانیبوون وەکو بازرگانى، تەمەنى زۆر کۆنە و تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرمایەداریی، چونکە تەمەنى بازرگانى لە نێوان بەشە جیاجیاکانى جیهاندا لە سەرمایەداریی کۆنترە، بەڵام بوونى جیهانگیریی بە سیستمێک بۆ بەرهەمهێنانى سەرمایەدارییانە، دیاردەیەکى نوێیە و بە بڕواى (کۆکس) سەرەتاکانى بۆ حەفتاکانى سەدەى بیستەم دەگەڕێتەوە.
سێ قۆناغی گرنگ
چەندین دید و تێڕوانینى جیاجیا هەن کە ریشەى بەجیهانیبوون و مێژووەکەى لە قۆناغی یەکەمدا دەگەڕێنێتەوە بۆ (پرۆژەى مارشاڵ)ى ئەمریکی لە دواى جەنگى دووەمی جیهان، کە لە ئەنجامدا رێککەوتنامەى (بریتون ودز)ی لێ بەرهەمهات، کە دواتر گات و سندوقی نەختینەى نێودەوڵەتى و بانکی نێودەوڵەتى بۆ سەقامگیریی دارایی لێ دروست بوو. لە قۆناغی دووەمدا، سەرهەڵدانى بەجیهانیبوون بوو، کە لە پەنجاکانى سەدەى رابردووەوە سەریهەڵدا و بووە هۆی زیادبوونى بلۆکی ئابووریى و ناوچەى ئازاد و یەکێتیى گومرکی و ئازادبوونى جووڵەى بازرگانى جیهانی. قۆناغی سێیەمیش بە رووخاندنى یەکێتیی سۆڤیەت دەستیپێکرد، لەم قۆناغە بەدواوە رێکخراوى بازرگانیى جیهانى دروست بوو.
رۆبێرتسۆن دەڵێت: (بەجیهانیبوون دەبێتە هۆی بچووکبوونەوەی جیهان و زیادبوونی هۆشیاریی جیهانی بەگشتی.) لە راستیدا ئەو پەرەسەندنە نوێیەی کە لە جیهاندا روویداوە، پەیوەندیی بە کەلتوری خۆرئاواوە هەیە. ئاشنابوون بە رەگ و پێکهاتەی ئەم گۆڕانکارییە گشتگیرە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە فەزای ژیانی مرۆڤێکی نوێ و رووبەڕووبوونەوەی بە بارودۆخی جیاوازەوە. لەسەر بنەمای ئەمە، هەوڵدان بۆ روونکردنەوەی دۆخی جیهانگیری لە جیهانی مۆدێرن و هێنانەکایەی تایبەتمەندییەکانی ئەم دیاردە فراوانە، دەتوانێت ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی باشتر و گونجاوتر لێی.
قۆناغه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی به‌جیهانیبوون
(فریدمان) ماوه‌ی به‌جیهانیبوونمان بۆ ده‌كات به سێ قۆناغه‌وه، بەجیهانیبوونى یه‌كه‌م (1492-1800) ناسراو به جیهانگیریی ده‌وڵه‌ته‌كان، بەجیهانیبوونى دووه‌م (1800-2000) ناسراو به جیهانگیری كۆمپانیاكان، بەجیهانیبوونى سێیه‌م (2000 - تائێستا)، ناسراو به جیهانگیریی تاكه‌كه‌س. بۆیه باسی دۆزینه‌وه‌ی جوگرافیی گه‌وره ده‌كرێت، چونكه لە توانایدا هەبوو، کە په‌یوه‌ندیی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی لە پەیوەندییەکى پچڕ پچڕەوە، بکات به په‌یوه‌ندییه‌كی جیهانی پڕاوپڕ.
قۆناغبەندیى (رۆبێرتسۆن)
1/ قۆناغی كۆرپه‌له‌یی: ئه‌م قۆناغه له ئه‌وروپا له به‌راییه‌كانی سه‌ده‌ی پازدەهەمە‌وه به‌رده‌وام بوو، به گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی جیاده‌كرایه‌وه، بواره‌كانی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی فراوان بوو، هزره‌كانی تایبه‌ت به مرۆڤایه‌تی و تاكگه‌رایی قووڵ بووه‌وه، تیۆر‌ی ناوه‌ندبوونی جیهان سه‌ریهه‌ڵدا، جوگرافیای نوێ فراوان بوو، رۆژمێری گریگۆری هاته ئاراوە.
2/ قۆناغی په‌یدابوون: ئه‌م قۆناغه له ئه‌وروپا له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یە‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م. له‌م قۆناغه‌دا په‌یوەندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چووه قۆناغێكی پێشکەوتووترەوە، چه‌ندین داموده‌زگا و رێكکه‌وتننامه و په‌یوەندیی نێوده‌وڵه‌تی به ئه‌نجامگه‌یه‌نران.
3/ قۆناغی ده‌رچوون: له ساڵی (1870)ەوە ده‌ستپێده‌كات و له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا كۆتایی دێت، له‌م قۆناغه‌دا چه‌مكی گه‌ردوونی زیاتر بڵاوبووه‌وه و ئاڕاسته‌كانی بەجیهانیبوون به‌رەو یه‌ك ئاراسته‌یی هه‌نگاوی نا، داڕشتنه‌وه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ چه‌مكی مرۆڤایەتى هه‌بوو، په‌یوه‌ندی و پەیوەندییگرتن، نێونه‌تەوه‌یی و گه‌یاندن زیادیكرد.
4/ قۆناغی ململانێ له پێناوی هه‌ژمووندا: له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات، تا كۆتایی شه‌سته‌كانی هه‌مان سه‌ده ده‌خایه‌نێت، به ناكۆكیی هزری و جه‌نگه‌كان ده‌ستیپێكرد، ململانێی و ناكۆكی نێوده‌وڵه‌تی هاتنه ئاراوە، چه‌كى ئه‌تۆمی به‌كارهێنرا.
5/ قۆناغی نادڵنیایی: له كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌ستپێده‌كات و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر ده‌بێت له‌م قۆناغه‌دا، نیشتنەوە له‌سه‌ر مانگ و سیستمی جیهان فراوانتر ده‌بێت و هه‌مه‌جۆریی و فره‌ییی سه‌رهه‌ڵدەد‌ات و گرنگیدان به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی جیهانی بایه‌خ پەیدا دەکات.
سەرچاوەکان:
1. ابوصالحة، غالب. (2012). تأثير العولمة السياسية على الوطن العربي (1991-2013)، رسالة ماجستير، جامعة الشرق الاوسط، كلية الاداب و العلوم الانسانية، الاردن.
2. قانیع، مەریوان وریا. (2006). ناسیۆنالیزم و سەفەر کورد لە دیاسپۆرا. لە بڵاوکراوەکانى ناوەندى ڕەهەند، چاپخانەى ڕەنج، سلێمانى.
3. ليكرليك، جيرار. (2004). العولمة الثقافية الحضارات على المحك. ت: جورج كتورة، دار الكتاب الجديد المتحدة، طرابلس.
4. ثامر كامل محمد و المشهداني ياسر علي. (2004). العولمة وفجوة الامن في الوطن العربي. دار مجدلاوي للنشر والتوزيع، الاردن.
* مامۆستای زانکۆی سلێمانی