ئەو پەشیمانییانەی زۆرترین كێشەمان بۆ دروست دەكەن، ئەو هەڵانە نین كردوومانن، بەڵكو ئەو كارانەن كە نەمانتوانیوە بیانكەین
پەشیمانی، دۆخێكی نەرێنیی مەعریفی یان سۆزدارییە، بریتییە لە تاوانباركردنی خود بەئەنجامدانی كارێكی خراپ، ئاواتەخوازیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنێكی پێشوو كە كردوومانە. پەشیمانی هەستكردنە بە دڵتەنگی و نائومێدی، بەهۆی شتێكەوە دروست دەبێت كە روویداوە و كراوه یان رووينەداوە و نەكراوە. توێژەران بۆیان دەركەوتووە لەبنەڕەتدا دوو جۆر پەشیمانی هەیە، یەكەم: پەشیمان بوونەوە لەوەی مرۆڤ نەیكردووە یان دەرفەتەكانی لەكاتی خۆیدا نەقۆستۆتەوە. دووەم: پەشیمان بوونەوە لەوەی مرۆڤ كردوویەتی لە هەڵبژاردنی خراپ و هەنگاوی هەڵە. ئەو بڕە كاتەی تێپەڕیوە، بڕیاردەرە لەوەی چ جۆرە پەشیمانییەك زیاتر ئەگەری روودانی هەیە، ئەگەر ماوەکە ساڵێك و زیاتر بوو، خەڵك لەو هەڵانەی كردوویانە و لەو دەرفەتانەی لەدەستیچوون، پەشیمانن، بەڵام لە ماوەی درێژتردا تەنها لە هەڵەكانیان پەشیمان دەبنەوە.
پەشیمانی بۆ گەنجان هەرچەندە بە ئازارە، بەڵام دەتوانێت هەستێكی یارمەتیدەر و شێوازێكی بیركردنەوە بێت. ئازاری پەشیمانی دەبێتە هۆی دووبارە گرتنەبەری رێوشوێنی چاكسازی یان پەیڕەوكردنی رێگەیەكی نوێ. ئەگەری ئەوەش هەیە پەشیمانی ببێت بە فشاری درێژخایەن و زیان بە دەروون و جەستە بگەیەنێت. هەردوو دەروونناس (شای داڤیدای و تۆم گیلۆڤیچ) لێكۆڵینەوەیان لە سایکۆلۆژیای پەشیمانی كردووە و دەڵێن: ئەو پەشیمانییانەی زۆرترین كێشەمان بۆ دروست دەكەن، ئەو هەڵانە نین كردوومانن، بەڵكو ئەو كارانەن كە نەمانتوانیوە بیانكەین. توێژینەوەیەك دەریخستووە پەشیمانی لە كارە ئەنجامدراوەکان بە تێپەڕبوونی كات كەم دەبێتەوە، بەڵام پەشیمانی پەیوەست بە بێ كردەوە، زیاتر بەردەوام دەبێت و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا چڕتر دەبێتەوە.
دەروونناسان بۆیان دەركەوتووە، ئەزموونی پەشیمانی، دەرئەنجامی ئەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و یارمەتیدەرە تا ئەزموونەكانی رابردوومان مانایان هەبێت و رەفتارەكانی داهاتوومان ئاسان بێت، تێڕوانینەكان بۆ خود دابین دەکەن و هاوکارن بۆ پاراستنی هاوسەنگی كۆمەڵایەتی. خەڵكی زۆرجار پەشیمانی بە دڵەڕاوكێ سەیر دەكەن، بەڵام پەشیمانی وەك ئەزموونێكی سۆزداری ئەرێنی هەڵسەنگێنراوە. لە وڵاتانی خۆرئاوا، پەشیمانی كەسانی بەتەمەن، زیاتر تایبەتە بە بوارەكانی خوێندن و هەڵبژاردنییەوە. سەرزەنشتكردنی خود بەهۆی پەشیمانییەوە یارمەتی تاكەكەس دەدات هەنگاوەكانی داهاتووی راست بكاتەوە و باشتر خۆی بگونجێنێت، بەڵام بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پەشیمانیدا باشتروایە لە سەرەتادا دانیپێدا بنێین و نكوڵی لەوە نەكەین كە پەشیمانین، پاشان وەك ئەزموونێكی فێربوون لێی بڕوانین و بیكەینە سەرچاوەیەك بۆ وەرگرتنی بڕیاری باش و دروستتر لە ئایندەدا، ناکرێت مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا هاوسۆزی نەبێت و بەتوندی سەرەزەنشتی خۆی بكات. بۆ ئاسوودەیی دەروون لەکاتی پەشیمانیدا، وا پێویستە لەگەڵ هاوڕێ یان كەسێكی نزیكدا، بابەتی پەشیمانییەکە باس بكەین، تا نەبێتە گرێیەكی دەروونی و وامان لێنەکات بەیەكجاری بەدبین و دەستەوەستان بین و هیچ كارێكمان پێ ئەنجام نەدرێت.