گەشت و گەڕان بۆ هەر وڵاتێکی دنیا، رووبەڕووی بینینی کۆمەڵێک دیمەنی جیاوازت دەکاتەوە، کە ئەم دیمەنانە هەندێکجار سەرنجڕاکێش و هەندێکجاریش سەرسوڕهێنەرن، لە گەشتە دوو هەفتەییەکەمان بۆ چین، کۆمەڵێک دیمەنی جیاوازمان بینی، مایەی ئەوەیە بینووسین و خەڵکی خۆمان ئاشنابن بەم دیمەنە جیاوازانە.
وێنەگر و مامۆستاکەی
لە دووەم رۆژی سەردانەکەماندا و لە دوای تەواوبوونی خوێندنی وانەکان چووینە (Jiao Lou)، بەداخەوە بەهۆی درەنگی کاتەکەی فریا نەکەوتین تکتی چوونە ژوورەوە بکڕین و پێیان وتین، دەبێت زووتر تکتی چوونە ژوورەوە بەدەست بێنین، لەگەڵ ئەوەدا لەبەردەم شوێنەکە وەستاین و سەیری ئاپۆڕای خەڵک و جۆش و خرۆشیانمان دەکرد، کە چۆن خەریکی وێنەگرتنن، لەپڕ کوڕێکی گەنجی منداڵکار هاتە لامان و داوایکرد ئەگەر ئاسایی بێت وێنەمان بگرێت، بەخۆشحاڵییەوە قبوڵمان کرد و دواتر پیاوێکی بە تەمەن لەگەڵ ئەودا هات و وێنەی گرتین، کوڕە گەنجەکە کە ناوی (Long Zhengxi) بوو، پێی راگەیاندین، کە ئەم پیاوە بەتەمەنە، یەکێکە لە وێنەگرە بەناوبانگەکانی پەکین و ناوی Xu Yong و مامۆستایەتی و رۆژانە لەگەڵیەتی بۆئەوەی فێری وێنەگرتنی بکات.
مامۆستاکەی ئەوەندە بە پەرۆشەوە لەگەڵی بوو، جووڵەکانی پێیوتین چەندە تامەزرۆیە بۆئەوەی خوێندکارەکەی، وێنەکان بە شێوەیەکی نایاب بگرێت و وێنەگرێکی باشی لێدەربچێت، هەر ئەوە بووە مایەی ئەوەی لەم گەنجە بپرسین چۆنە ئاوا بەیەکەوەن؟ وتی: لە رۆژانی داهاتوودا بەیەکەوە گەشت دەکەین و ئامانجی سەرەکیشمان لە گەشتەکە وێنەگرتنە و مامۆستاکەم دەیەوێت زۆرترین سوود لە ئەزموونەکانی وەربگرم.
تونێل و سەوزایی بێشومار
لە رۆژانی ناوەڕاستی گەشتەکەمان و بە مەبەستی بەشداریکردن لە (دووەمین فێستیڤاڵی تەلەفزیۆنی وڵاتانی رێکخراوی هاوکاری شەنگەهای- The 2nd television festival of Shanghai cooperation organization countries) دەبوو گەشتی شارەکە بکەین، (شیان) پایتەختی هەرێمی شناخیە و زیاتر لە 1100 ساڵ پایتەختی چین بووە و شوێنی لەدایکبوونی یەکەم ئیمپراتۆری چینە و سەرەتای رێگە ئاوریشمییەکەیە.
کاروبارەکانی گەشتکردنمان بۆ Xian لەلایەن تیمی (CBIC)یەوە رێکخرابوو، چووینە وێستگەی شەمەندەفەر و لەرێگەی شەمەندەفەری خێرا گەشتمان کرد و لە ماوەی نزیکەی 4.30 سەعات گەیشتینە ئەو شارە.
