کۆچ. یان من بۆ کۆچ ناکەم؟!

10:13 - 2025-08-06
مەحمود شێرزاد
257 خوێندراوەتەوە

شاعیری جوانەمەرگ (مارف ئاغایی) لە شیعرێکدا دەڵێ: (خاک توانای کۆچی نییە / ئەوەیە رازی مانەوەی هەمیشەیی من / لەم وڵاتەدا). 
مارف ئاغایی خەڵکی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، شاعیرێکی دەروەست بوو، بۆی گرنگ بوو بۆ کێ و لەبەر چی دەنووسێت، واتا شاعیرێکی توێکڵخواز (فۆرمالیست) نەبوو، بەڵکو کاکڵخواز (ناوەڕۆکخواز) بوو، ئەو (شێرکۆ بێکەس) و (ئەحمەدی شاملوو)ی پێکەوە کرد بە هاوڕێ، یەکەم کەس بوو شیعری شێرکۆی بۆ شاملوو وەرگێڕا و شاملووی کرد بە یەکێک لە هاوڕێ و خوێنەرانی شێرکۆ بێکەس.
مارف ئاغایی لەم شیعرەی سەرەوەدا دەڵێ: (من بۆیە تا ئێستا کۆچم بۆ هەندەران نەکردووە و لە هیچ بارودۆخێكدا نیشتمانم بە جێ نەهێشتووە، چونکە من خاکی نیشتمانەکەی خۆمم، خاکیش توانای کۆچی نییە). دیوەکەی دیکەی ئەم قسەیە ئەوەیە، بەشێک لەو کەسانەی کۆچ دەکەن، واتە کۆچی بێ ئامانج دەکەن، بێزارن و لە واقیع رادەکەن، پەیوەندیی فکریی و رۆحییان بە نیشتمانەکەیانەوە لاوازە، ئەوانە حەزێک، ئارەزوویەک، کەموکوڕییەک، کێشەیەکی بچووک بە ئاسانی لە شوێنی خۆیانیان هەڵدەکەنێت، یان وەک تەیرێکی کێوی لە هێلانە تەرەیان دەکات و سەری خۆیان بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەڵدەگرن.
 مرۆڤ ئەگەر دەماری فکر و تێگەیشتن و خۆشەویستییەکەی لە خاکی وڵاتەکەی رۆنەچووبێت، بە کزەبای کێشەیەکی بچووک، یان بە رەشەبای حەز و ئارەزوویەکی بێ هەوسار، بە دەردی پشیلە پاییزە و بابردەڵەی دەشت و دەران دەچێت، یانی ئەگەر کەسێک دەماری دڵ و ئەقڵی لە ئەشقی خاک و خەڵکی نیشتمانەکەیدا نەبێ، سەرگەردان دەبێت، یانی سەری وەگەڕ دەکەوێ، دوای ئەوە نە دەتوانێ سەری بە ئاسمانەوە رابگرێ و نە لەسەر زەوی شوێنێکی دەست دەکەوێ سەری لێدابنێت.
مەحمود دەروێش، پەخشانێکی جوانی هەیە بە ناوی: (ئەو وانانەی دەتوانین لە درەختی فێر بین)، پەخشانەکەی لە رووی مانا و ناوەڕۆکەوە لە شیعرەکەی (مارف)ەوە نزیکە، یەکێک لە وانەکان ئەوەیە، دەڵێ: (درەخت لە هیچ حاڵەتێکدا کۆچ ناکات، خۆزگە مرۆڤ ئەم وانەیە لە درەخت فێر بوایە...).
لە مێژ نییە مرۆڤ نیشتەجێ بووە، پێشتر لە پێناو خۆراک و مانەوەدا گەرمێن و کوێستانی زۆر کردووە، بەڵام دوای نیشتەجێبوون توانیوێتی پێداویستییەکان بۆ هەموو وەرزەکان دابین بکات و نیشتەجێ بێت، ئەو نیشتەجێبوونە، بەرە بەرە بۆتە هۆی پەیوەستبوونی ئەقڵ و دڵ و دەروونی بە شوێنەکەوە، تەنانەت وای لێهاتووە شوێنەکەی لەلا ئەوەندە پیرۆز بووە، نازناوی دایکی نیشتمانی پێبەخشیوە و رۆحی خۆی بۆ لەسەر لەپی دەستی داناوە، بەڵام مرۆڤ لە رووی جەستەییشەوە پەیوەست بووە بە شوێنەوە، لە زانستی پزیشکی دێرین و تەنانەت نوێدا دەڵێ: کەش و هەوا و خۆراک و خواردنەوەی شوێنی لەدایکبوون، دەوا و دەرمانن بۆ کەسەکان.
بۆ ئەوەی کۆچ نەمێنێ، مرۆڤ دەبێ لە ئەشقی خاک و خەڵکەکەیدا سەر دابنێت. مەولانا لە (مەسنەوی و مەعنەوی)دا چیرۆکی مراوی و بازێک دەگێڕێتەوە، دەڵێ: (رۆژێک بازێک بە مراوییەکی ناو گۆماوێکی وت: تۆ چی دەکەی لەم گۆمە بچووکەدا؟ بۆ نایەیت وەک من کەمێک دنیا و ئەو دەشت و دەرە ببینیت؟ مراوییەکە لە وەڵامدا بە بازەکە دەڵێ: من خۆم، خۆشم و لێرە سەرم داناوە، تۆ کە ناخۆشی، تۆ کە حەز و ئارەزووە جەستەیی و فکرییە ناجێگیرەکانت ئۆقرەیان لێ بڕیوی، تۆ کە سەرگەردانیت، بڕۆ ئەو دەشت و دەرە بگەڕێ).
فەرەیدوونی موشیری لە شیعرێکدا دەڵێ: ( من لێرە دەمارم لە خاک دایە/ من ئاشقی ئەم نیشتمانە جوان یان ناشیرینەم/ من تا هەناسەم لەبەردامابێ / لێرە دەمێنمەوە). بەس شیعرەکەی مارف قووڵترە، ناڵێ (من دەمارم) لەم خاکەدایە، دەڵێ (خودی خاکەکەم).  

وتارەکانی نوسەر