35
هه‌موو شتێك له‌باره‌ی هاوڕێیه‌تی راسته‌قینه‌ی تاڵه‌بانی و شه‌مزینی
كاتێك دوو نامه‌ی ره‌وانشاد سه‌رۆك (مام جه‌لال تاڵه‌بانی)م به‌رچاوكه‌وت كه پێشتر له دووتوێی هیچ رۆژنامه و گۆڤارێكدا نه‌مدیبوون، كه بۆ ره‌وانشاد و شه‌هیدی ده‌ستی تیرۆر (سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی یان د. عه‌زیز شه‌مزینی) له ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو نووسیونی.
به‌ر له‌وه‌ی شیكاریی بۆ ناوه‌ڕۆك و ئامانجی نووسینی دوو نامه‌كه بكه‌م، پێموایه جێگای خۆیه‌تی ره‌خنه‌یه‌ك له توێژه‌ر و مێژوونووس و میدیاكار و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان به گشتی بگرم، كه گوناحه تێكۆشه‌رێكی مه‌زنی وه‌كو (سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی) كه نه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و چه‌ند جارێک ئه‌ندامی قیادیی بووه له پارتی دیموكراتی كوردستان و تێكۆشه‌رێكی راسته‌قینه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بووه، كه‌چی كه‌مترین وشه و نووسین بۆ ئەم كه‌ڵه پیاوه نووسراوه، هه‌رچه‌نده به شانازییه‌وه من پێشتر وتارێكی تێروته‌سه‌لم له‌باره‌ی خه‌بات و بۆچوون و تا تیرۆركردنی نووسیوه و له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ-دا بڵاوم كردۆته‌وه، به‌ڵام جێگای داخە، كاتێك له (گۆگڵ) بۆ ناوی سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی گەڕام، ته‌نیا وتاره‌كه‌ی خۆم و ژیاننامه‌یه‌كی كرچ و كاڵی له ویكیپیدیا پێدام، به‌داخه‌وه ئه‌م هه‌موو توێژه‌ر و ئه‌كادیمی و مێژوونووسه‌مان هه‌یه، تۆ بڵێی بیریان له تێكۆشه‌رێكی مه‌زنی وا نه‌كردبێته‌وه تا ماسته‌رنامه‌یه‌ك، یان دكتۆرایه‌ك له‌سه‌ر ژیان و خه‌بات و به‌رهه‌م و تێكۆشانی تا تیرۆركردنی، بهێنن، به‌راستی پرسیارێكه و جێگای هه‌ڵوه‌سته‌یه!.
مام جەلال
هاوڕێ راستگۆكه‌ی مام
سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی، كه هاوڕێیه‌كی نزیك و جێی متمانەی سه‌رۆك مام جه‌لال بووه، هه‌ر له پێنجه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، کە له دوای شۆڕشی 14ی ته‌مموزی 1958 به‌سترا و هه‌ردووكیان بوون به ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی، كه ئه‌و كات خوالێخۆشبووان مه‌لا مسته‌فای بارزانی سه‌رۆك و مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سكرتێری حزب بوون، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له مام جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی و نوری ئه‌حمه‌د ته‌ها، ئه‌فسه‌ر بوون له ریزه‌كانی سوپای عیراق، بۆیه ناوه‌كانیان وه‌ك ئه‌ندامی قیادیی پارتی ئاشكرا نه‌كرا، چونكه به پێی یاسای ئه‌و كاتی عیراق ئه‌فسه‌ر و پله‌داری سه‌ربازیی نه‌ده‌بوایه ئه‌ندامی هیچ حزب و رێكخراوێكی سیاسیی بن.
سەید عەزیز شەمزینی
هاوڕێیه‌تی ئه‌م دوو زاته (تاڵه‌بانی و شه‌مزینی) رۆژ دوای رۆژ پته‌وتر ده‌بوو، له دوای پێنجه‌مین كۆنگره‌ی پارتییەوە، ساڵی 1963 كوده‌تا له عیراق روویدا و عه‌بدولسه‌لام عارف و به‌عسییه‌كان هاتنه سه‌ر حوكم و ئه‌مه‌ش وایكرد سه‌ركردایه‌تی كورد به‌خۆیدا بچێته‌وه، بۆیه بڕیاری به‌ستی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی خۆی‌دا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ململانێیه‌ی له‌نێوان باڵی مه‌لا مسته‌فا و به‌شێك له سه‌ركردایه‌تی هه‌بوو، کە مامۆستا (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال) رابه‌رایه‌تییان ده‌كرد، كه دواجار باڵی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له له ته‌مموزی 1964 كۆنگره‌یان به‌ست و 14 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یان ده‌ركرد، كه ئه‌وانیش: (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مام جه‌لال تاڵه‌بانی)، سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی، عومه‌ر ده‌بابه، حیلمی عه‌لی شه‌ریف، عه‌لی عه‌سكه‌ری ، نوری شاوه‌یس و مه‌لا ماتۆڕ و... هی تر بوون).
