34
شێركۆ بێكه‌س: باوكه فایه‌ق له هه‌ڕه‌تى پیاوه‌تى و جۆش و خرۆشى نیشتمانپه‌روه‌ریی و له گه‌رمه‌ى وه‌رزى شیعرنووسینى خۆیدا، كۆچى دوایی كرد
ئه‌وه‌نده‌ى من دیقه‌تم داوه و خوێندوومه‌ته‌وه، هیچ شاعیر و نووسه‌رێكى كورد، هێنده‌ى فایه‌ق بێكه‌س، رووناكبیران و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانى كورد و ته‌نانه‌ت سه‌ركرده سیاسییه‌كانیش بۆى به ئه‌سه‌ف نه‌بوون، زۆربه‌شیان به نووسین و شیعر و بیره‌وه‌رى و بۆنه، یادیان كردۆته‌وە.
جگه له‌مه‌ش، ئه‌وانه‌ى شیعر و یاده‌وه‌رییان له‌باره‌وه نووسیوه، زۆربه‌یان خۆیان پایه‌یه‌كى گرنگى بوارى رووناكبیریی كوردیین، بۆیه كاتێك فایه‌ق بێكه‌س له كانوونى یه‌كه‌مى 1948 له ته‌مه‌نى 43 ساڵیدا كۆچى دوایی ده‌كات، هه‌ر یه‌ك مانگ دواى ئه‌وه واته له كانوونى دووه‌مى 1949 ژماره (1)ى ساڵى دەیه‌مى گۆڤارى گه‌لاوێژ ده‌رده‌چێت و به‌م بۆنه خه‌مناكه‌شه‌وه گۆڤاره‌كه چه‌ند بابه‌تێك بۆ گه‌وره‌یی بێكه‌س ته‌رخان ده‌كات.
له بابه‌تێكدا به ناونیشانى ((كۆچى بێكه‌س))، كه ناوى هیچ نووسه‌رێكى به سه‌ره‌وه نییه، وه‌كو بڵێى به ناوى گۆڤاره‌كه‌وه نووسراوه، به‌ڵام به شێوازى نووسین و به‌و پێیه‌ى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى مدیرى مه‌سئول بووه لە گۆڤارەکەدا و پێده‌چێت ئه‌و نووسیبێتى، له پێشه‌كى وتاره‌كه‌دا نووسه‌ر ده‌ڵێت: ((ئه‌رێ مه‌رگ! ئایا تاپۆیه‌كى خه‌یاڵیت و له ژێر سێبه‌رى هه‌تاوا ئه‌ژیت؟ یا تارمایی به‌ردێكى بێ گیانیت و نه له سوتانى دڵ لا ئه‌كه‌یته‌وه و نه باكت به گه‌رما و سه‌رماى رۆژگار هه‌یه؟؟ هیچیان نیت به‌ڵكو وێنه‌یه‌كى به‌سامیت، دڵت هه‌یه، به‌ڵام ره‌قه، گوێت هه‌یه كه‌ڕره، چاوت هه‌یه بۆ چاكانت هه‌ڵخستوه)).
پێده‌چێت مامۆستا سه‌جادى ئه‌م نووسینەی زۆر به بێ تاقەتى نووسیبێت، چونکە خه‌مێكى قووڵ له وشه و دێڕه‌كانى نووسینه‌كه‌دا هه‌یه، جگه له‌مه‌ش مه‌رگى فایه‌ق بێكه‌س له 18ى كانوونى یه‌كه‌م بووه و گۆڤاره‌كه له سه‌ره‌تاى كانوونى دووه‌م ده‌رچووه، ئه‌مه‌ش كه‌متر له 15 رۆژ ده‌كات له دواى مه‌رگى بێكه‌س، كه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه كارێكى زه‌حمه‌ت بووه، گۆڤارێك بتوانێت له‌م ماوه كه‌مه‌دا، ئه‌م هه‌موو بابه‌ته‌ى بۆ بنووسرێت و ئه‌ویش فریاى چاپ بكه‌وێت.
بۆیه هه‌ر له بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى ئه‌م نووسینه‌دا نووسه‌ر ده‌نووسێت: ((فایه‌ق شاعیرێك بو كه له‌م سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌دا پێوەی بنازین، خه‌یاڵاتى به‌رزى بنه‌وبارگه‌ى ئێمه بو، دڵى ساف و پاكى ئاوێنه‌ى بێ گه‌ردى شاخه‌كانى كوردوستان بو كه تیایا ببریسكێنه‌وه، زمانى پاراوى وێستگه‌ى ئه‌و خه‌یاڵاته خه‌مڵیوانه بو كه ساڵه‌هاى ساڵه له تۆێى ده‌روونى كۆرپه كورده‌كاندایه، فیكرى میلله‌تیشى ئه‌وه دیاره وه‌كو مانگه‌كه‌ى هاوڕازى له ئاسمانى كوردوستاندا هاتوچۆى ئه‌كرد. كه‌چى ئه‌و مه‌رگه دڵڕه‌قه نه به‌زه‌یی به بێكه‌سى ئێمه‌دا هاته‌وه نه به ناكامى بێكه‌س-دا)).