لە گەشتی نێوان هەردوو شاری پەکین و شیان، سێ خاڵی زۆر سەرنجڕاکێش هەبوون، کە بریتیی بوون لە:
-1 ژمارەی زۆری تونێل و درێژی تونێلەکان، لەمەودای نێوان هەردوو شارەکەدا زیاتر لە (35) تونێل هەبوو، بە شێوەیەک بەشێک لە تونێلەکان زۆر دوورودرێژ بوون و شەمەندەفەرەکە سەرەڕای خێراییەکەی ماوەیەکی دەویست تا تونێلەکەی دەبڕی و دەگەیشتەوە دەرەوەی تونێلەکە.
-2 رووبەڕی زۆری سەوزایی و کشتوکاڵ لە گوندەکان، بە درێژایی ئەو رێگەیە بە دەگمەن نەبێ، هیچ شوێنێکت نەدەبینی سەوزایی نەبێ و کشتوکاڵی تێدا نەکرابێت، کە ئەمە نیشانەی بایەخی وڵاتەکەیە بۆ کاری کشتوکاڵی و لەمانەش سەیرتر سەرجەم گوندەکان ئاوەدان بوون و تەنها لە گوندەکان خانوو دەبینران و جیاواز بوون لە شارەکان، کە بەشی زۆری شارەکان شوقە و باڵەخانەی بەرز بۆ نیشتەجێ بوون، بەڵام لە گوندەکان دیمەنەکە جیاواز بوو، لەنێو سەوزاییەکی فراوان و کشتوکاڵی زۆر چەند خانوویەک هەبوون.
-3 بەدرێژایی رێگەکە، تاوەری بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، بەدرێژایی رێگەی چوون و هاتن لەنێوان هەردوو شارەکە تاوەری بەرزی کارەبایی هەبوون، ئەو تاوەرانەی کە لەرێگەی وزەی خۆرەوە کارەبا بەرهەم دێنن، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە لەم وڵاتەدا لە هەموو بستەخاکێک و لە هەموو بۆشاییەک سوود وەردەگرن و نایانەوێت هیچ بەفیڕۆ بڕوات.
هەمیشە مۆبایل و سەرقاڵ بوون
کە لەنێو بازاڕ، کوچە و کۆڵانەکانی پەکین دەسووڕێیتەوە، یان لە چێشتخانە و ناو میترۆ دادەنیشی،نابینی کەسێکی چینی سەیرت بکات یان سەرنجت بدا، هەموویان سەرقاڵن، لە رێگە رۆیشتن، لەکاتی نانخواردن، لە هەموو چرکەساتێکدا، مۆبایلەکانیان بەدەستەوەیە و سەرقاڵن، راستەوخۆ بیرت بۆ ئەوە دەچێ، ئەم گەلە زۆر هیلاک و ماندوون، هەمیشە سەرقاڵن و ئەوەی بەلایانەوە گرنگە، تەنها ژیانی خۆیانە، لەکاتی دانیشتن سەرنجم دایە مۆبایلی دەستی چەند گەنجێک و لێم پرسین بە چییەوە سەرقاڵن، وەڵامیان دایەوە و گوتیان: سەیری زنجیرە درامای چینی دەکەین.
بە شێوەیەکی گشتی، چینییەکان کەسانی زۆر سەرقاڵن و هەموو ژیانیان لە نێو مۆبایلەکەی دەستیان کۆبووەتەوە و تەماشای دەکەن، ئەوەندەی بیریان لای سەیرکردنی مۆبایلەکەی دەستیانە، نیو ئەوەندە تەرکیزیان لەسەر ئەوە نییە لەسەر ئەو شەقامە کێ تێدەپەڕێ و کێ دەبینن یان نابینن.
ئینگلیزی نەزانین و ئامێری وەرگێڕان
هەمیشە و بە بەردەوامی لە گەشت و گەڕان بەنێو وڵاتانی جیهاندا، نەزانینی زمان کێشەیەکی گەورەیە و بەربەستی بەردەم گەشتی وڵاتانە، بەداخەوە ئەم کێشەیە لە چینیش هەیە، بەڵام جیاوازە.