ئه‌م بڕیاره‌ی كۆنگره‌ی باڵی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، زیاتر سه‌ید عه‌زیز و مام جه‌لال-ی له یه‌كتر نزیككرده‌وه، به تایبه‌ت كه باڵی یه‌كه‌م پێی ده‌وترا (مه‌لایی) و باڵی دووه‌م (جه‌لالی).
نامەی یەکەم
نامه‌ی هاوڕێیه‌تی راسته‌قینه
نامه‌ی یه‌كه‌م، كه مام جه‌لال له 22/5/1967 به ئیمزای خۆی بۆ سه‌ید عه‌زیزی ناردووه، سه‌ره‌تا ده‌نووسێت: (مامۆستای خۆشه‌ویست و به‌ڕێز
هه‌موو كاتێكتان باش!
له‌م به‌ینه‌دا چه‌ند چاپكراو و نامه‌یه‌كم بۆ ناردن، هیوام وایه وه‌رتان گرتبێت، وا له‌گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌ش هه‌ندێك چاپكراوی نوێتان بۆ ئه‌نێرم. كاك (ده‌بابه) لێره‌یه له كۆنفرانسی ئێمه‌دا به‌شداربوو، ره‌نگه نامه‌ی بۆ نووسیبیت، جارێ لێره نیه، به‌و ئه‌ڵێم تفصیلاتی پێویستت بۆ بنووسێت واته كه هاته‌وه بۆ به‌رلین).
بێگومان مه‌به‌ستی مام جه‌لال له كاك ده‌بابه، ره‌وانشاد (عومه‌ر ده‌بابه)یه، كه ئه‌ویش له‌و گروپه بوو كه به جه‌لالییه‌كان ناسراوبوون.
له بڕگه‌ی كۆتایی نامه كورته‌كه‌یدا، مام جه‌لال ده‌نووسێت: (دیاره ده‌نگ و باسی وڵات ئه‌زانیت، واته تبدیلاتی وه‌زاری و شتی وا. ئیتر دووباره خۆشیت هیوامه و زۆر سه‌لام له جه‌نابی باوكت ئه‌كه‌م و هیوام وایه صحه‌تی باش بێت).
به پێی ئه‌و نامه‌یه و نامه‌ی دووه‌میش بێت، مام جه‌لال و سه‌ید عه‌زیز به‌رده‌وام نامه‌یان بۆ یه‌كتری نووسیوه، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی كوردستان و عیراق و پێشهاته‌كان و بۆچوونی خۆیان به یه‌كتری بڵێن.
نامه‌ی دووه‌م
نامه‌ی دووه‌می مام جه‌لال له 11/6/1967 بۆ سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی نێردراوه، واته ته‌نیا 19 رۆژ دوای نامه‌ی یه‌كه‌م، كه دیاره له‌م نێوانه‌دا (سه‌ید عه‌زیز)یش
نامه‌یه‌كی بۆ (مام جه‌لال) ناردووه له 31/5، بۆیه مام جه‌لال له‌سه‌ره‌تای نامه‌كه‌دا ده‌نووسێت:
(هاوڕێی خۆشه‌ویست كاكه سه‌ید
سڵاوێكی گه‌رمی تێكۆشان!
زۆر به گه‌رمی هه‌واڵت ئه‌پرسم و هیوام وایه هه‌ر له خۆشیدابن. ئه‌م نامه‌یه‌ی رۆژی 31/5 نووسیبووت وه‌رمگرت، سوپاست ئه‌كه‌م. بۆ كاك (ناجی) هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌ده‌ین، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی بۆ ئه‌مساڵ زۆر زه‌حمه‌ته هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌وراقه‌كانی لای ئێمه‌یه، هه‌ر فرصه‌تێك بێته پێشه‌وه تقدیمی ئه‌كه‌ین. ئیتر بزانین چۆن ئه‌بێت. كاك ده‌بابه له‌م ناوانه بوو، ماوه‌یه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، نازانم نامه‌ی بۆ نووسین یان نا؟).
مام جه‌لال دواتر، باسی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی (التاخی) و (النور)، بۆ سه‌ید عه‌زیز ده‌كات، كه دیاره له‌و كاته‌دا (التاخی) زمانحاڵی باڵی مه‌لاییه‌كانه و (النور)یش هی جه‌لالییه‌كان، بۆیه ده‌نووسێت: (ده‌نگ و باسی وڵات دیاره ئاگادارن، لای ئێمه‌شه‌وه جارێ هیچی نوێ نیه. مه‌لاییه‌كان له به‌غدا (التاخی/ برایه‌تی) ده‌رئه‌كه‌ن به‌سه‌رپه‌رشتی (یوسف عقراوی). بریاڕ وابوو (النور/ رووناكی) ئێمه‌ش ده‌ربچێت، به‌ڵام تا ئێستا به ده‌ستمان نه‌گه‌یشتووه).
پاشان، مام جه‌لال له‌باره‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی دوازدەیەمی پارتی، زانیاریی بۆ سه‌ید عەزیز شه‌مزینی ده‌نووسێت و ده‌ڵێت: (كۆنگره‌ی دوانزده‌یه‌م له مانگی ئاب دا ئه‌بێت له به‌ینی 15 و 25/ئاب دا. وا (په‌یڕه‌وی ناوخۆ)م بۆ ناردیت له‌گه‌ڵ به‌یانی كۆتایی كۆنفرانس. شته‌كانی پێشوو، له‌مه‌ولا ورده ورده بۆت ئه‌نێرم، چونكه وا دیاره هه‌مووی به‌سه‌ریه‌كه‌وه ناگات. تكایه تۆ له‌گه‌یشتنیان ئاگادارم بكه تا منیش بتوانم ورده ورده بۆتان بنێرم).
پاشان، له درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا، مام جه‌لال تاڵه‌بانی، هه‌واڵی هه‌ندێك هه‌ڤاڵ و دۆست ده‌پرسێت و ده‌ڵێت: ((نازانم (ئه‌میر) له چیدایه؟ وه بۆ چ هیچ ده‌نگ و باسی نیه. كوردی لای ئێمه ئێستا كێ له ئێران ماوه؟ تكایه بۆم بنووسه. (رۆژبه‌یانی) ئێستا چی ئه‌كات؟ مه‌لایه‌تی ئێستا له‌ناو كوردی ئێران دا له چیدایه؟ مه‌وقیفی حكومه‌ت و رۆژنامه‌كان چۆنه؟ هیوام وایه له وه‌ڵامدا ئه‌مانه‌م بۆ بنووسیت. ئومێد ئه‌كه‌م تا ئێستا صحه‌تی باوكت باشتر بووبێت، زۆر سه‌لامی لێئه‌كه‌م و ئه‌حوالی ئه‌پرسم)).
له كۆتایی نامه‌كه‌دا، مام جه‌لال توانج له‌سه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌دات، كه سه‌ره‌ڕای شكسته‌كانیان، كه‌چی هه‌ر له قسه‌ی زلی خۆیان ناكه‌ون و ده‌نووسێت: ((دیاره له رۆژانی رابووردوودا گوێتان له ده‌نگ و باسی (قاره‌مانیه‌تی) عه‌ره‌ب بوو؟ ئه‌وه‌ی سه‌یره ئێستاش له قسه زله‌كانی خۆیان نه‌كه‌وتوون و وازیان له خۆهه‌ڵكێشان نه‌هێناوه؟ به‌خوا بێ شه‌رمن، ئێستا باسی عروبه و شتی وا ئه‌كه‌ن. ئیتر هیوام وایه هه‌میشه له خۆشیابن و له‌كاتێكی زوودا وه‌ڵامتان وه‌ربگرم.
هاوڕێت
ئیمزای مام جه‌لال))
شایانی باسه، سه‌ید عه‌زیز شه‌مزینی له ته‌مه‌نی 81 ساڵیدا و له 14/3/1999 له رووداوێكی ته‌مومژاویدا له شاری ورمێ له حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی‌دا تیرۆر ده‌كرێت و وه‌كو هاوژینه‌كه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه كاتێك گه‌یشتۆته سه‌ری، خه‌ڵتانی خوێن كراوه و ئه‌وانه‌ی تیرۆریان كردووه تا رۆحی ده‌رنه‌چووه وازیان لێنه‌هێناوه.
تێبینی:
بۆ ئه‌م نووسینه، سوودم له كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ید عه‌زیزی شه‌مزینی به‌نێوی (زینده‌گیی من) وه‌رگرتووه كه ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی (محه‌مه‌دی حه‌مه‌باقی)یه و بنكه‌ی ژین چاپیان كردووه.