له بڕگه‌ى كۆتاییدا، گۆڤارى گه‌لاوێژ بۆ مه‌رگى ناوه‌خت و جوانه‌مه‌رگیی بێكه‌س ده‌ڵێت: ((فایه‌ق تۆ كۆچت كرد، به‌ڵام وا مه‌زانه كۆچى بێ ناوان بووه، تۆ شاعیرێكى به‌رزبویت، تۆ له ریزى نیشتماندۆسته‌كاندا بویت، له بیرمان ناچیته‌وه، ناوه‌كه‌ت وا له گۆشه‌ى دڵمانا، فكره‌كانت وا له په‌ڕره‌ى مێشكمانا، ناوونیشانت ون ناكه‌ین، جارێ به‌دوعا تا رۆژى لیقا)).
شینى گۆران و قانع بۆ بێكه‌س
وه‌كو له سه‌ره‌تادا وتم، رووناكبیری ئه‌وه‌نده مه‌زن، به‌م مه‌رگه‌ى فایه‌ق بێكه‌س بێ تاقه‌ت بوون، هه‌ر یه‌كه‌و له ئاست خۆى وشه و لاواندنه‌وه‌ى بۆ ده‌نووسی، ئه‌وه‌تا (گۆران)ى مه‌زن كه هاوڕێى نزیكى بێكه‌س بوو، ئه‌و كاته دیاره له شارى هه‌ولێر بووه، بۆیه شیعرێكى به‌رز بۆ باڵاى به‌رزتر فایه‌ق بێكه‌س ده‌نووسێت، به ناونیشانى (هاوڕێم بێكه‌س!) و سه‌رەتا ده‌نووسێت:
((ئه‌ى فریشته‌ى شیعرى جوان
كۆستى كه‌وتوى هه‌ردووكمان
بۆ ئه‌مجاره بێكه‌سه،
كه وتمان بێكه‌س: به‌سه!
شاعیرێك بو فنان بو
ئه‌داى خورر، خرۆشان بو؛
بۆ باغچه‌ى كزى كوردى
بلبل بو نغمه‌ى وردى))
كه‌مجار هه‌بووه (گۆران) شیعرى وا درێژ بنووسێت، به‌س دیاره وشه‌كانى بۆ فایه‌ق بێكه‌سى هاوڕێى له ده‌ربڕین نه‌وه‌ستاون، بۆیه شیعرێكى پێنج په‌ڕه‌یی بۆ نووسیوه و هه‌رچى له دڵیدا بووه بۆى ده‌ربڕیوه و له دوو دێڕى كۆتایی شیعره‌كه‌شیدا ده‌نووسێت:
((تۆ بڵێ من هاوڕێ:
تا ده‌ستم قه‌ڵه‌م بگرێ
ئه‌نوسم دێر دێر، به‌ن به‌ن:
بۆ بێكه‌س شیعرى شیوه‌ن!))
لاى خۆشییه‌وه، رۆشنفكرى كورد عه‌لى كه‌مال، كه ئه‌ویش هاوڕێیه‌كى نزیكى بێكه‌س بووه، شیعرێك بڵاوده‌كاته‌وه به ناونیشانى (شینى بێكه‌س)، دیاره شیعره‌كه‌ى له شارى هه‌ڵه‌بجه نووسیوه و له بڕگه‌یه‌كیدا هاتووه:
((ئه‌ى فائق بێكه‌س ئه‌ى شاعرى كورد
خاوه‌ن فكرى بكر، خه‌یاڵاتى ورد
ره‌نجت زۆر كێشا له‌رێى نیشتمان
خۆت خسته به‌ند و زنجیر و زندان
مه‌لێ بێكه‌سم چاك ته‌ماشاكه
ته‌ماشاى ده‌شت و چۆڵ و سه‌حراكه
له گه‌وره و بچوك له پیر و جوان
بۆ استقبالت هه‌زاران انسان
له‌رێى هه‌ڵه‌بجه وا چاوه‌ڕوانن
هه‌مو كه‌سى تۆن چاو به‌گریانن
مه‌ڵێ من مردوم نامرى، نه‌مردوى
فه‌له‌ك له ئێمه‌ى هه‌رچه‌ند گوم كردوى))
فایه‌ق بێكه‌س، له راپه‌ڕینى 6ى ئه‌یلولى 1930ى به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى، كه ئه‌و كات ته‌مه‌نى ته‌نیا 25 ساڵ بووه، رابه‌رایه‌تى خۆپیشانده‌رانى ده‌كرد و به دروشم هانى گه‌نجانى ده‌دا، ته‌نانه‌ت له به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانى حكومه‌تى به‌ریتانیاش له‌باره‌ى راپه‌ڕینى 6ى ئه‌یلول، ناوى هاتووه و به ئاژاوه‌گێڕ و نانه‌وه‌ى پشێوى تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن و ناویان به (فایه‌قه فه‌ندى) هێناوه، ئه‌مه‌ش واى كرد دواى برینداركردنى، زیندانى بكرێت و له زیندانیش به‌م گه‌نجییه‌وه شیعره به ناوبانگه‌كه‌ى بنووسێت به‌ناوى (ئه‌ى وه‌ته‌ن مه‌فتونى تۆم).