رێژەیەکی یەکجار کەمی چینییەکان زمانی ئینگلیزی نازانن، بەڵام ئەمە لەبەردەم هیچ چینییەک نەبۆتە کێشە، چینییەکان لەرێگەی دروستکردنی ئامێرێکی زیرەکەوە ئەم کێشەیەیان چارەسەر کردووە، لە ریسێپشنی هۆتێلەکان و شوێنە گشتییەکان چینییەکان ئامێرێکیان دروستکردووە و بەهەر زمانێکی باوی دنیا ئارەزووتە، دەتوانی قسە بکەیت، لەرێگەی ئامێرەکەوە دەیکاتە چینی و وەڵامەکەش بە هەمان شێوە وەردەگریتەوە.
بۆ ئەو شوێنانەی ئەو ئامێرە زیرەکەی لێ نییە، زۆرینەی چینییەکان پشت بە ئەپڵیکەیشنەکان دەبەستن بۆ وەرگێڕان، بە جۆرێک لە هیچ شوێنێک پێویستت بە وەرگێڕ نابێت و دەتوانیت سەرجەم کارەکانی خۆت لەرێگەی ئەو ئامێرە و ئەم ئەپڵیکەیشنانەوە رایی بکەیت.
زۆرترین فرۆشیاری ژن
لە بازاڕ و دوکانەکان، لە مۆڵ و شوێنە گشتییەکاندا، ئەوەی زۆر بەرچاو و دیارە، زۆرینەی دوکاندارەکان و ئەوانەی کار دەکەن لە بازاڕەکاندا ژننن، بە دەگمەن پیاوان دەبینیت لە دوکان و مۆڵەکان کار بکەن، تەنانەت لە هەندێک دوکان فرۆشیاری خێزانیشمان بینی، بەو مانایەی کە ژمارەیەک دوکان لەلایەن کەسانی یەک خێزانەوە بەڕێوە دەبردرێن.
زۆرینەی فرۆشیارەکان کەسانی دەمبەخەندە و پێکەنین بوون، مامەڵەیان خۆش و گونجاو بوو، پێویست بوو لە زۆرینەی دوکانەکان مامەڵە بکەیت و هەمیشە شتەکان بەزۆر کەمتر لەو نرخە دەتکڕی کە داوایان دەکرد، ئەمەش سیمایەکی دیار بوو بەتایبەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان، زۆرجار داوای نرخی 3-4 جار زیاتر لە نرخی خۆیان دەکرد.
کەسایەتی تاکی چینی
کە مامەڵە لەگەڵ تاکی چینی دەکەیت، بە دەگمەن کەسانی مڕو مۆچ و بێدەنگ دەبینیت، هەمیشە دەمبەخەندەن و حەز دەکەن گفتوگۆت لەگەڵدا بکەن، لەمیانی گفتوگۆکاندا دەیانەوێ زۆرترین زانیاریت لەبارەی وڵاتەکەیان پێ بدەن و رێنوێنیت دەکەن بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە وڵاتەکە و شوێنەکانی، ئەگەر ئینگلیزیش نەزانن هەوڵدەدەن لەرێگەی ئەپڵیکەیشنەکانەوە زانیاریت پێ بدەن و تۆش سوودی لێ وەربگری. بە شێوەیەکی گشتی تاکی چینی خەریکی ژیانی خۆیەتی و سەرقاڵە بە کاروبارەکانی خۆیەوە، ئەگەر نەیدوێنیت و پرسیاری لێ نەکەیت وەڵامت ناداتەوە.
