پیری و ئەلزهایمەر
ئەلزهایمەر قۆناغێكی سروشتی نییە لە تەمەنی پیری كە هەموو كەسێك پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵكو نەخۆشییە و هەندێك كەس لە دوای تەمەنی شەست و پێنج ساڵییەوە تووشی دەبن و زۆرێكیش ساڵانێكی درێژ، دوای ئەو تەمەنە دەژین و تووشی ئەم نەخۆشییە نابن. ئەلزهایمەر (AD) تێكچوونی خانە دەمارییەكانە، هێواش هێواش دەستپێدەكات و تا بەیەكجاری خراپتر دەبێت. پزیشكی دەروونی ئەڵمانی ئەلۆیس ئەلزهایمەر (1864 - 1915) بۆ یەكەمجار و ساڵی 1906 بەوردی باسی كردووە و ئیدی نەخۆشییەکە بەناوییەوە جێگیر کرا. ئەم نەخۆشییە هۆكاری (60 % - 70 %) دۆخەكانی خەڵەفانە. نیشانە بەراییەكانی لەیادچوونەوەی نزیكترین و دوا رووداوی دەوروبەرە. لەگەڵ پێشكەوتنی نەخۆشییەكەدا، كێشەکانی ئاخاوتن و فەرامۆشكردنی خود و رەفتارکردن و هەڵگەڕانەوەی مەزاج سەرهەڵدەدەن و هێدی هێدی ئەركی ئەندامەكانی جەستە پەكیان دەكەوێت و لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی مردنی نەخۆشەكە.
لە ساڵی 2020 نزیكەی 50 ملیۆن كەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشی نەخۆشیی ئەلزهایمەر بوون و زۆربەیان تەمەنیان لەسەروو 65 ساڵەوە بووە، ئەم نەخۆشییە لەریزبەندی هۆكارەكانی مردندا پلەی حەوتەمی گرتووە. گەرچی دەركەوتنی نیشانەكان و خێراییان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی دەگۆڕێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا، تەمەنی چاوەڕوانكراو لە سەرەتای دەركەوتنی نیشانەكانەوە تا مردنی نەخۆشەكە، لەنێوان سێ بۆ دوانزە ساڵدایە. هۆكاری ئەم نەخۆشییە تا ئێستا روون و دیار نییە، هەندێك فاكتەری بۆماوەیی و ژینگەیی رۆڵییان لە پەرەسەندنیدا هەیە. دیارترین هۆكار، پێكانی كەللـەسەر و تێكچوونی پڕۆتینی چەوری و تێكەڵبوونی ریشاڵی دەماری و لەدەستدانی پەیوەندییە دەمارییەكانی مێشك و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنە. دیارییكردنی نەخۆشییەكە پشت بە مێژووی نەخۆشیی و تاقیكردنەوە مەعریفییەكان دەبەستێت، سەرباری تێستی پزیشكی و پشكنینی خوێن.
نەخۆشانی ئەلزهایمەر بارگرانین بەسەر خێزان و دامەزراوە تەندروستی و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەوە، بەهۆی لەیادچوونەوەوە، بەردەوام زیانی گەورە دەگەیەنن و فشاری كۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی و ئابووری لەسەر دەوروبەرەكەیان دروست دەكەن. سەرەتای ئەو گۆڕانكارییانەی بەهۆی ئەلزهایمەرەوە لەمێشكماندا روودەدەن لەو ناوەندانەدان، كە بەرپرسیارن لە پڕۆسەی فێربوون دواتر ئاراستەكان لەدەست دەدرێن و شڵەژان لە رووداوەكان بۆ كات و شوێن دێنە ئاراوە و هەندێك گومان سەبارەت بەخێزان و هاوڕێیان و كەسوكار سەرهەڵدەدەن كە هیچ بنەمایەكیان نییە، پاشان ئاستەنگی ئاخاوتن و گۆكردنی وشەكان بەدی دەكرێن، سەرباری كێشەكانی قوتدان. دواتر نەخۆش توانای ئەنجامدانی تەواوی كاروبارەكانی رۆژانە لەدەست دەدات و وەكو پێویست قسەی بۆ ناكرێت و چەمك و زاراوەكانی ناكەوێتە یاد و شوێنگۆڕكێ بە وشەكان دەكات و توانای نووسینی نامێنێت، تاوای لێدێت یادگەی درێژمەودای لاواز دەبێت و میزاج و هەڵچوونی دەشێوێت و ناوبەناو لەخۆڕا دەگری و رەفتاری شەڕەنگێزیی لەگەڵ ئەو كەسانەدا لێ دەردەكەوێت، كە لە دەوروبەریدان و خزمەتی دەكەن. دوا قۆناغی ئەم نەخۆشییە، لەدەستدانی یەكجاری توانای قسەكردن و جووڵە و ئەنجامدانی سادەترین چالاكیی رۆژانەیە و ئیدی ماسولكەكانی دەپوكێنەوە و جووڵەی نامێنێت و لەسەرجێگە دەكەوێت و چەندین نەخۆشیی لێدەردەکەوێت و بەرەو مردن دەچێت. دەركەوتووە پەیوەستبوون بە سیستمی خۆراكی تەندروست و ئەنجامدانی وەرزش و چالاكیی كۆمەڵایەتی، دەبنە هۆی كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە لای بەساڵاچووان.