قانع-ى شاعیرى چه‌وه‌ساوه و بێ نه‌وایان، له‌باره‌ى مه‌رگى بێكه‌س، شیعرێكى پڕ حوزن به‌ناونیشانى (شینه بۆ بێكه‌س) ده‌نووسێت و له گۆڤارى گه‌لاوێژدا بڵاوى ده‌كاته‌وه، كه پێده‌چێت له رۆژه‌كانى سه‌ره‌تاى مه‌رگى بێكه‌سدا نووسیبێتى و تێیدا ده‌ڵێت:
((قه‌ڵه‌مى له ده‌ست (فایق)خسته‌خوار
له‌دنیا ده‌رچوو (بێكه‌س)ى هه‌ژار
بڵێن به گوڵان هه‌ر دیلى خاك بن
له‌من خراپتر دیده غمناك بن
(گۆیژه) هه‌ر بگرى تا ئاخرزه‌مان!
كێ بتلاوێنێ به ئه‌شعارى جوان؟!
با (پیره‌مه‌گرون) پیر و زویر بێ
تا رۆژى مه‌حشه‌ر ئه‌وى له بیر بێ
چونكه دواى (بێكه‌س) بێكه‌س ئه‌كه‌وێ
كه‌س ناوى نابا و هیچ كه‌س نایه‌وێ))
به‌یانییه شوومه‌كه‌ى بێكه‌س
شاعیرى گه‌وره‌ى كورد شێركۆ بێكه‌س، كوڕى فایه‌ق بێكه‌س، له بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆیدا له‌باره‌ى كۆچى دوایی باوكییه‌وه، كه ئه‌و كات ته‌مه‌نى (8) ساڵان بووه، ده‌ڵێت: ((له شارى هه‌ڵه‌بجه و له به‌یانییه‌كى شوومدا، كه هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه، باوكه فایه‌ق بێكه‌س له هه‌ڕه‌تى پیاوه‌تى و جۆش و خرۆشى نیشتمانپه‌روه‌ریی و له گه‌رمه‌ى وه‌رزى شیعرنووسینى خۆیدا و له ته‌مه‌نى (43) ساڵیدا، له‌سه‌ر دۆشه‌كێكى په‌ڕۆ، دواى كۆكه گرتنێكى توند، دڵى گه‌وره‌ى له لێدان كه‌وت و ساردبۆوه و جارێكى دى هه‌ڵنه‌سایه‌وه. ئه‌و تاقه دكتۆره سمێڵ قیته میسرییه‌ى له هه‌ڵه‌بجه بوو، وه‌ختێ له‌گه‌ڵ كاك ئه‌حمه‌د میرزاى ئامۆزاى بێكه‌س-دا گه‌یشتنه ماڵه‌وه، سه‌ماعه‌كه‌ى نا به دڵییه‌وه، دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك لایبرد و به ده‌نگێكى نزم كۆچى دوایی بێكه‌سى راگه‌یاند)).
شێركۆ بێكه‌س، له درێژه‌ى گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و تراژیدیا گه‌ورەیە‌ى ژیانى، ده‌ڵێت: (واقم وڕ و حه‌په‌سابووم، نه‌یشئه‌گریام، شیوه‌نى دایكم و قژڕنینه‌وه و سنگ كوتانى، ئه‌وه‌نده‌ى تر ئێمه‌ى منداڵى تۆقاندبوو، ئه‌م مردنه نه ئه‌چووه عه‌قڵى منداڵى منه‌وه، ئه‌و رۆژه و رۆژه‌كانى دواترن یه‌كه‌مین پرسیارى بوون و نه‌بوونى لا وروژاندم، له دڵى خۆمدا ئه‌موت: بۆچى باوكم مرد؟ مردن چییه؟ بۆ ئه‌مرین؟).
بێگومان كاتێك ته‌رمى بێكه‌س له هه‌ڵه‌بجه‌وه هێنرایه‌وه سلێمانى و له گردى سه‌یوان له ته‌نیشت گۆڕى شێخ مارفى نۆدێ نێژرا، خه‌ڵكێكى ئێجگار زۆرى سلێمانى له پێشوازى ته‌رمى بێكه‌س بوون و له مه‌راسیمى به‌خاك سپاردنه‌كه‌شى هه‌ریه‌ك له رووناكبیر و شاعیرانى وەک (دیلان و كامه‌ران موكرى) وته‌یان پێشكه‌ش كرد.