گەر هەموو منداڵەکان یەکەم بن، کێ دووەم و سێیەم بێت؟

11:11 - 2025-07-14
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
67 خوێندراوەتەوە

ئاشکرایە هەموو مرۆڤێک لەڕووى دەروونییەوە حەز بە تامى سەرکەوتن دەکات، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە شکست کۆتایی رێگاکە نییە، پێویستە منداڵەکانمان فێربکەین، دۆڕاندن قبوڵ بکەن و لە شکستەوە فێرببن، فێریان بکەین ئازایەتى واتە هەستانەوە لەدواى کەوتن.
هەموو ساڵێک کە ئەنجامى تاقیکردنەوەى پۆلی دوازدە رادەگەیەنرێت، خێزانەکان بەسەر دوو چیندا دابەش دەبن، چینێکى نیگەرانى زۆرینە و چینێکى ئاسوودەى کەمینە، نیگەرانەکان ئەو دایباب و خانەوادانەن کە مندالەکانییان نەیانتوانیوە نمرەى بەرز بهێنن، دروست بڵێم نەیانتوانیوە لە کۆلێژى پزیشکى وەربگیرێن، چونکە راستییەکى تاڵ هەیە کە پێوەرى زیرەکى و تەمبەڵى تەنها بەستراوەتەوە بە کۆلێژە پزیشکییەکانەوە، خەڵکى هەموو دەیانەوێت منداڵەکانییان پزیشک بن و کەس نایەوێ نەخۆشەکە، کارگوزارەکە، نێرسەکە بێت.
گەر خوێندکارەکەت نمرەى کەمی بەدەسهێنا و فشارەکانى تۆش لەسەرى زیاتر بوو، ئەوا بەدوورى مەگرە تووشی ئەم گرفتانە ببێتەوە: بێزاری و هەستکردن بە شکست، خۆبەکەمزانین و هەستکردن بە بێتوانایی، کە رەنگە ئەمە سەرەتابێت بۆ گۆشەگیریى و خەمۆکى و دوورکەوتنەوە، جیالەوەش  دڵەڕاوکێ و ترس لە سزا،  یەکێکى ترە لەو  پێشهاتنانەى دێنە ئاراوە. لەبەرئەوەى بەردەوام فشارتان لە منداڵەکانتان کردووە و داواى نمرەى بەرزتان لێکردووە و هەمیشە  بەراوردتان کردووە بەوانى تر و توانجتان تێگرتوون،  بەدوورى مەزانە، منداڵەکەت بەرگەى ئەم فشارانە نەگرێت و شتى نەخوازراو رووبدات، چونکە هیچ کات نەتتوانیوە وەکو دایبابێک، پشتگیریى دەروونىی بۆ منداڵەکەت دەستەبەر بکەیت، رەنگە مامۆستاى تایبەت و ژوورى نووستنى تایبەتت بۆ دابین کردبێت، بەڵام نە ئاسوودەییت پێ بەخشیووە، نە ئارامی.
چی بکەین بۆ چارەى ئەم دەردە؟
1 - منداڵەکەت تێبگەیەنە کە  تاکایەتى لەنێو مرۆڤەکاندا هەیە و ناکرێت هەمووان یەکەم بن.
2 - پاڵپشتی دەروونی لەلایەن دایک و باوک و مامۆستایانەوە.
3 - گرنگیدان بە باسکردنى بایەخى هەوڵدان و کۆشش کردن.
4 - فێرکردنی توانا و لێهاتوویی  بەڕێوەبردنی کات و زاڵبوون بەسەر دڵەڕاوکێ.
ئەنجام
دەکرێت بەدەستهێنانى نمرەى بەرز منداڵەکەت دڵخۆش بکات، وەک چۆن دەکرێت بەدەستنەهێنانیشى نیگەرانى بکات، بەڵام راگرتنى هاوسەنگى و هەوڵدان بۆ تێگەیاندنى منداڵەکەت لەوەى کە پێویستە هەوڵ و کۆشش بکات، بەڵام گەر ئەنجامەکەى هەرچی بوو قبوڵى بکات، ئەوە سەرەتایەکى باش دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو دنیا فراوانەى کە هێشتا لەبەردەمیدایە.
*مامۆستاى زانکۆی سلێمانى

دەکرێت بەدەستهێنانى نمرەى بەرز خوێندکار دڵخۆش بکات، بەپێچەوانەشەوە نیگەرانی بکات

وتارەکانی نوسەر