شوفێری تاکسی و نەبوونی پارەی کاش
تاکسی وەک یەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی لە چین زۆر بەکاردێت، هەموو کەسێک دەتوانێت لەرێگەی ئەپە تایبەتەکانەوە، داوای تاکسی بکات و بەو نرخەی لە سیستمەکە هەیە دەتگەیەنن، بەڵام لە بەشێکی شوێنە گەشتیارییەکان و ناو بازاڕەکان، لە وێستگەکان تەکسی وەستاون و ئەگەر وریا نەبیت، ئیستغلالت دەکەن و نرخی زیاتر لە نرخی ئاساییان دەوێت. کە لەگەڵ تەکسییەکان دەکەویتەرێ، بەشی زۆریان سەرەڕای نەزانینی زمان، بەڵام حەزدەکەن قسەت لەگەڵ بکەن و بەلانی کەمەوە بزانن خەڵکی چ وڵاتێکیت.
زۆرینەی ئەوانەی پێماندەوتن خەڵکی کوردستانی عیراقین و کوردین، جگە لە یەک شوفێری تاکسی کەسیان نەیاندەزانی کورد چییە و کێن؟ زۆرینەیان دەیانوت ئێران؟ دەبوو بڵێین نەخێر عیراق.
رێژەیەکی یەکجار زۆری سەوزایی و هەوایەکی پاک
لەم وڵاتە گەورەیەی جیهان، لەنێو ئەو هەموو باڵەخانە بەرز و هەوربڕەدا، رێژەیەکی یەکجار زۆری سەوزایی و دار هەیە، بە جۆرێک لە هیچ شوێنێک خاک و خۆڵی ئاسایی نابینیت و لە بچووکترین بۆشاییدا هەوڵدراوە سەوزایی هەبێ، داریان چاندووە و زۆرینەیان تەمەنێکی زۆریان هەیە و لەپاڵ پاراستنیان دەبینیت خزمەتێکی باش کراون و لە شکان و وشکبوون پارێزراون.
تەنانەت یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین ئەو دیمەنانەی بینیمان، لەنێو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبووندا، رێژەیەکی زۆری سەوزایی و پاراستنی دارە بە تەمەنەکان بوو، بە جۆرێک باڵای دارەکان بەقەد نیوەی باڵەخانەکان بەرز ببوونەوە.
ئەم رێژە زۆرەی سەوزایی وایکردووە، چین ئاووهەوایەکی یەکجار پاکی هەبێت و بەدەگمەن نەبێت هەست بە تۆز و خۆڵ ناکەیت و وەک چینییەکان باسیان کرد، رێژەی سەوزایی لە وڵاتەکەیان زۆر زیاترە لە ستانداردی جیهانی خۆی لە نزیکەی %16 دەدات.
خۆبەخشەکان
لەگەڵ گەیشتنمان بە شاری شیان و بە مەبەستی بەشداریکردن لە (دووەمین فێستیڤاڵی تەلەفزیۆنی وڵاتانی رێکخراوی هاوکاری شەنگەهای- The 2nd television festival of Shanghai cooperation organization countries)، لە وێستگەی شەمەندەفەرەکە گروپێک لە گەنجان لە پێشوازیماندا بوون و رێنوێنیان دەکردین، بەدرێژایی رۆژەکان لەگەڵمان بوون، زۆرینەیان تەمەنیان بچووک بوو، هەستت دەکرد منداڵن، کە لێمان پرسین گەنجانی خۆبەخش بوون و بە مەبەستی فێربوون و شارەزابوون لە کاروبارەکان بەشدارییان لەم فێستیڤاڵەدا دەکرد.
خۆبەخشەکان بەجۆرێک کاریان دەکرد و لەگەڵ گروپە میوانەکان تێکەڵ دەبوون، بە ئاماژە پێیاندەوتین ئێمە هاتووین خزمەت بکەین و لێتانەوە فێربین بۆئەوەی لە داهاتوودا بتوانین خزمەتی وڵاتەکەمان بکەین.
ئەم گروپە خۆبەخشانە لەگەڵ ستافی (CBIC)هەماهەنگ بوون و پێکەوە کاروبارەکانی بەشدارییکردن و گواستنەوە و شوێنی دانیشتن و تەنانەت کاروباری سەردانی شوێنەکانیان بۆ رێک دەخستین.
بەشداربووانی گەشتەکەی چین