تایلاند و كه‌مبۆدیا دوو وڵاتی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیان و هه‌ردوو وڵات زۆرینه‌ی دانیشتوانیان سه‌ر به ئایینی بودایین، سیستمی فه‌رمانڕه‌وایشیان پاشانشینه، ماوه‌ی زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت دووچاری شه‌ڕ و پێكدادانی سه‌ربازی سه‌ر سنوور بوونه‌ته‌وه، ئه‌م دۆخه نائارامه‌ی سه‌رسنووری نێوان هه‌ردوو وڵات، گه‌لێك جار ئاڵۆزییه‌كانی تێدا گه‌رم ده‌بێت و له ته‌نیا پێكدادانێكی بچووك و ساده‌وه، خه‌ریكه ته‌شه‌نه بسه‌نێت بۆ جه‌نگێكی گه‌وره و دانیشتوانی ناوچه سنوورییه‌كانی تایلاند و كه‌مبۆدیا ناچاریی كۆچ و ئاواره‌یی كردووه، به‌ڵام ئه‌و پێكدادانه‌ی كه 24ی ته‌مموزی 2025 سه‌ریهه‌ڵدا، له ساڵی 2011 وه وێنه‌ی نه‌بووه و بووه‌ته مایه‌یی ئاواره‌بوونی نزیكه‌ی 300 هه‌زار كه‌س و كوژرانی نزیكه‌ی (40 كه‌س)، هۆكاری ئه‌م شه‌ڕ و پێكدادانانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناكۆكی هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی هێڵی سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوانیان.
هۆكاری سه‌ره‌كی ململانێ و شه‌ڕه‌كه
هۆكاری ئه‌م ململانێ و پێكدادانانه‌ی تایلاند و كه‌مبۆدیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماوه‌ی زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و بۆ سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیزمی فه‌ره‌نسی، كاتێك فه‌ره‌نسا سێ وڵاتی له ناوچه‌ی (هیندی چینی) داگیركرد، ئه‌وانیش بریتی بوون له ڤێتنام له ساڵی 1883 و كه‌مبۆدیا و لاوس له ساڵی 1905دا، ئه‌م ناوچه‌یه به هیندی چینی ناسراوه و ناوده‌برێت، له‌و كاته‌دا فه‌ره‌نسا سنووری نێوان كه‌مبۆدیا و تایلاند دیاری و جێگیركرد، به‌وپێیه‌ی فه‌ره‌نسا كه‌مبۆدیای به‌ڕێوه‌ده‌برد، ئه‌ویش به گوێره‌ی نه‌خشه‌یه‌ك كه كێشانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1907 و به‌گوێره‌ی هێڵی دابه‌شكردنی ئاویی، سنووری نێوان كه‌مبۆدیا و تایلاند ده‌ستنیشان كرا، له‌وكاته‌وه وڵاتی تایلاند ناڕه‌زایی له‌سه‌ر ئـــــه‌م ده‌ستنیشانكردنی سنووره ده‌ربڕیووه، بــەهۆی ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌نجامی ده‌ستنیشانكردنی ســـــنووردا (په‌رســــــتگەی بریـــــــــــافیهید)، كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی یانزه، خرایه سنووری جوگرافی وڵاتی كه‌مبۆدیاوه، بڕوانه نه‌خشه‌ی ژماره (1).
ململانێیه‌كی سونبولی و ئایینی
پەرستگەی بریافیهید، لای ئایینی بودایی پیرۆزی تایبـــــــــه‌تی خۆی هه‌یه و هه‌ردوو وڵاتیش زۆرینه‌ی دانیشتوانیان په‌یڕه‌وكاری ئه‌و ئایینه‌ن، تایلاند مه‌به‌ستێتی ئه‌م پەرستگە مێژووییه پیرۆزه‌ی بودایی بكه‌وێته سنووری جوگرافی خۆیه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌م له پەرستگەی كۆن ده‌كه‌وێته ناو وڵاته‌كه‌وه به به‌راورد به كه‌مبۆدیا، كه كۆمه‌ڵێك پەرستگەی مێژوویی زێڕینی تیادایه به ناوی (ئه‌نگۆر) و تایلاندیش لای خۆیه‌وه وه‌ك وڵاتێكی گه‌شتیاری پێویستی زۆری به‌م پەرستگە و شوێنه‌واره ئایینیانه هه‌یه.
