ئابووریی رەفتاریی نوێترین لقی ئابووری مۆدێرنە لەسەر بنەمای لێكۆڵینەوە لە كاریگەریی هۆكارە دەروونی و مەعریفی و سۆزداری و كەلتوری و كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بڕیاری تاك و دامەزراوەكان، دامەزراوە. سەرهەڵدانی ئابووریی رەفتاریی بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، دەگەڕێتەوە. لەبواری ئابووریدا تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی دەڵێت: كاتێك مرۆڤ چەند بژاردەیەكی هەبێت، دڵخۆشكەرترین بژاردە هەڵدەبژێرێت بەو ئومێدەی زۆرترین سوود بەدەست بهێنێت. مرۆڤی بیركەرەوەی عەقڵانی، كەسێكە بتوانێت كۆنترۆڵی خۆی و بڕیارەكانی بكات و بزانێت چی باشترینە بۆی. بەپێچەوانەوە لە ئابووریی رەفتاریدا، مرۆڤ عەقڵانی نییە و شایستەی ئەوە نییە لە هەلومەرجی جیاوازدا بڕیاری باش بدات.
گرنگترین چەمكەكانی ئابووریی رەفتاریی بریتین لە: یەكەم (متمانەی كوێرانە) ئاماژەیە بۆ ئەو دیاردەیەی تاكەكەسەکان زۆر گەشبینن بە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان. ئەمەش بەو مانایەی مەیلیان هەیە بۆ زیاد خەمڵاندنی تواناكانیان كە دەبێتە هۆی بڕیاردانی هەڵە. دووەم: (هەڵەی پلاندانان) واتە مەیلی تاكەكان بۆ خەمڵاندنی ئەوكاتەی پێویستیانە بۆ تەواوكردنی ئەركێك كەمتر لەوەی لەواقیعدا پێویستیان پێیەتی. ئەمەش دەبێتە هۆی دواكەوتن لە تەواوكردنی ئەركەكان. سێیەم: (یاری ئۆڵتیماتۆم) یارییەكە بۆ لێكۆڵینەوە لە رەفتاری تاكەكان لەو بارودۆخانەی پێویستیان بە دانوستان هەیە، بەكاردێت. لەم یارییەدا بۆ تێگەیشتن لە رەفتاری تاكەكان شیكار بۆ رەفتارەكانیان دەكرێت. چوارەم: (تیۆری دوو سیستم) ئاماژەیە بۆ تیۆرێكی روونكردنەوە كە دەڵێت: عەقڵی مرۆڤ لە دوو سیستمی بیركردنەوەی جیاواز پێكدێت، سیستمی یەكەم بۆ بڕیاری خێرا و ئۆتۆماتیكی بەكاردێت، دووەمیش بۆ بڕیاری گرنگتر كە پێویستی بە بیركردنەوەو شیكردنەوە هەیە. پێنجەم: (عەقڵانییەتی سنووردار) ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەی مرۆڤەكان كات و توانای مەعریفی و زانیارییان سنووردارە و هەمیشە لە روانگەی ئابوورییەوە هەڵبژاردەی «دروست» ناكەن تەنانەت ئەگەر زانیاریشیان لەبەردەستدا بێت كە رێنماییان بكات بەرەو رێڕەوێكی دیاریكراوی كاركردن. شەشەم: (بەردەستبوونی هێوریست) ئاماژەیە بۆ ئەو بیرۆكەیەی تاكەكەسەکان، لەكاتی هەڵسەنگاندنی ئەگەری دەرئەنجامێكی دیاریكراودا زۆرجار پشت بە زانیارییە ئاسان وەرگیراوەكان دەبەستن نەك داتا راستەقینەكان.
ئابووریی رەفتاریی لە هەوڵدایە بۆ تێگەشتن لە چۆنییەتی كاریگەری لێكدانەوەو لایەنگرییە دەروونییەكان لەسەر رەفتاری ئابووریمان، بەپێچەوانەی دیدگای نەریتخوازی ئابوورییەوە كە پێیوایە خەڵكی لە رووی عەقڵییەوە كاران و بڕیارەكانیان تا ئەوپەڕی رادە، خۆشگوزەرانییان بۆ فەراهەم دەكات. بەلای پسپۆڕانی ئابووریی رەفتارییەوە، عەقڵانیی بوونی مرۆڤ سنووردارە و هەمیشە لەژێر كاریگەری باردۆخی هەنوكەیی و رەوشی كەسی و كۆمەڵایەتیدایە بۆیە تاكەكەس زیاتر بۆ داهێنانی مۆدێلی پەسەند و واقیعییانەتر لەلایەنی دەروونییەوە تێدەكۆشێت تاوەكو رەفتارە ئابوورییەكەی خۆی پێ لێكبداتەوەو بڕیارە ناكۆك و ناتەباییەكانی لە بازاڕی كاردا، پێ
راڤە بكات.