کەرکوکییانە

كەركوك و حەلبوسی

09:36 - 2025-08-13
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
64 خوێندراوەتەوە

ئێمە لە كەركوك پێویستمان بە زمانێكی ئاوەزییە، زمانی ئەقڵ، ئەو زمانەی دەكرێت هەموومان پێوەی پابەندبین، ئەو زمانە لە بنەڕەتدا زمانی پێكەوەهەڵكردن و بریندارنەكردنی هەستی یەكترە، بریندارنەكردنی دیرۆك و كەلتور و داب و نەریتی یەكتر، با من روونتر ئەوە بڵێم، زۆر ناخۆش و تەنانەت ناشرینیشە بە خاتونێكی توركمان بڵێی یاپراغەكەت ناخۆشە، ئاخر ئەو زۆر بە دڵ و بە داو پێچاویەتیەوە، چۆن دەكرێت بەو جۆرە و بەو زمانە تانەی لێبدەی، زمانی ئاوەز ئەوەیە چۆن ئەگەر چێژ لە خواردنەكەش نەبینی، بڵێی بە راستی خۆش بوو، هیوادارم ئایندە جارێكی تر خواردنی دەستی تۆ بخۆم، زمانی ئاوەز زمانی دروستكردنی پەیوەندیە، ئەو زمانەیە كە دەتوانێت برینیش ساڕێژ بكات، برینێك كە كراوەتە جەستەی پەیوەندیی و پێكەوەیی.
بۆ زۆر كەس ئەو زمانی ئاوەزە پێویستە، هاتنەكەی حەلبوسی بۆ كەركوك، زۆر شكۆمەندانە پێشوازی لێكرا، كەچی هەر گەیشتە حەویجە زمانی ئاخاوتنەكەی بە جۆرێك گۆڕا كە ئیدی ئاوەزی تیا نەبینرێت، ئاخر زمانی ئاوەز ئەوەبوو حەلبوسی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ عەرەبی حەویجە باسی برایەتی و پێكەوەژیانی كورد و عەرەبی بكردایە، نەك باسی لادانی فڵان و دانانی فیسار، حەویجە لە دوای 2003ەوە زیاتر لە 1200 خێزانی كوردی لێدەركراوە، هەر لەوێ‌ لەسەردەمی داعش، ئەو قۆناغە هەرە ناشرینەی دیرۆكی حەویجە و عیراق، پێشمەرگەی دیلی دەستی تاریكی لەلایەن خەڵكەوە بەردە بارانكران، دەبوو ئەگەر حەلبوسی ئاوەزدارێكی سیاسی بوایە ئەو برینانەی بیری حەویجە خستبایەوە و بیگوتایە پێویستە ئیتر ئێمە ئەو لاپەڕانە بۆ هەتاهەتا توڕ دەین و لاپەڕەی نوێ‌ هەڵدەینەوە، ئەمە قسەی ئاوەزییە، ئاوەز ئەوە نییە بڵێی ئێمە پارێزگار وەردەگرینەوە و وادەكەین و وادەچین، ئاوەز ئەوەیە بڵێی پارێزگار كورد بێت یان عەرەب و توركمان، دەبێت نوێنەری هەمووان بێت نەك تەنێ‌ نوێنەری لایەنێك، وەك ئەوەی شێوازی دەربڕینەكە و وەرگرتنەوە بەوجۆرەی گوایە نوێنەرێك بۆ عەرەب دادەنێین، ئەم دەربڕینە چەند نائاوەزی و ناشرینە.
ئەگەر حەلبوسی لەخەمی خەڵكی كەركوكدا بێت، نەك لە خەمی كۆكردنەوەی دەنگ كە ئەوەش هەقی خۆیەتی و جێی تانە نییە، دەبوو ئاوڕێكی لەو رابردووە تاریك و پڕ عەرەباندن و بەعساندن و تاراندنەی كەركوك بدایەتەوە و هەروەها زۆر ئاوەزیانە بەهەموو ئەوانەی بگوتایە، كە لە شوێنی ترەوە بۆ داگیركردنی زەوی و زاری كورد هێنراون، با تۆوی برایەتی و پێكەوەیی بچێنین، سەیرە ئەوە بۆ كەسێك بەو ئاوەزە قسە ناكات و هەموو دەڵێن دەبێت قوربانی ئەوەی قەبوڵبێت كە بەسەری هاتووە و نابێت داوای گێڕانەوەی هەق و مافی خۆی بكات، وەك ئەوەی لەگەڵ جووتیار و وەرزێری كورد دەكرێت.
من سەدان وتارم لەسەر كەركوك، خەمی كەركوك، ئازار و ئاریشەی كەركوك نووسیوە، هەر جارێك كە دەمەوێت وتارێكی گەشبینانە بنووسم، هەنگاوێكی نائاوەزیانە بەرنامەكەم لێتێكدەدات، وەك چۆن كۆبوونەوەكەی حەویجە لێی تێكدام .

وتارەکانی نوسەر