ناكۆكی و ململانێیه‌كان له سه‌ده‌ی رابردوودا
له سه‌ده‌ی رابردووش‌دا چه‌ند جارێك ناكۆكی و ململانێی سنووری له نێوان تایلاند و كه‌مبۆدیا هاتۆته ئاراوه، كۆمبۆدیا بۆ یه‌كلاییكردنه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ساڵی 1959 دا په‌نای برده به‌رده‌م دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی و داوایه‌كی تۆمار كرد، تا له كێشه‌كه بكۆڵێته‌وه و بڕیاری له‌سه‌ر بدات، ئه‌وه‌بوو له ساڵی 1962دا بڕیاری دادگای ناوبراو له به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌مبۆدیا بوو، به‌وه‌ی كه پەرستگەی بریافیهید له سنووری جوگرافی وڵاتی كه‌مبۆدیادایه، هه‌رچه‌نده تایلاند به‌و بڕیاره‌ی دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی رازی بوو، به‌ڵام له ساڵی 2008 دا قه‌یران و ململانێ و كێشه جارێكی دیكه و به‌شێوه‌یه‌كی تر له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا هاته‌وه گۆڕێ، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی له هه‌مان ساڵدا رێكخراوی یونسكۆ پەرستگەی بریافیهیدی له لیستی كه‌لپووری جیهانیدا تۆمار كرد، به‌مه‌ش له ساڵی 2008وه تا ساڵی 2011 رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پچڕپچڕ له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا روویدا و هه‌زاران كه‌س له دانیشتوانی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌ردوولا ئاواره بوون.
كاریگه‌ریی واشنتۆن و په‌كین
له روانگه‌ی جێوسیاسییه‌وه ناوچه‌ی هیندی چینی، نزیكه له چینه‌وه و ئێستاش چین خۆی به جه‌مسه‌رێكی گه‌وره‌ی جیهان و ده‌ریای چینی باشوور ده‌زانێت، له كه‌مبۆدیادا بنكه‌یه‌كی ده‌ریایی سه‌ربازیی به‌ناوی (ریام) له‌لایه‌ن چینه‌وه بونیاتنراوه، كه سه‌كۆی مووشه‌كی و یارمه‌تی لۆجیستی بۆ ژێرئاوییه‌كانی چین زامن ده‌كات، ئه‌مریكا بۆنیاتنان و فراوانكردنی ئه‌م بنكه ده‌ریاییه‌ی چین له كه‌مبۆدیا، به‌مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه داده‌نێت له‌سه‌ر به‌ڵانسی هێز له ده‌ریایی چینی باشووردا، له به‌رانبه‌ردا ئه‌مریكاش پاڵپشتی سه‌ربازی زیاتری پێشكه‌ش به تایلاند كردووه، سه‌رجه‌م ئه‌م پێشهات و رووداوانه‌ش له كاتێكدایه، كه وا بڕیاره سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له مانگی ئه‌یلولی 2025 دا سه‌ردانی چین بكات.
ره‌هه‌ندی جێوسیاسی و جێوستراتیژی
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ململانێ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی نێوان تایلاند و كه‌مبۆدیا ره‌هه‌ندێكی جێوسیاسی و جێوستراتیژیشی هه‌یه، ده‌كرێت له ناوچه‌ی ده‌ریایی چینی باشوور و زه‌ریای هێمندا سه‌رله‌نوێ نه‌خشه‌ی هه‌ژموون و هاوپه‌یمانییه‌كان دابڕێژرێته‌وه و هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا و ئاسیا ببێته ئاڕاسته‌یه‌كی سه‌ره‌كی دژ به هه‌ژموونی چین له ده‌ریایی چینی باشوور و زه‌ریای هێمندا، به‌وپێیه‌ی ستراتیژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی جیهان خۆی له گۆشه‌گیركردن و بچوككردنه‌وه‌ی چیندا ده‌بینێته‌وه، له جیهان به گشتی و له ده‌ریای چینی باشوور و زه‌ریای هێمن به تایبه‌تی.
* پسپۆڕی جێوسیاسی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی