سیمای سەردەمی ئێستای نووسین کورتبڕیە و لەم پێناوەشدا ئەرک و ئامانجی نووسەر لە پاڵ خەیاڵ و فەنتازیادا، دەکرێ واقیع و چیرۆکی راستەقینەی ناو کۆمەڵگە رەنگڕێژ و وێنابکات و بەرجەستەکردنی دەردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەکانی ئەو نیشتمانەی تێیدا دەگوزەرێ بخاتەڕوو. سەردەمی ئەمڕۆی نووسین زوو گەیاندنی پەیام و ئامانجە نەک گەڕان و توانەوە لە خەیاڵ و فەنتازیا و بەرجەستەکردنی هێما، نا رۆشنیی وشەو مانا!
کورتبڕی و خێرا گەیاندنی پەیامی نووسەر وەک ئەوە وایە، تۆ لە دوکانی ساردەمەنیەکدا داوای پەرداخێک شەربەتی هەنار دەکەیت، پێویست ناکات لە خاوەن دوکانەکە بپرسیت: ئەو هەنارە هی کام شارە؟ هەناری شارەبانە یان هەڵەبجە یان هیران و نازەنین؟ یان بپرسیت: لە کوێ و کەی لە عەلوەکە هێناوتە؟!
تۆ دەتەوێت راستەوخۆ شەربەتێکی هەنار بە ئامادەکراوی بخۆیتەوە، پەیوەندیت بەوەوە نییە کەی و لەکوێ و لە کام باخ هەنارەکە هاتووە؟
رێک نووسینی کورتبڕ بە هەموو ژانرەکانیەوە (شیعر، چیرۆک، رۆمان) وەک ئەو پەرداخە شەربەتی هەنارە وایە، دەتەوێ راستەوخۆ و خێرا بیخۆیتەوە، کورتبڕی نەک هەر لە ژانرە ئەدەبیەکاندا، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی تری وەک هونەر و تەنانەت لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا، دەکرێت سیمای سەردەمی ئەمڕۆی نووسین بێت. بەو مەبەستەی خوێنەر و بینەر و بیسەر، زوو هەزمی دەکات و لە خەیاڵدا دەمێنێتەوە و بەو شێوەیە راستەوخۆ لە ئان و ساتێکی کورتدا مەبەستەکە دەگەیێنێت. ئەو هۆکارەی وایکردووە خوێنەر و بینەر و بیسەر، حەز بە وەرگرتنی بکات، ئەو پێشکەوتنە خێرایەی تەکنۆلۆژیای سەردەمە بەوەی تاکی وەرگری والێکردووە، تاقەتی نەبێت کاتێکی زۆر بەفیڕۆ بدات بە خوێندنەوەی قەسیدەیەکی 10 لاپەڕەیی یان کاتێکی زۆر بە دیار فیلمێکی سێ سەعاتییەوە دانیشێت! هەر ئەو هۆکارە وای لە وەرگر کردووە، 10 پۆستەرە شیعری زۆر کورت بە چەند خولەکێک بخوێنێتەوە، یان بە 40 خولەک سەیری فیلمێک بکات و بێزاریش نەبێت! سایکۆلۆژیەت و بونیاتی مرۆڤی ئێستا و تەکنۆلۆژیای سەردەم، کاریگەریی لەسەر کردووە و تا دێت کاریگەرییەکان چڕتر دەبنەوە تاڕادەیەک توانای تاکەکان کەم دەکاتەوە یاخود دەیوەستێنێت بەوەی، کە لە بۆتەی داوە لە بۆتەی ئەوەی لە جووڵە و کرداری جەستەیی بیرکردنەوە و رامان رای گرتووە!
رێک بۆ کەسی خوێنەریش وایە، بیرکردنەوە و تێفکرین و رامان و لێوەستانەکانی سنووردار کردووە، کە نەتوانێت کاتی خۆی بکوژێت قەسیدەیەکی درێژدادڕ یان چیرۆکێکی درێژ بخوێنێتەوە، لەبری ئەوە حەزدەکات 10 پۆستەرە شیعری کورت یان 20 کورتیلە چیرۆک بخوێنێتەوە! بەو جۆرە وەرگر، کەلتوری بەرهەمە کورتبڕەکان زووتر و خێراتر وەردەگرێت، لەبەرامبەردا بەرهەمە درێژ دادڕەکان، کەمتر دەگات و سەلیقە خاودەکاتەوە!
من دەپرسم ئاخۆ ئەو نووسینەی منیش دەچێتە خانەی کام جۆری نووسینەوە، کورتبڕ یان درێژدادڕ؟!